ده‌ستكه‌وته‌كانمان هاوتا نییە بە قەبارەی سامانی مرۆیی و توانا و لێهاتووییمان

د.ڤیان سلێمان
08/03/2021

هەشتی مارس بۆ هەموو ئازادیخوازێک مانا و تایبەتمەندی خۆی هەیە، ڕۆژی یادکردنەوەی قوربانیدانی ئافرەتە بۆ مافی یەکسان و شانازیکردن بە ئامانجە بەدەستهاتووەکان، ڕۆژی هەڵوەستەکردنە لە هەلومەرجی ئێستا و ناڕەزایەتییە لە نادادییەکان و پێداگریی و تێکۆشانە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و هەلومەرجی یەکسان بۆ ئافرەت و پیاو.
بەوپێیەی ئافرەتان لە سەرانسەری جیهان و گشت قۆناخەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دوای نەمانی کۆمەڵگەی دایکسالار ڕووبەڕوو بوون لەگەڵ چەوسانەوە و ستەم و، بەردەوامیش لە تێکۆشان و ئاڵەنگاری هەلومەرجی سەپێندراودا بوون؛ بۆیە گشت ئافرەتان هەشتی مارس بە ڕۆژی خۆیان دەزانن و دەتوانم بڵێم هەشتی مارس بۆنەیەکی جیهانگیرە بۆ سەرجەم ئافرەتانی ئازادیخواز لە هەر پێکهاتەیەکی نەژادی بن.
لە هەرێمی کوردستاندا؛ ڕۆژی هەشتی مارس بە چالاکی جۆراوجۆر و شێوازی تایبەت لەسەر ئاستی فەرمی و جەماوەری و میدیایی یاد دەکرێتەوە، پرسی ئافرەتیش یەکێکە لە پرسە جێی باس و گرنگی پێدراوەکان. ئافرەتانی کوردستان لە مێژوودا ڕۆڵی گەورەیان لە قوربانیدان لە پێناو پرسی نەتەوەیی هەبووە و بیری یەکسانیخوازی لای ئافرەتی کورد مێژوویەکی دێرینی هەیە، تەنانەت ئافرەتانی کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکانی مێژووی گەلی کوردستاندا ڕۆڵیان لە بواری فەرمانڕەوایی هەبووە.
لەمڕۆشدا ئافرەت بەشدارە لە هێزی کار، کایەی سیاسی، بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، ئافرەت لە دەسەڵاتی دادوەری و هێزەکانی ناوخۆ و بواری بازرگانیش بوونی هەیە، لە بواری یاساییدا چاکسازی کراوە و هەرێمی کوردستان خاوەن یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانییە و دامودەزگای تایبەتمەند بە پاراستنی ئافرەت لە توندوتیژی دامەزراون، ده‌یان ڕێکخراوی تایبەتمەند بە پرسی ئافرەت بوونیان هەیە، یەکەکانی یەکسانی جێندەری لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم کراونەتەوە.

