یەکسانی، بنەمای خێزانێکی بەختەوەر

د.ڤیان سلێمان
09/02/2021

هاوسەرگیری پرۆسەیەکی پڕ بەرپرسیاریەتییە و ویستی ڕۆحی و دەروونی و بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و ئابووری پاڵنەری مرۆڤن بۆ چوونە نێو ئەو پرۆسەیە. چەندین فاکتەری جۆراوجۆر ڕۆڵیان هەیە لەوەی کە ئەو پرۆسەیە ساخلەمانە دەست پێ بکا و بەردەوامی هەبێ، لە هەمووی گرنگتر بوونی زۆرترین خاڵی هاوبەش وه‌ك: تەمەنی یاسایی و پێگەیشتنی تەمەنی عەقڵی و دۆخی ویژدانی و ده‌روونی و فکری هەردوو لایەنی پێکهێنەری پرۆسەکەیە، کاتێک دوو مرۆڤ بڕیار دەدەن خێزان دروست بکەن و پێکەوە بژین، پێویستە ئەو دووانە ئامادە بن بۆ چوونە نێو پرۆسەیەکی ژیانکردنی پێکەوەیی لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی و بەرپرسیاریەتی هاوبەش، لەو پرۆسەیەدا کەسێک موڵک و ئەوی دیکە خاوەندار نییە.
ئافرەت و پیاو دوو مرۆڤی جیاوازن لەڕووی ڕەگەزی بایۆلۆژی و باری فیزیکی و تایبەتمەندییە دەروونییەکان، بەڵام یەکسانن لەڕووی بەها و پێگەی مرۆڤبوون، توانا و ژیری و زیرەکی موڵکی ڕەگەزێکی دیارکراو نین، فاکتەرەکانی ژینگە و پرۆسەی فێربوون و پێگەیاندن ڕۆڵیان هەیە لە پێگەیاندنی مرۆڤ لەڕووی فکری و دەروونی. ئەو بڕوایەی پلەی یەکسانی نێوان هەردوو توخمی مرۆڤ ناهاوسەنگ دەکا و ڕەگەزێک دەکاتە سەردەستە و باڵادەست و ڕەگەزەکەی دیکە ژێردەستە و گوێڕایەڵ، بێ بنەما و نالۆژیکییە و لە ڕاستیشدا سەرچاوەی هەموو کێشەکان و نائارامییەکانی خێزانە. هەرکات یەکێ لەو دوو مرۆڤە بە تەنها بوو بە سەرۆک و لیدەر و بەڕێوبەر و ئەوی دیکەش گوێڕایەڵ و جێبەجێکار، ئەوا خێزان یەکێ لە بەها گرنگەکانی لە دەست داوە، کە یەکسانییە و ئەوەش پەل دەکێشێت بۆ درووستبوونی کێشەگەلێكی جۆراوجۆر.
کاتێک پیاو خۆی بە خاوەنی ئافرەت بزانێت و ئەو وەک بەشێک لە سامانی خۆی ببینێت، ئەوکات خێزان لە بری ئەوەی شوێنێک بێت بۆ پێکەوەژیان، دەبێتە پانتاییەک بۆ پێکەوەهەڵکردنێکی ناچاری و پڕ نادادی و ستەم، لەو دۆخەدا منداڵیش زیانی گەورەی بەردەکەوێ و بەها باڵاکانی ژیانیش لە یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی بوونیان نابێت، لەو دۆخەدا بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگەش زەرەرمەند دەبێت، وەک دەزانین هەلومەرجی ئافرەت بنەماییترین پێوەری پێشکەوتنی جڤاکە. ئافرەت موڵکی پیاو نییە، بەڵکو مرۆڤێکی سەربەخۆی پێگەیشتووە و خۆی بەرپرسە لەخۆی، تا ئەو پەیوەندییە ڕاست نەکرێتەوە و ئاڵوگۆڕی لە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دروست نەبێ، خێزانێکی سەرکەوتوو و کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو بوونی نابێت.
