​ كورتەیەك لەسەر مێژووی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان

 یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە 11/12/1952 بە ڕێنوێنی و ڕاسپاردەی باوكی ڕۆحی نەتەوەی كورد بارزانی نەمر لە شاری سلێمانی لە مالی میرزا غەفوور بە شێوەیەكی نهێنی دامەزرا, بەڵام لەبەر نالەباری بارودۆخی سیاسی ئەو كاتە نەتوانرا كۆنگرە و كونفرانس ببەسترێ‌ وهەڵبژاردن بكرێ‌ و سكرتێر و هەیكەلی تەنزیمی دیاری بكرێ‌ . ئەو ئافرەتانەی كە لەوێ‌ ئامادەبوون (درەخشان جلال حەفید, سورەیای مەلا گەورە , ناجیە خانی مستەفا فەندی موفتی , ناجیە خانی میرزا غەفوور, ناهیدەخانی میرزا غەفوور , ئەفتاو كەریم , مەدیحە محەمەد كەریم و چەند دانەیەكی تر. هەروەها ناهیدەی شێخ سەلام و زەكیە ئیسماعیل حەقی ئاگادار كرا بوون, بەڵام لە بەر نالەباری بارودۆخ نەیانتوانیبوو ئامادە بن . تا ساڵی 1963 ی.ئا.ك بریتی بوو لە كۆمەڵێ‌ ئافرەت و بە شێوەی كۆمەڵ كاریان كردووە بێ‌ گوێدانە ئەوەی كەسێكیان ببێ‌ بە سەرۆك بەسەر ئەوانی تر.

لەماوەی خەباتی خۆیدا ئەم ڕێكخراوە حەوت كۆنگرەی بەستووە بە ئامانجی خۆنوێكردنەوە و خۆسازان لەگەڵ سەردەم و بەردەوامیدان بە كارەكانی
:
1-كۆنگرەی یەكەم : لە ساڵی 1963 بە شێوەی نهێنی بەسترا و بەهیە مەعروف كرا بە سكرتێر و ناوی یەكێتییەكەش لە(یەكێتی ئافرەتانی دیموكراتی كوردستان)وه گۆڕا بۆ یەكێتی ئافرەتانی كوردستان .
2. كۆنگرەی دووەم: لە 25/9/1970 لە شاری بەغدا ، نوێنەرانی پارێزگاكانی (دهۆك ، نەینەوا ، كەركوك ، سلێمانی ، خانەقین ) یەكێتی ئافرەتان بەشداری كۆنگرەی(اتحاد نساْء العراق )یان كرد، بەڵام لەبەرئەوەی ئامانجەكانمان وەكو یەك نەبوون، یەكێتی ئافرەتان پاشەكشەی كرد . بۆیە لە 18/4/1971 هەر لە بەغدا كونگرەیەكی دووەمیان بەست و چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگ كە لەگەڵ بارودۆخی ئەوكاتی كوردستان دەگونجان دەركرا و زەكیە ئیسماعیل حەقی بە سكرتێر هەڵبژێردرا

3. كۆنگرەی سێیەم - لە 13/2/1972 بۆ خۆئامادەكردن بۆ كۆنگرەی سێیەم یەكەمین كۆنفرانسیی خۆی بەستووە . لە 30/4/1972 لە مەسیف سەلاحەدین كۆنگرەی سێیەم بەستراو (زەكیە اسماعیل حەقی ) بە سكرتێر هەڵبژێردرا
.
-لە نێوان ساڵانی 1975 تا 1991 لە هەندەران دەستەیەكی پێكهێنا بۆ ڕێكخستنی ئافرەتان و ڕاپەڕاندنی كاروباریان لە ئاوارەيیدا
.
-لە 19-23 / 2/1992 كۆنفرانسی شەهید ( لەیلا قاسم ) لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەسترا و نوێنەرانی شارەكانی (كەركوك ، سلێمانی ، دهۆك ، هەولێر ) بەشداريیان تیادا كرد و لەم كۆنفرانسەدا ئاماژە بە پەیڕەو و پرۆگرامی یەكێتی ئافرەتان كرا و بڕیاری گرنگ دەركرا, هەرچەندە كۆنفرانس بو، بەڵام دەسەڵاتی كۆنگرەی پێدرا و شیرین ئامێدی بە سكرتێر هەڵبژێردرا.