لێرەدا بە شێویەکی واقیعی لەم پرسە دەدوێم، نادیدەگرتنی دەستکەوتەکان و پیشاندانی تەواوی بوونی ئافرەت وەک قوربانی و ژێردەستە، لەبەرچاونەگرتنی ڕۆڵی ئافرەت لە بوارە جیاوازەکان، بێ بەهاکردنی گەیشتنی ئافرەت بە دەسەڵات، بە گرنگ نەزانینی ئەو چاکسازییانەی لەم پرسەدا کراون. وەک هەندێک کەس و گروپ لە سۆنگەی دژایەتیکردنی ئەزمونی هەرێمی کوردستان پەنای بۆ دەبەن، لە کاتێکدا خزمەت بە پرسی ئافرەت ناکات، لە هەمانکات لێدانە لەم پرسە و بەکارهێنانیەتی بۆ مەرامی تایبەت و خزمەتکردنە بە ئەجیندای سیاسی جیاواز.
هەمانکات ئەوەش دەبینین، کە ئەوەی پێیگەیشتووین هاوتا نییە بە قەبارەی سامانی مرۆیی و توانا و لێهاتوویی ئافرەت، پرسی ئافرەت بە تەنها بریتی نییە لە گەیشتنی دەستەبژێرێک لە ئافرەتان بە پێگەکانی دەسەڵات، پرسی ئافرەت پرسی گشت ئافرەتان و پرسی کۆمەڵگەیە، پرسی ئافرەت پرسێکی سیاسییە و پێویستە وەک مەسەلەیەکی ستراتیژی لە پێشینەی گرنگیدانەکان و هاوتای پرسی ڕزگاری نیشتمانی بێ، پرسی ئافرەت پرسێکی کۆمەڵایەتی و کولتورییە و ئافرەتان تا ئەوپەڕی گیرۆدەی بیروباوەڕی کۆمەڵایەتی و کولتوری و داب و نەریتە پارێزکارەکانن، پرسی ئافرەت پەیوەندارە بە ئابووری و ئافرەتان کەمترین ڕێژەیان لە هێزی کاردا هەیە، لە سەرجەم کایەکانی بەڕێوەبردن و جومگەکانی ژیان نایەکسانی لە ئامادەیی ئافرەت لەچاو پیاودا هەیە، بەڵام ئێمە دەبێ ئەوە نادیدە نەگرین، کە دەسەڵاتی سیاسی و حکومەتی هەرێم بە گوتار و بە کردار پشتیوانی پرسی ئافرەتن.
لە سۆنگەی پشتیوانیی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی لە بزوتنەوەی ئافرەتان، جێی خۆیەتی کە ئێمەش هێزی پشتیوانی حکومەت بین و پشتیوانی حکومەتیش زیاتر بەدەست بێنین بۆ بەرەوپێشبردنی پرسەکەمان، ئەوەش کاتێک ڕوودەدات، کە ئێمە واتە ئافرەتانی کوردستان بەبێ جیاوازی بیروڕا و دونیابینی وەک بزاڤێکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی خاوەن ڕوانگەی ستراتیژی بین بۆ پرسی ئافرەت و پرسەکانی دیکەی گرێدراوی نەتەوە و نیشتمان. هاوکات خاوەن سەنگی جەماوەری بەهێز بین لەنێو ئافرەتانی کوردستاندا، کایەی سیاسی و هەر بوارێکی دیکە کە باوەڕی باوی کۆمەڵگە بە بوار و کایەی ئێمەی نەزانیوە، پێچەوانە بکەینەوە و خۆمان بە هاوبەش و ئەرکدار بزانین لە گشت کایەکانی دەسەڵات و تەوەرەکانی ژیان.   لە سۆنگەی ڕۆڵ و قوربانیدانی ئافرەتانی کوردستان لە قۆناخەکانی خەباتی ڕزگاری نیشتمانی و لە سۆنگەی باوەڕی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان بەو ڕۆڵە، کاتی ئەوەیە؛ ئەوەی کراوە فراوان و زیاتر بکرێت و پرسی ئافرەت وەک پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوری جێگیر بکرێ، کاری هەمەلایەنە بکرێ بۆ دەستکاریکردنی بەها کولتورییەکان و تێگەیشتنی کۆمەڵگە لەوەی کە ڕووە ئینسانییەکەی ئافرەت ببینێ نەک بایەلۆژییەکەی، ئاستی بەشداری ئافرەت لە سیاسەت و ئابووری و گشت کایەکان بەرزبکرێتەوە و یاسای پێشکەوتوو بۆ بەدیهێنانی یەکسانی جێندەری دەربکرێت.
هەرێمی کوردستان، لە قۆناخێکی سەختی ئابووری و هەستیاری سیاسی و گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتوریدایە، بەڕێوەبردنی ئابوری خێزان و پێویستیەکانی هێزی کار و بوژانەوەی بازاڕ و کشتوکاڵ و ڕزگاری نیشتمانی و دەربازبوون لە قەیرانەکان؛ پێویستیان بە وزەی ئافرەت هەیە، مه‌رجی  بنه‌ڕه‌تی بۆ ژیانی مرۆڤانە و  پێوەری پێشکەوتنی سیستەمی بەڕێوەبردن؛ تەنها ئەوەیە ئافرەتان چەند لە مامەڵەی مرۆڤانە بەهرەمەندن و چەند لە جومگەکانی بەڕێوەبردن و سیاسەتکردن بەشدارن!.
هەشتی مارس لە گشت ئافرەتانی کوردستان پیرۆز بێت.


Designed and developed by AVESTA GROUP