کۆمیـدی لە ئـەدەبی منـداڵان
رەزا شـوان
منداڵـیەتی قۆنـاغـێکی زۆر گـرنگ و
هەستیارە لە بنیاتـنانی کەسایەتی هـەر مـرۆڤـێکدا.
کۆمیـدی یا گەنجـەفە و گـاڵتەوگەپ لە ئـەدەبی منداڵانـدا، رۆڵ و کارتێکـردنێکی
گـرنگی هەیە، لە گەشەکردنێکی خۆڕسکی تواناکـانی منداڵ و لە بنیاتنانی
کەسایـەتییەکی ئاسایی دروست و هـاوسەنگ و کۆمـەڵایـەتی و کـراوەدا.
مەبەست لە کۆمیدی یا گاڵـتەوگەپ و
جەفـەنگ، ئەو جۆرە نووسینانـەن کە بە هۆنـراوە یا چیرۆک و چیرۆکە هۆنـراوە یا
شانـۆیی یا بە نوکـتەی خـۆش، بە شێوازێکی ساکار و ئاسان و ناسـک و شـیرین و رەوانی
گاڵـتەئامێز بۆ منـداڵان داڕێـژراون، گـەشی دەخەنە سەر روویان و خۆشی و شادی
دەخەنە دڵـە قنجەکـانیان و زەردخـەنە دەخەنە سەر لێوە ئاڵەکانیان و چـێژێکی خۆشیان
پێدەبەخشن و دەیانهـێننە پێکەنین و هـەور و تەمی خـەم و بێزاری و نائارامییان
دەڕەوێننەوە، هەڵچوون و باری گرژی و تووڕەبوونیان هـێور و ئاسایی دەکەنەوە..
ئـەدەبی منـداڵان بەبـێ جـۆری کۆمـیدی ئـەدەبێکی ناتـەواوە. گەرچی پێکـەنـین
مەگـێزێـکە و لە دایکبوونـەوە لەگـەڵ مـرۆڤ دایـە، بەڵام دەتـوانـرێت لە رێـی
پاڵنەر و وروژانـدنەوە مرۆڤ بێتە پێکەنین، بە زەردەخـە و بە پێکەنینیش گۆزارشت لە
خۆشی و شادی خۆی بکـات.
چـیرۆک و هۆنراوە و شانۆی کۆمیدی
(گاڵتەئامێز)ی منداڵان، کە لە فۆرمێکی هۆنەریی شـیرین و ناسکـدان، لە ناوەڕۆکـدا،
گـەلی ئامـانج و مەبەسـت و پەنـد و ئامـۆژگـاری و رێنمـایی و بەهـای بـەرزی
کۆمـەڵایـەتی و مـرۆڤـایەتییان لەخۆگـرتوون.. ئامـاژەش بـە رەفتاری دروست و
هەڵسوکەوتی پەسەند و رەوشتی باش و جوان دەکەن. گەلی تەوس و توانـج و پلار و تانە و
تەشەریش لە بەدکاران و لە کـاری دزێـو و قـێزەوەن دەگـرن.
ئەدەبی کۆمیدی زانیارییەکە وەکو هەریەکە
لە زانیارییەکانی تر.. بە شارەزایی و لێزانین دێتـەدی. گەلێ لە نووسەران و هـونەرمەنـدانی
جیهـانی، کە لەم بـوارەدا بەهــرەدارن و هۆگـری نووسینی بابـەتی کۆمیدین،
توانیویانن سەرکـەوتن بەدەسـت بهـێـنن و چەنـدین پەرتووکی بابـەت کۆمیـدیان بۆ
منـداڵان چـاپکـردوون و ناوبانگـیان پێـیان دەرکـردوون.
لە راستیـشدا، نووسـینی چـیرۆک و چـیرۆکە هـۆنـراوە و شانـۆی کـۆمـیدی بـۆ
منـداڵان کارێکی هیندە ئاسای و ئاسانیش نییە، کە هەر نووسەرێکی ئارەزوومەند
بتوانێت خـۆی لە قەرەی بدات و سەرکەوتووبێت. چونکە نووسەری کۆمیـدی پێویستە
شارەزای بنەما و مەرجەکـانی ئەم جـۆرە ئەدەبــە بێت و شارەزایی لە شـێوازی
داڕشــتن و لە زمـان و فەرهـەنـگ و لە خواسـت و خولـیا و ئـارەزوو و لە
قۆنـاغـەکـانی منـداڵی و لە جیـهانی منداڵان هەبێت. بتوانێت خۆی لێیان نزیک
بکاتەوە و بچێتە دڵ و هۆشیانەوە، لە راز و نیاز و لە پاکی و بێتاوانیان تێبگـات..
