جیابونەوەی سۆزداری پەیوەندی بە توانای چارەسەرکردنی کێشەكه‌وەیە لەلایەن تاکەوە

پەروەردەی خێزان
05/09/2021

رەنگە ئەو کێشانەی كە لە ژیاندا  رووبەڕووی هاوسەران دەبێتەوە، ڕەنگدانەوەی  لەسەر شێوازی ژیانیان هەبێت و لەوانەیە ببێتە هۆی تێکچوونی نێوانیان و  کاریگەری لەسەر سەقامگیری خێزان و قەوارەکەی هەبێت. شێوەی مامەڵەکردنی ئەو دووانە لە ژیانی خێزانیدا  کاریگەری  دەکاتە سەر ئەوەی کە ئایا هاوسەرگیرییەكەیان تا كەی بەردەوام دەبێت؟ سەرکەوتوو دەبێت یاخود شکست دەهێنێت؟ کارامەیی لە چارەسەری کێشە و  ناکۆکییەکان هۆکاری سەرەکییە لە سەرکەوتنی هاوسەرگیری.
من وەک و رێنمایکارێکی دەروونی دەمەوێت باس لەو توێژینەوەم بکەم کە ئەمساڵ ئەنجاممدا، توێژینەوەکەی ئەمساڵم لەسەر
 (جیابونەوەی سۆزداری پەیوەندی بە توانای چارەسەرکردنی کێشەوەیە لەلایەن تاکەوە ).  واتا ئایا ئەو کاتەی تاكەكان دەچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیریەوە تا چەند توانای چارەسەری کێشەکانیان هەیە وچۆن بە شێوەیەكی دروست رووبەرووی  بەربەستەکانی ژیان دەبنەوە و توانای جەستەیی و دەرونییەكانیان بۆ رووبەرووبوونەوەی ناخۆشی و گرفتەکانیان لە چ ئاستێكدایە، ئایا  ئەگەر تاکێک توانای چارەسەرکردنی کێشەی هەبێت و بزانێت چۆن مامەلە لەگەل کێشەکان دەکات، دەکرێت ڵە ژیانی هاوسەریدا توشی جیابونەوەی سۆزداری ببێت یاخود نا؟. ئەو بابەتە  بەداخەوە ئێستا هاوسەران لە کۆمەڵگه‌ی ئێمە بەدەست ئەو جیابونەوەی سۆزداریەوە دەنالێنن وژیانی خێزانەکانیان بەگشتی توشی ناخۆشی و نائارامی دەرونی کردووە وە مندالەکان لەو نێوەندەدا دەبنە قوربانی و لەمالێک دوور لە هەستکردن بە  ئارامی و خۆشەویستی و گرنگیداندا دەژین کە لە ئەنجامدا کاریگەرێ دەروونی خراپ لەسەر منداڵەکان جێده‌هێڵێت. 

توێژینەوه‌کەم کە لەسەر قوتابیانی کۆلێژی سەلاحدین (نێر ـ مێ ) ئەنجاممدا ، ئەنجامی توێژینەوەکەم  (ئاستی نزمی هەبوو لە جیابوونەوەی سۆزداری وە ئاستی بەرزی له توانای چارەسەرکردنی کێشەكانیان). هەروەها ئەنجامەکان پەیوەندیەکی پێچەوانەى لە نێوان بەرزی جیابوونەوەی سۆزداری و نەبوونی توانای چارەسەركردنی كێشەكان نیشاندا).  واتا تا ئەو كاتەی تاکەکان ئاستی چارەسەرکردنی کێشەیان بەرزبێتەوە ئەوا بەدووردەبن لە توشبون بە جیابونەووەی سۆزداری لە ژیانی هاوسەریان.

 ئەگەر هەمان توێژینەوە بکرێت، بەڵام نموونەیەكی جیاواز لەکۆمەڵگە وەرگرین بەتایبەت ئەوانەی کە زوو هاوسەرگیریان ئەنجامداوە و نەیان توانیووە خوێندنیان تەواو بکەن و ئاستی زانیاریان لە سەر رەگەزی بەرامبەر كەمە و، بە جیاوازی سایکۆلۆژی و جەستەیەکانی پیاو و ئافرەت ئاشنا  نین و کارامەیی  و رۆشنبیری چارەسەرکردنی کێشەیان کەمە، بەدڵنیاییەوە ئەنجامەكان جیابوونەوەی زیاتر روودات ، چونکە مرۆڤ تاوەکو  زیاتر بەجیهانی دەرەوە ئاشنا بێت زیاتر لەژیان تێدەگات و خۆی دەناسێت و توانای چارەسەرکردنی کێشەی دەبێت كە واتا ئەو كەسانەی  لەتەمەنێکی گونجاوتر ژیانی هاوسەرگیری پێک دێنن کە تەمەنێکی شیاوە لەڕووی جەستەی و دەروونی ، باشتر دەتوانن رووبەڕووی  ئاستەنگەكانی ژیان ببنەوە و چارەسەری كێشەكانیان بكەن. كەواتە با تەنیا ئامانجمان بە شودان و ژن بۆ هێنانی مندالەکان نەبێت ، با پەروەردەیەکی درووست و جوان بکرێن لەرووی دەرونی و جەستەیەوە پێبگەنرێن  ئینجا خۆیان بریاری هاوسەرگیری بدەن.


ساوین خالید اسماعیل
ڕێنماییکاری دەروونی و پەروەردەیی

Designed and developed by AVESTA GROUP