خاتوو زیبا تەها لە مەراسیمی پەنجاهەمین ساڵیادی شەهیدکردنی وتارێکی پێشکەشکرد.
لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی سیاسی گەلی کوردستان و رۆلی شەهید لەیلا قاسم دا.
مێژووی سياسي گەلى كوردستان دەوڵەمەندە بە شۆرش و نەبەردی و سەروەرييەكان كە ڕێبەرانمان هەروەها تێکۆشەرانمان تۆماريان كردووە، گەلی ئێمە خاوەن ڕابەرێکی مەزنى وەكو باوكى رۆحى نەتەوەييمان بارزانى نەمرە كە وەرچەرخانى لە مێژووی گەلەکەماندا دروست كرد و لە بەش بەشی و پەرتەوازەیی ڕزگاری كردين، كە هەر لە سايەی ڕێبازی ئەو ڕابەرە مەزنەدا، دەرفەت ڕەخسا تا لەزەمەن و هەلومەرجێکى سەخت و ناهەموار لەڕووى سياسی وکۆمەڵایەتی تێکۆشەرێکی وەكو لەيلا قاسم دەر بكەوێت.
لەيادى پەنجا ساڵەی لە سێدارەدانی لەيلا قاسم و هەڤاڵەکانی (ئازاد و نەريمان و جەواد و حەسەنە )، يادى ئەو تێکۆشەرانەیە كە ئازايانە ڕووبەڕووى دەسەڵاتى دیکتاتۆری ئەوكات بوونەوە و سەلمانديان كەلە ئاست ئيرادەى ئازاديخوازى گەلدا، بەرنامە و ئەجينداى هەر ڕژێمێکی ديكتاتۆر بەشی نەمان و لةناوچوونە.
لەيلا قاسم كە قوتابيەكى كۆلێژ و ئەندامى هەر دوو ڕێکخراوی يەکێتی ئافرەتان و یەکێتی قوتابيانى كوردستان و تێکۆشەرێکی پارتی ديموكراتى كوردستان بوو، بەهۆی چاڵاکیە سياسييەكانى لەلايەن ڕژێمی ديكتاتۆرەوە دەستگیركرا و لەسێدارە درا، بەوەش بوو بەيەکەم ئافرەت لەسەر ئاستى كوردستان و عێراق كە لەسەر هەڵوێستی سياسى لەسێدارە درابێت .
ئازايەتى لەيلا قاسم و بڕوای بەهێزی بەپرسی نەتەوەكەى بەشێوەیەک بوو، كە ئەشکەنجە و ئازارى لە ڕادەبەری دەسەڵاتی ديكتاتۆر نەيتوانى سازشى پێ بكات، بەڵکو بەوپەری ئازايەتيەوە بۆ پەتی سێدارەی دوژمنی دڕندە سەرى نەوى نەكرد و گوتی بەكوشتنى من هةزاران كورد هۆشيار دەبنەوە. هەر بۆیە ئەركى سەرشانى ئێمەی نەوەی ئێستا و نەوەکانی داهاتووشە يادى ئەم تێکۆشەرە بەرز ڕابگرین و بيكەين بە نمونەى تێکۆشانمان و ئيلهام لە ئازايەتى و قوربانيدانەكەى وەربگرين.
مايەی شانازيمانە، كەئافرەتانى كوردستان هەموو كات بەشێکی سەرەکی و كاریگەری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بوون و هيچکات رۆڵیان لە رۆڵی پیاو كەمتر نەبووە، بەڵکو ئەركى ئافرەت قورستر بووە، ئافرەتان شان بەشانى پیاوان پێشمەرگە بوون، خەباتى نهێنييان كردووە و لەو پێناوةشدا زيندانى كراون و شەهيد بوون، ئامادەبوونى ئەوپۆڵە تێكۆشەرەى ئافرەت، كە ئەمرۆ لەم مەراسيمەدا لەگەڵمانن، كە لە سەردەمى ڕژێمى پێشوودا خەباتی نهێى و چالاكى سياسييان كردووە بەو هۆیەوە زيندانى كراون و ئەشكەنجە دراون، بەڵگەی سەلمێنەرى پشتڕاستكردنەوەى قوربانيدانى ئافرەتە، كەئەمانە تەنها چەند بەڕێزێكن و ئێمە لەسەر بنەماى چەند پێوەرێک دەستنيشانمان كردوون، نەك سەرجەمى ئافرەتانى زيندانيكراو، وێڕاى ئەمەش لەپرۆسەكانى ئەنفال و كيمياباران و ڕاگواستن ئافرەتی كورد پشكى سەرەكى قوربانيدانى بەرکەوتووە.
هەر بۆیە، ئەمرۆ ئێمە بەپێويستمان زانى ڕێز لەخەبات و قوربانيدانى ئەم شەهیدە زيندووانە بگرين و بانگێشتى ئەم ساڵیادەيان بكەين، كەچی خۆيەتى بەناوى هەموومانەوە سوپاسی ئامادەبوونيان بكەم.