4- كۆنگرەی چوارەم: لە 27/7/1997 لە شاری هەولێر لە ژێر دروشمی (یەكسانی ) كۆنگرەی چوارەم بەسترا و لەم كۆنگرەیەدا نوێنەری لقەكانی (دهۆك ، هەولێر ، كەركوك ، سلێمانی ، رانیە سۆران ، ئاكرێ‌ ، هەلَەبجەی شەهید و ڕێكخستنەكانی دەرەوەی وڵات) بەشداريیان تیادا كرد و (شیرین ئامێدی) بە سكرتێر هەڵبژێردرا.

5- كۆنگرەی پێنجەم : لە 27-30 / 10/ 2001 لە شاری هەولێر لە ژێر دروشمی (ئاشتی و یەكسانی و دادوەری كۆمەڵایەتی ) كۆنگرەی پێنجەمی (ی.ئا.ك) بەسترا و پەیڕە و پرۆگرامی نوێ‌ دارێژرا و لە لایەن ئەندامانی كۆنگرەوە سەركردایەتیيەكی نوێ‌ بۆ یەكێتی ئافرەتان هەڵبژێردر, كە پێك هاتبون لە (16) كەس بۆ ئەندامێتی لیژنەی ڕاپەڕاندن و (4) ئەندامی یەدەك، لە 15/11/2002 لیژنەی ڕاپەڕاندن یەكەم كۆبونەوەی خۆی بە ئامادەبوونی سەرجەم هەڤاڵانی هەڵبژێردراوی لیژنەی ڕاپەڕاندن و مەكتەبی ناوەندی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان ئەنجام داو لەم كۆبونەیەدا سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەت هەڵبژێران كە پێك هاتبون لە (8) ئەندام , شیرین ئامێدی به سكرتێر ده‌رچوو.

6.كۆنگرەی شەشەم : یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ڕۆژانی 12-14/3/2007 بە ئامادەبوونی ( 175) ئەندام، كە نوێنەرایەتی سەرجەم ئەندامانی یەكێتی ئافرەتانیان دەكرد لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان كۆنگرەی شەشەمی خۆی لە ژێر دروشمی ( پەرەپێدانی تواناكانی ئافرەت لە پێناو بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی یەكسان ) لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان سازكرد. (175) ئەندامی كۆنگرە دەنگیاندا بۆ " 9 " كەس بۆ ئەندامێتی مەكتەبی سكرتاریەت.

لەم كۆنگرەیەدا هەیكەل و پێكهاتەی یەكێتی ئافرەتان گۆڕانكاری بەسەردا هات بەم شێوەیە : لە جیاتی ( لق ) ئەنجومەنی پارێزگا دانرا، كە بەرزترین دەسەڵاتە لە پارێزگادا. لە جیاتی ( ناوچە ) ئەنجومەنی قەزا دانرا. لە جیاتی ( ڕێكخراو ) ئەنجومەنی ناحیە دانرا. دوای كۆنگرە ئۆفیسێك لە ئەوروپا دانرا، كە مەڵبەندەكەی لە وڵاتی هۆڵەندایە بۆ سەرپەرشتیكردنی كاروباری ئافرەتانی كورد لە ئەوروپا . د. كوردستان موكریانی به سكرتێر ده رچوو.

7. كۆنگرەی حەوتەم : لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی 4-5/8/2010 كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی ( 208 ) ئەندامی كۆنگرە، كە نوێنەرایەتی سەرجەم ئەندامانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانیان دەكرد، كۆنگرەی حەوتەمی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ژێر دروشمی
( بەرەو كۆمەڵگایەكی مەدەنی و ئایندەیەكی پرشنگدارتر) دەستی بە كارەكانی خۆی كرد. لە دووەم ڕۆژی كۆنگرە و لە كاتژمێر 4 ئێوارە لە كەشێكی ئازاد و دیموكراسیدا بە تێكڕای دەنگی ئەندامان بەڕێز ( د.ڤیان سلیمان حاجی) بە سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەڵبژێردرا.

٨. کۆنگرەی هەشتەم لەرێکەوتی 3-4/ 9 / 2018 كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی ( ١٦٦ ) ئەندامی كۆنگرە، كە نوێنەرایەتی سەرجەم ئەندامانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانیان دەكرد، كۆنگرەی حەوتەمی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لە ژێر ناوی (نیشتمان)
دەستی بە كارەكانی خۆی كرد. لە دووەم ڕۆژی كۆنگرە و لە كاتژمێر 4 ئێوارە لە كەشێكی ئازاد و دیموكراسیدا بە تێكڕای دەنگی ئەندامان بەڕێز ( د.ڤیان سلیمان حاجی) بە سكرتێری یەكێتی ئافرەتانی كوردستان هەڵبژێردرا.

Designed and developed by AVESTA GROUP