مەردی و لێهاتووی ئافرەتی کورد لەکەدارمەکەن

نیان ئه‌حمه‌د
22/02/2021

 
 نزیکی مانگی سێ، ڕۆژی  ئافرەتانی جیهان 8ی مارس دەبینەوە وەک نەریتی ساڵانە ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و ژنان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەم ڕۆژە بەچەند چالاکیەک کە خزمەت بە ئافرەتانی کوردستان بگەیەنێ بە بێ جیاوازی لەگەڵ پێکهاتەکانی کوردستان.
ئەگەر به‌راورد بکرێت لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر ڕەوشی ئافرەتانی کوردستان زۆر باشترو پێشکەوتووترە لەچاو ئافرەتانی دیکەی ئەو وڵاتانە. لەکوردستان مافەکانی ئافرەتان لەیاساکان جێگیرکراوە ئەو یاسایانەی  تایبەتبوون بە باری کەسێتی گۆڕانکاری تێدا کرا لەبەرژەوەندی ژنانی کوردستان ، بەڵام هێشتا لە تموحی ئێمەدا نیە،ئەرکی ئافرەت زۆر قورسە بەتایبەتی ئەگەر ئافرەتێکی بەڕێگەو پێگە بیت، هەموو چاوەکان لەسەری دەبێت، ئەم چەند ڕۆژە  میدیاو سۆشیال میدیا سەرقاڵکراوە بە باس و خواسی کۆمەڵێک ئافرەتی مۆدێل (فاشن) کاتێک تەکنەلۆژیا کاریگەربوو بەسەرپێشکەوتن و بیرکردنەوەی  هەموو مرۆڤایەتی بەبێ جیاوازی ئیتر دەبێت چاوەڕێی هەموو گۆڕانکاریەک بکرێت لە کۆمەڵگە لە هەموو کایەکانی ژیان، بەڵام بەپێی کۆمەڵگاکان دابەش دەکرێت، کۆمەڵگای پێشکەوتوو چۆن مامەڵەی پێدەکات بۆ کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی جیهانی سێەم بەرکاهێنانی دەگۆڕدێت چۆن چی بەکاردەهێنرێت.
 بێگومان کۆمەڵگای کوردیش بەدەرنییە لەو تیژڕەویەی تەکنەلۆژیا، ئەو ئامێرانەو بینینی  کۆڕانگاری کۆمەڵایەتی و ئابوری و ڕۆشنبیری و هونەری هەرهەموویان بە هۆی تەکنەڵۆژیاوە هەموو جیهانی پێکەوە بەستووەتەوە وەک کاری بزنسی لێهاتووە هەموو جیهانی لە تۆڕێکدا کۆکردوەتەوە بووە بەگوندێک، هەر بۆیە کۆمەڵگه‌ی کوردیش زۆر تا کەم سودمان لێبینووە، بەڵام بەداخەوە لایەنی نەرێنی زاڵترە بەسەر لایەنە ئەرێنی و بەنەزانینی سود وەرگرتنمان لەم تۆڕە بەخراپ شکاوەتەوە بەسەر کۆمەڵگاکەماندا. ئەوەی زۆر بەربڵاوە و هەستی پێدەکەین تەکنەلۆژیا  هۆکاری سەرەکیە کە  ئافرەتی کورد کراوە بەکاڵا، هەرلایەنێک بەپێی خواستی خۆی سود لە کۆمەڵێک ئافرەت وەردەگرێت، لە لایەک دەکرێن بە مۆدیل لەلایەکی ترەوە دەکرێنە ریکلامی بازرگانی بۆ برنج و بەهارەت ، دەکرێن بە ئەستێرەی سۆشیال میدیا و کەناڵەکان، دەکرێنە کەسێکی دیار لەناو حزب و دەسەڵاتەکان، لایەنێکی دیکە دەرفەت لەم وەزعە وەردەگرێت حیجابیان لەسەردەنێن، ئەمە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ شکستی پەروەردەی خێزان و پەروەردە تێیدا غائیبە، کۆمەڵگه‌کەمان بەئاراستەی هەڵوەشاوەیی و پەرت و پارچە پارچە ڕێچکەی گرتووە، هەریەکە و بەلایەکدا پەل دەهاوێ، مەبەستەکە ئەوەیە لە ئافرەتی کورد بدرێت ئەم ئافرەتانە نموونەی ئافرەتی کورد نین ونابێت، بەسەدان ئافرەتی خوێندەوارو ڕۆشنبیرو خاوەن بڕوانامەو زمانزان و ڕوناکبیر وچالاکمان هەیە ،ناکرێت ئەم خڵتە کەمە هەموو  کچان و ژنانی کوردی پێ بشوپهێنن. ئافرەتی کورد بوێرن، چاونەترس بەشەهامەت و خەباتکارن، شێرە ژنن وهاوکارو خۆبەخشن بۆ کۆمەڵگاو خێزانەکانیان لەهەموو شۆڕش و ڕاپەرین و خه‌باتدا ئافرەتی کورد پشکی شێری بەرکەوتووە لە مه‌یدان بووە بە بێ جیاوازی شانبەشانی پیاوەکان ڕۆڵی خۆی بینووە، ناکرێت بەهۆی چەند ئافرەتێک ناوی ئافرەتی کورد لەکەدار بکرێت، ئه‌وانە خڵتەی کۆمەڵگان چەند ئافرەتێکی ساویلکە وهەڵخه‌ڵەتاو و ناهۆشیارو ناڕۆشنبیرن،ئەگەرنا بۆ وا بەئاسانی دەکەونە ڕاوی پیاوانی پارەدارو بزنس و سۆشیال میدیاو ڕاگەیاندنەکانەوە، کۆمەڵگه‌ی کوردی پێ ناشرین دەکرێت.
لەڕێگەی ئەم نوسینە بە ڕێكخراوەکانی ئافرەتان و ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی کە داکۆکی لە مافەکانی ئافرەتان دەکەن تکایە سنورێک بۆ ئەم حاڵەتانە دابنرێت تا نەبووە بەدیاردە، هەست دەکرێت بە بەرنامە و پیلاندانانی هەندێ ووڵاتانی دەوروبەر دەیانەوێ پیرۆزییەکانی ناوکۆمەڵگه‌ی کوردی بشێوێنن و لەکەداری بکەن، ئینتما بۆ یاساو ڕێساو نەریتە کوردەوارییەکان نەمێنێت و لەناو بچێت، باشە ئەم هەموو مۆدێلەمان بۆچییە لەکاتێکدا نەمارکە و براندمان هەیە نەکۆمپانیای دیزاینەری کوردستانیمان هەیە، هەیە و نیە ئەو جلە تورکیانەیە كه‌ هاوردەی کوردستان دەکرێت ئەویش ئەو بوکانەی جامخانەکان  بەسەو زیادیشە.


Designed and developed by AVESTA GROUP