ئەگەر بمانەوێ بەشێوەیەکی بنچینه‌یی بە دوای چارەسەری کێشەکان بین ، ده‌بێ سه‌ره‌تا بەدوای ڕێککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو ڕەگەزە لە ژیانی هاوسەری بین؛ دەبێت گۆڕانکاری لە تێگەیشتنی پیاو بۆ پێگه‌ و ڕۆڵی ئافرەت له‌ پرۆسەی هاوژینی و چەمک وپێناسه‌ی خێزان بکەین، لەهەمانکات دوورکەوینەوە لە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان و بە شەیتان زانینی ڕەگەزێ و بە سروشت توندوتیژ كردنی ئه‌ویتر وەک گریمانەیەکی پێشوەختە و نەگۆڕ. بەڵکو دەبێت بڕوامان بەوە هەبێت کە ئەوە كه‌ڵكه‌بووی ڕێڕه‌و و شێوازی پێگه‌یشتوویی مرۆڤ به‌ درێژایی مێژووه‌ كه‌ بوویته‌ کولتور و له‌ پەروەردە و هزری کۆمەڵایەتی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و ڕه‌وایی به‌ گه‌شه‌ی هزری تاكڕه‌وی و ڕۆڵی باڵادەستی و خۆپەسەندی له‌ ڕه‌گه‌زی پیاو داوه‌ . ئێمەی ئافرەت هەرگیز خوازیار نیین؛ ببین بە ڕەگەزی باڵادەست و ڕۆڵەکان ئاڵۆگۆڕ پێ بکەین، لە هەمانکات دەبێت بوێر بین لە ڕەتکردنەوەی ئەو ئیرادەیەی کە دەیەوێت سەروەری و کەسایەتیمان پێشێل بکا و مامەڵەی ڕەگەزی دووەممان لەگەڵ بکا، هەرگیز نابێ رازی بین بە تەرازووی لاسەنگ لە ژیانی هاوژینیدا؛ هاوژینی شکۆ دانە بەیەک، شاندانە بەر قورساییەکانی ژیان وەک یەک، بەشکردنی خۆشی و ناخۆشییەکان و هەڵگرتنی باری یەکدییە، پێکەوەژیانە لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی، سازش و لێبوردەیی وەک یەک.
پرۆسەی هاوژینی بەر لەهەر شتێک هەڵگری پەیامێکی ئینسانییە و پێویستە ڕەهەندی مرۆڤایەتی و ڕۆحی بناخەی ئەو پێکەوە ژیانە بێت لە نێوان هەردوو هاوژیندا، پیاو خاوەنی هاوژینەکەی نییە، باوک خاوەنی کچەکەی نییە، برا خاوەنی خوشکەکەی نییە، بەڵکو ئەوان هاوژینی یەکن، ئەوان باوک یان برای کچ و خوشکەکانیانن، پێویستە؛ پەیوەندی لێبوردەیی و خۆشەویستی پێکەوەیان ببەستێتەوە، نەک خاوەنداری. هەر کاتێک پەیوەندی ئەم دوو مرۆڤە یاخود ڕاستتر تێڕوانینی پیاو بۆ ئافرەت لە خاوەندارییەوە گۆڕا بۆ پێکەوەژیانی و هاوژیانی؛ ئەوکات کێشەکان فۆرمێکی ئاسایی وەردەگرن و چارەسەریشیان ئاسانتر دەبێت و خێزان ده‌بێته‌ بنكه‌یه‌ك بۆپێگه‌یشتوویی، ئامێزێك بۆ خۆشه‌ویستی و په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ئارامی تاكه‌كانی. ئێمه‌ و كادره‌ ماندوونه‌ناسه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌مان؛ یه‌كێتی
ئافره‌تانی كوردستان؛‌ له‌ پێناو به‌دیهێنانی ئه‌م دیده‌ و جێكردنه‌وه‌ی له‌ دید و تێگه‌یشتنی تاك و كۆمه‌ڵگا له‌ بزاڤی هۆشیارانه‌ی فێمینیستیمان به‌رده‌وامین.


Designed and developed by AVESTA GROUP