ئافرەت، لە ئابوری سەربەخۆوە بۆ سەربەخۆیی کەسێتی

د.ڤیان سلێمان
22/02/2021

لە نێوان داهاتی سەربەخۆ و سەربەخۆیی تاک پەیوەندییەکی هاوتەریب هەیە، چەند مرۆڤ خاوەن داهاتی سەربەخۆ بێت بەو ئاستە لە پاشکۆیی و پابەندی کەسانی دیکە و سەربەخۆیی خودی نزیک دەبێتەوە، بە درێژایی مێژوو ئابوری ڕۆڵێکی گرنگ و سەرەکی هەبووە لە بەخشینی پێگە و دەسەڵات بە مرۆڤ و هەر سەرەتای دروستبوونی ناهاوسەنگی و نایەکسانی لە نێوان مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە بۆ بارگۆڕانی کۆمەڵگەی مرۆیی لە ئەنجامی هاتنەکایەی خاوەنداری تایبەت و دەستگرتنی پیاو بەسەر سەرچاوەکانی سامان و بەرهەمهێنان، هەربۆیە لەگەڵ ئەوەی کە تاکە فاکتەر نییە، بەڵام ئابوری ڕۆڵێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی لە گۆڕینی بارودۆخی ئافرەت لە پاشکۆیی و پلەدووییەوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی، هەیە.
کاتێک ئافرەت خاوەن داهاتی سەربەخۆ بێ و وابەستەی پیاو نەبێ لە دابینکردنی پێداویستیەکانی ژیان، ئەوا لە ئاست پێشێلکردنی مافەکانی بێدەنگ نابێ، بەڵام دەسکەوتنی داهات و گەیشتن بە ئابوری سەربەخۆ ڕێوشوێنی خۆی هەیە و پێویستی بە توانا و ئیرادە، دەرفەت و زەمینە هەیە. دابەشکردنی ڕەگەزیانەی کار و پۆڵێنکردنی جۆری کار لە نێوان ئافرەت و پیاو بەپێی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان؛ یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکان و ئاستەنگێکی سەرەکییە لە بەردەم پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئابوری خێزان و کۆمەڵگە، ئەم بارودۆخە لە کوردستانیش بەرچاوە، سەرەڕای هەموو پێشکەوتنەکان و گۆڕانکاری بە ئاڕاستەی کرانەوەی کۆمەڵایەتی، بەڵام تا ئێستاش بازاڕی کار بە شێوەیەکی بەرچاو سیمایەکی پیاوانەی هەیە و ئامادەیی ئافرەت لە بازاڕی کاردا جێی دڵخۆشی نییە، ئەمەش هۆکاری سەرەکی لاوازی باری ئابوری ئافرەت و وابەستەیی ئافرەتە بە پیاو لە ڕووی ئابوری، کە ئەوەش کاریگەری تەواوی لەسەر لایەنەکانی دیکەی ژیانی ئافرەت دەبێت.





بەڵگەنەویستە، کە ئافرەتی هۆشیار هەرگیز ڕازی نییە بەوەی لەڕووی ئابورییەوە بە پیاو وابەستە بێ، نزمی ئاستی بەشداری ئافرەت لە هێزی کاردا بە واتای ئەوە نییە، کە خودی ئافرەت مەیلی کارکردنی نەبێ و ویستی بەدەستهێنانی ئابوری سەربەخۆی نەبێ، بەڵام ئافرەت ڕووبەڕووە لەگەڵ دەیان ئاستەنگ و گیروگرفت، لەهەمووی گەورەتر: ڕێگری خێزانی و داب و نەریت و دابەشکردنی ڕەگەزیانەی کاریان جیاکاری لە بوار و پانتایی ڕۆڵی هەردوو ڕەگەز، ئەمە سەرباری کەمی دەرفەتی کار و نەبوونی متمانە بە کەرتی تایبەت. تا ئەوکاتەی جیاکاری لە پیشەکان لەسەر بنەمای ڕەگەز بکرێت و هەندێک بواری کار بۆ ڕەگەزێک قۆرغ بکرێت، یەکسانی جێندەری و کاری ئافرەت لە هەندێک بوار بە نامۆ و جێی سەرنج بزانرێت، ئەوا، ئێمە لە قۆناخی دابەشکاری ڕەگەزیانەی کارین، نەک جێندەریانەی کار، ئەوا ئافرەت لەگەڵ چوونە دەروەی بۆ بازاڕی کار ڕووبەڕووە لەگەڵ چەندین ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و خێزانی.
مانەوەی وابەستەیی ئافرەت بە پیاو لەڕووی ئابورییەوە؛ ئەوان لە دۆخی پاشکۆیی و پلەدووییدا دەهێڵێتەوە و ڕێگەی سەربەخۆبوونیان بۆ مەحاڵ دەکات، ڕەچاوکردنی هەندێک بەها و نەریتی دواکەوتوو لە چوارچێوەی ماڵ دەیانهێڵێتەوە و دەرفەتی گەشەسەندنی توانا و لێزانییەکانیان لێدەگرێت، هەربۆیە هیچ ڕێگایەکی دیکە لە پێش ئێمەی ئافرەت نییە، جگە لە گرتنەبەری هەنگاوی بوێرانە و شکاندنی ئاستەنگەکانی داب و نەریت، هۆشیاربوون لە گرنگی هەبوونی داهاتی سەربەخۆ وەک بناغەیەک بۆ ئازدی و ڕزگاربوون لە پاشکۆیی و وابەستەیی، بەڵام وەک وتمان ئەم پرسە پەیوەندی بە کۆمەڵگە و تێگەیشتی کۆمەڵگە بۆ ڕۆڵ و کاری هەردوو ڕەگەز هاوکات بوونی پلان لەلایەن حکومەت و کەرتی تایبەت هەیە.
پرسی بەشداری ئافرەت لە بازاڕی کار و سێکتەرەکانی ژیان پیویستییەکی ستراتیژییە و یەکێکە لە پێوەرەکانی گەشەسەندن، هەرێمی کوردستان خاوەن سەرمایەی مرۆیی و سروشتییە و بە کۆمەڵگەیەکی گەنج ناسراوە، هاوکات بەپێی ئامارەکان لەسەر ئاستی خوێندنی باڵا و بوونی (١٤) زانکۆی حکومی و دەیان زانکۆی ئەهلی ڕێژەی قوتابی کچ و کوڕ لە زانکۆکاندا یەکسانە، ئەم ڕێژە زۆرەی قوتابی کچ لە زانکۆکان دەکرێ وەبەرهێنان لە تواناکانیان بکرێ و تێکەڵی بازاڕی کار بکرێن، بەوپێیەش، بازاری کار سیمایەکی شارستانیانە و یەکسانی هەبێت و ئەو ژمارە زۆرەی قوتابیانی کچیش گیرۆدەی مانەوە لە چواردیواری ماڵ و پاشکۆیەتی ئابوری پیاو نەبنەوە، بەو شێوەیەش کۆمەڵگە بەرەو پێشکەوتوویی ئاڕاستە دەگرێ.


Designed and developed by AVESTA GROUP