پێویستە نووسـەرێـکی خەیـاڵ فـراوان و بیـرتـیژ بێـت، کەسێکی رووخـۆش و گـەش و
لێـوبەخـەنـدە و دەم بە پێـکەنین و گوفـت شیرین بێت، کراوە و گەشبین بێت. توانای
داهـێنانی پاڵەوان و کـاراکتەری کۆمیدی گاڵـتەئـامێز و قوشمەچـی بۆ نووسینەکـانی
بۆ منداڵان هەبێت.. دوور لە شێوازی چاولێکەری سواو و ئێکسپایەر، دوور لە دووبارەکردنەوەی
رۆتینی بـاوی رۆژانـە و قوتابخـانە. پێویستە بابەتەکـانی نووسینە کۆمیدییەکـانی بۆ
منـداڵان ئاراستەکـراوبـن، کـورت و پوخـتـبن. بە شــێوازێکی ئاسان و شــیرین و
ناسـک و رەوان دایـان بـڕێـژێت، بتـوانێت بە ئاسانیش سەرنجی منـداڵان رابکـێـشێت و
بیان هێنێـتە پێکەنین و تا کۆتـایی واز لە خوێندنـەوەی نووسینەکانی نەهـێنن و
چێژیان لێوەربگـرن.. گرنگیشە لە نووسینەکانیدا راستگۆبێت.
کۆمیدی یا جەفەنگی بابەتێکی پەروەردەیی و
فێرکردنە، بۆ ئەو کەسانەی بیانەوێت لەم بوارەدا بنووسن و خۆیان تاقی بکەنەوە..
مامۆستایـانی وانەبێـژی لێهاتـوو و بەڵـدیش، گەر بیانەوێت و بتوانن، ئەو بابەتانەی
گـرانن بە لای قوتابییەکانیانەوە، گەر بەرگـێکی کۆمیدی بکەن بە بەریانـدا و بە
شێوازێکی ئاسان و رەوانی گاڵتەئـامێز دایان بـڕێـژن.. دەتوانـن بە ئاسانی پەیـام و
مەبەستەکانیان بە قوتابییەکانیان بگەیەنن.. قوتابییەکـانیان بە ئاسـانی و بە
خـۆشییەوە وەریان دەگـرن و فـێریـان دەبـن و لە بیریـان ناچـنەوە.
لە جیهانی جەنجاڵی پڕ لە سەرقاڵبوونی
ئەمڕۆدا، منداڵەکانمان پێویستییەکی زیاتریان بە بە خـۆشی و شـادی و بە کامەرانی
هەیە، پێویستییەکی زیاتریان بە گەشی و بە کرانەوە و رووخۆشی و بە زەردەخەنە و بە
پێکەنین هـەیە.. پێویستە پێکەنین ببێت بە بەشـێک لە ژیـانی رۆژانەیـان.
لە ئەمـڕۆدا، لە هـەنـدێ لە وڵاتـانی
ئەوروپـادا، بۆ خامـۆشکـردنی سـوێ و ئـازارەکـانی نەخۆشیـیەکـانی منـداڵان، کەسانی
گاڵـتەئـامێز و سوعـبەتبـاز و قوشـمەچی و نوکتەبـاز، سەردانی نەخۆشخانەکانی
منداڵان دەکەن و ئاهەنگ و بەرنامەی پڕ لە پێکەنین و شادی و خۆشیـیـان پێشـکەش
دەکـەن و خۆشـییەکی زۆر دەخـەنە دڵ و دەروونیـانەوە و شـتی سەیـر و سەمەرەیـان
پێشکەش دەکەن.. تا رادەیەکی زۆر لە ئێش و ئـازارە دەروونی و جەسـتەییەکـانیان کەم
دەکـەنە.
زۆر بە کورتی باس لە هەنـدێ لە
سوودەکـانی چـیرۆک و هۆنراوە و چیرۆکەهۆنراوە و شانۆی کۆمیـدی و گاڵتەئامێز بۆ
منـداڵان دەکەین، بەو هـیوایەی کە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان و
پەروەردەکـاران و نووسـەران و هـونەرمەنـدان سوودیـان لێوەربگـرن:
١ـ هۆنراوە و چیرۆک و چیرۆکەهۆنراوە و
شانۆی کۆمـیدی، پێویستیـیەکی گـرنگـن بۆ هـانـدانی منـداڵان، بۆ ئـەوەی هـەر لە
بچـووکییەوە هـۆگـری خوێنـدنەوە ببن، دوور لە شـێوازی چاولـێکەریی تەڵـقـین
ئاسـایی و لە ئاخـنینی ئامـۆژگاری وشـک.
