ئەندامانی خێزان لە ئەنجامدانی کارەکاندا یەکسانن

پەروەردەی خێزان
13/09/2022


هاوسەرگیری هاوبەشیکردنێکە کە ئەنجامدانی کارەکانی ماڵەوەش بەشێکە لەو هاوبەشییە، کارەکانی ماڵ وەکوو بازاڕیکردن، پلاندانان، گواستەنەوەی کەلوپەلەکان، چێشتلێنان، ئاگاداری لە منداڵەکان، گرنگیدان بە پسووڵەکان، پاککردنەوەی ماڵ، چاککردنەوە و شتی لەم جۆرانە. کاتێک ئەم کارانە بەباشی بەڕێوەببرێن، ئارامی و هاوسەنگی لە ماڵەکەدا حووکمڕان دەبێت، بەڵام ئەگەر لەکاتی هاتنی میوانەکان، ماڵەکە هەڵڕژاو و ناڕێک بێت، یان ئەگەر هیچ جلێکی خاوێنتان نەبێت لەبەری بکەن کێشە لە نێوانتان دروست دەکات وە چەندین کێشەی دیکەش ئێستا دەپرسین چۆن کارەکانی ڕۆژانە دابەشبکەین و دەکرێت لە ڕێی چەند خاڵێکەوە ئەم کارە بکرێت:
شتە سەرەکی و گرنگەکانی خۆتان بزانن: پێویستە شتە گرنگ و سەرەکییەکانتان دیاری بکەن لە ژیانی هاوبەشدا، بەڕاستی چ شتێک گرنگە بۆتان، زۆرێک لە هاوسەرەکان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دابەشکردنی کارەکانی ماڵەوە هەیە. شپرزەیی ناو ماڵ لای هەندێک کەس ناخۆشە، ئەگەر تۆ کێشەت لەگەڵ شپرزەیی ماڵەکە نییە، بەڵام هاوسەرەکەت پێی ناخۆشە، دەبێت لەسەر ئەو بابەتە ڕێکبکەون، بابەتە گرنگەکان دیاری بکەن و بڕیار بدەن تاکوو هەردوولا ڕازی بن.
لیستێک لە کارەکان بنووسن کە هەریەک لە ئێوە زۆر ڕقی لێیەتی، ڕەنگە ئەو شتەی تۆ ڕقت لێیەتی هاوسەرەکەت بتوانێت بەرگەی بگرێت، ئەگەر لە لیستەکەدا کارێک هەیە کە هەردووکتان ڕقتان لێیەتی، بەیەکەوە بیر بکەنەوە و ڕێگا چارەیەک بۆ کردنی بدۆزنەوە، هەروەها دەتوانن ئەو کارە بە هاوکاری یەکتر وەکوو تیمێک ئەنجام بدەن.
لەبەرچاوگرتنی کاتەکان بۆ خۆت و هاوسەرەکەشت زۆر گرنگە، هەندێک کەس حەزیان لەوەیە لە بەیانییاندا کارەکان بکەن، هەندێکیش لە شەودا، لەبەرئەوە ئەگەر هاوسەرەکەت ناچار بکەیت لەو کاتەدا کارەکە بکات کە ئامادەیی تێدا نییە، ئەگەری دروستبوونی کێشە زیاد دەکات.
لەگەڵ هاوسەرەکەت بە پلانەکەدا بچنەوە، کۆبوونەوە، کاری دەرەوە و میوانی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەم شتانە کارەکان دابنێن و دابەشی بکەن، هەروەها ئەوەی کە کێ چی کارێک بکات.
کوڕەکانتان فێری کاری ماڵ بکەن: کاتێک منداڵێک لە ماڵەوە دەبینێت باوکی لەگەڵ دایکی کارەکانی ماڵەوە ئەنجام دەدات، لەدوای هاوسەرگیری کێشەی نابێت لە یارمەتیدانی هاوسەرەکەی لە کارەکانی ماڵەوەدا، هەموو پیاوێک دەبێت بزانێت کە کوڕەکەی لە داهاتوودا وێنایەک دەبێت لە ڕەفتارەکانی ئەو، لەبەرئەوە ئەگەرناتەوێت منداڵەکەت لەداهاتوودا تووشی کێشە ببێت لە ژیانی هاوبەشیدا، هەر لە منداڵییەوە پەروەردەی بکە.

شه‌نگه‌  

Designed and developed by AVESTA GROUP