٢ـ زەردەخـەنە و پێـکەنین
کـارتێکـردنێـکی ئەرێنیـیان لە ئـاراسـتەکـردنی منـداڵان و لە بنیاتنـانی کەسایەتی
و داهـاتـوویـان دا هـەیـە.. بە گەشبینیـشەوە لە داهـاتوو دەڕوانـن.
٣ـ بابەتە کۆمیدییەکـان کە لە ناوەڕۆکـدا
مەبەستدارن، هـانی منـداڵان دەدەن کە باشتر و قووڵـتر بیربکـەنەوە.. ئـەو
مەبەستانـەش هـەڵـبهـێـنجـێـنن کە لە نووسیـنەکـانـدان.
٤ـ نووسـەرانی ئـەدەبـی منـداڵان، لە
میـانەی بابـەتە کۆمـیدی و گـاڵـتەئـامێزەکـانیانەوە، دەتوانـن مەبەسـت و پەیـامە
ئەرێنییەکـانیان و گـەلێ پەنـد وانـە بە منـداڵان بگەیـەنـن.
٥ـ بابەتە کۆمیدییەکـان، سەرەڕای ئەوەی
کە خۆشی و شـادی دەخەنە دڵی منـداڵانـەوە. دڵـنیایی و هــیوا و گەشبـینی و متمانە
بەخۆبوونیشـیان پێـدەبـەخـشن.
٦ـ بابەتە کۆمیدییەکان هۆکـارێکن بۆ
هـێورکردنەوەی نائـارامی و گـرژی و تـووڕەیی و هەڵچـوون و شڵەژان و دڵەڕاوکێ و بۆ
لە بیربردنەوەی دڵتەنگی و خەفەت و خەمۆکی.
٧ـ زەردەخـەنە و پێـکەنـین و رووخـۆشی و
گـەشی و کـرانـەوە، هـۆکـارن بۆ پێکـەوە هەڵکـردن و بۆ دروستکـردنی هـاوڕێتی و
پەیـوەندییەکی ئەرێـنی لە نێـوان منـداڵانـدا.
٨ ـ بابـەتە کۆمیدییەکـان، حـەز و چـێژی
خوێندنـەوە لە دەروونی منـداڵانـدا دەڕوێـنن.
٩ـ پـرەنسیپە ئەرێنییەکـانی رەوشـت بەرزی
و رەفـتار دروستی لە منـداڵانـدا دەڕوێنن.
١٠ـ بابـەتە کۆمیدییـەکـان، چـۆست و
چالاکییەکـانی منـداڵان شحـن و تـازە دەکەنـەوە.
١١ـ بابـەتە کـۆمیـدییەکـان، بـاری
مەینـەتیـیەکـان سـووک دەکـەن، سـوودێـکی زۆری تەنـدروستـیـیان هـەیـە، چـارەسـەری
گـەلـێ لـە گـرفـت و لە نـەخـۆشـیـیە دەروونـی و جەسـتەییەکـان دەکەن، سـوودێـکی
زۆر بە ماسوولکـەکـان و بـە دەمـارەکـانی لـەش و
بە خـوێنـبەرەکـان دەبـەخـشن.
١٢ـ بابەتە کۆمیدییەکـان، سۆز و
خۆشەویستی و دڵنەرمی و ئاسوودەیی و دڵسۆزی و دلـۆڤـانی و راستگـۆیی و هـاوسـۆزی و
هـاوخـۆشی بە منـداڵان دەبـەخـشـن.
لە ئـەدەب و فۆلکـلۆری کوردیمانـدا، گەلێ
چیرۆک و چـیرۆکەهـۆنـراوە و هـۆنـراوە و شانـۆی کۆمیـدی و گاڵـتەئـامێـزمان هـەن،
کە بـۆ منـداڵان و مـێردمنـداڵان شـیاون.. بـۆ نموونە، چیرۆکی (مریشکە قونـدە..
دەچـێت بۆ شاری شـووکردن) ئەمـەش بەشێکە لە دەقی چیرۆکی کۆمیدی (مـریشکە قـونـدە)
کە چیرۆکێکی فۆلکلۆریی رەسەنی کوردییە:
مـریشـکە قـونـدە بـۆ شـاری شـووکـردن
بەڕێـکـەوت.. تـووشـی شـوانـێک بـوو.
شوانـەکە بە مـریشکە قـوندەی گـوتی : مـریشـکە قـونـدە بـۆ کـێوە دەچـی؟
مـریشکە قـونـدە گوتی : سندانی مریشـکە قونـدەی! بۆچـی دەڵـێی مریشکە قـونـدە؟!
شوانـەکە گـوتی : ئـەدی بـڵـێم چـی؟
مـریشـکە قـونـدە گـوتی : بــڵێ :
نــــازێ .. نــــازێ
چـارۆک .. پـێـازێ
رەقــمە .. رەقـازێ
دەچـیە.. کـێـندەرێ؟
شـوانـەکە گـوتی :
نـــــازێ .. نـــــازێ
چــارۆک .. پـیــازێ
دەچـیە .. کـێـندەرێ؟
مـریشکە قـونـدە گـوتی : دەچـمە شـاری
شـووکـردنێ.
شوانـەکە گـوتی : وەرە شـووم پـێ بکـە.
مـریشکە قـونـدە: گـوتی : باشـە، بـەڵام چـۆنـم بەخـێو دەکـەی؟
شـوانـەکە گـوتی : بـە نـانی شـوانی.
مـریشـکە قـونـدە گـوتی : کـەوابێ شــووت پـێـناکـەم!
( تـا کۆتـایی چـیـرۆکـەکـە
..................)
چـیرۆك و سەرگوزشتەکانی (مەلا مەزبـوورە)
و (ئەحەی کوڕنـو) و (خاڵە رەجـەب) و (لالە سەرحـەد) و (ئەحـۆل) و چیرۆک و
نوکتەکانی ناو (رشتەی مـراوری ـ عەلائەدین سوجادی) کە بەشێوازی گاڵتەئامێز
داڕێژراون بەشێکن لە بابەتی کۆمیدی و جەفەنگی.
ئەمەش نموونەیەکی ترە لە چیرۆکی کۆمیدی فۆلکلۆری کوردیمان لە ژێـر ناوی هەبوو
نەبوو.. کە بۆ منداڵان لەبارە و دەیانهێتە پێکەنین و خۆشی و شـادی دەخـاتە دڵیانەوە:
هـەبــوو .. نـەبــوو
کەس لە مـرۆڤ
سەرسەخـتـتر نەبـوو.
هـەڵـیانگـرت ، جـێگـای نەبـوو.
دایـانـنا ، رێـگـای نەبـوو.
خـستـیانە بنمـیچ ، دانـی چـوو بە ریــچ.
خـستـیانە نـاو تـاق ، چـاوی چـوو بە زاق.
خـستـیانە سەر کەڵـەک ، کەڵـەک رووخـا.
گـوتیان : کەڵـەک بـۆ رووخـای؟
گـوتی : ئەی بۆچـی گـیا لە بنمـدا دەڕوێ؟
گـوتیان : گیا بۆچـی لە بنـیدا دەڕوێی؟
گـوتی : ئەی بۆچـی بـزن سەرقـرتـم دەکـات؟
گـوتیان : بـزن بۆچـی سەرقـرتی دەکـەی؟
گـوتی : ئەی بۆچـی گـورگ چـاوم لێ زەق دەکـاتەوە؟
گـوتیان : گـورگ بۆچـی چـاوی لێ زەق دەکـەیـتەوە؟
گـوتی : ئەی بۆچـی شـوان حەلـەلـەم لێ دەکـات؟
گـوتیان : شـوان بۆچی حەلـەلـەی لێ دەکـەیت؟
گـوتی : ئەی بۆچـی داپیـرە ناهـێـڵێ بـدۆشــم؟
گـوتیان : داپیـرە بۆچـی ناهـێڵی بـدۆشــێ؟
گـوتی : ئەی بۆچـی مشـک سەردۆڵـەم دەخـوات؟
گـوتیان : مشـک بۆچـی سەردۆڵـەی دەخـۆیت؟
گـوتی : ئەی بۆ پشــیلە چـاوم لێ زەق دەکـاتەوە؟
گـوتیان : پشــیلە بۆچی چـاوی لێ زەق دەکـەیتەوە؟
پشـیلە گـوتی : کەتنـەکەی ئەلـە بە ریشـم،
ئـەگــەر لـێـــرە
بـنـیـــــشــم.
دەچــــم بـۆ شـــاری
تـــاران،
جگەرە قـوت قـوت دەکـیشـم.
ئەم بابەتە لە ژمارەی (٢٨)ی گۆڤاری شیکار بڵاوکراوەتەوە