​ دوو کچە کوردی کەرکووک بەنمرەکانیان ئاستی سێهەمیان لەسەر عێراق بەدەستهێنا

پەروەردە و پێگەیاندن
19/10/2020

ئەو مرۆڤانەی لەژیانیاندا ئامانجیان هەیەو دەیانەوێت بەردەوام کار لەسەر جێبەجێکردن و هێنانەدی ئامانجەکەیان بکەنەوە، ئەم جۆرە مرۆڤانە هیچ کاتێک و بۆ هیچ بارودۆخێکی نەخوازراو کەرووبەڕوویان دەبێتەوە، لەهەوڵدان بۆ ئامانجەکەیان راناوەستن.
ئەم ساڵ پرۆسەی خوێندن وەک هەموو سێکتەرەکانی دیکە بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رووبەرووی ئاستەنگ بوو، ئەمەش وایکرد نارەحەتی و دڵەراوکێ لای سەرپەرشتیارانی خوێندن و قوتابیان بەگشتی و قوتابیانی دوا قۆناغی ئامادەیی بەتایبەتی دروست بکات و بەردەوام لە پرسیار و وەڵامی چاوەڕواننەکراودا بوون کە چ کاتێک پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکاتەوە یاخود بە چ شێواز ومیکانیزمێک دووبارە دەستپیدەکاتەوە، بەڵام هەموو ئەو دڵەڕاوکێ و پرسیارەگەلانە نەبوونە هۆکاری وەستان لەکۆششی سەرکەوتنی دوو کچە قوتابی لەکەرکوک و سەرباری ئەو بارودۆخە نەخوازراوە (ئاڵا وشیرین) توانیان نمرەی بەرز لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنن و ناوی قوتابخانەکەیان بخەنە ڕیزی ئەو قوتابخانانەی کە قوتابیەکانیان نمرەی بەرزیان بەدەستهێناوە.
ئاڵا عەبدولخالق وشیرین محەمەد کە قوتابین لە ئامادەیی کوێستانی کچان لەشاری کەرکووک دەڵێن: سەرباری ئەو بارودۆخەی بەهۆی کۆرۆنا هاتەبوون ئێمە توانیمان ئاستەنگەکان تێپەڕینین و رێگرییەکان  تێکبشکێنین، بەهۆی بە دەستهێنانی نمرەی ٩٩و نیو ببینە ریزبەندی سێهەم لەسەر ئاستی عێراق.
ئاڵا عەبدولخالق باس لە رێگرییەکانی ژیانی ناو خێزانەکەی دەکات کە ئەوانیش وەک خەڵکی دیکە توشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون ودەڵێت: زۆر بەقورسی کاریگەری لەسەر تەندروستیمان دروستکرد، بێگومان ئەگەر کەسێک توشی ئەو نەخۆشیە بێت تاماوەیەک کاریگەری هەر دەبێت بەڵام من هەوڵمدا ئەو ڤایرۆسە تێپەڕێنم و بەسەریدا زاڵ بم بۆئەوەی بتوانم دوا قۆناغی ئامادەیی بەسەرکەوتوویی تەواو بکەم، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی لەسەرئاستی قوتابخانەکەم پلەی یەکەم بەدەست بهێنم ولەسەر ئاستی عێراق پلەی سێهەم وەربگرم.

شیرین محەمەد، قوتابی ئامادەی کوێستانی کچانە، وەکو خۆی ئاماژەی پێکرد من بە پاڵپشتی خێزانەکەم ومامۆستایانی قوتابخانەکەم توانیم بگەمە ئەم ئاستە هەرچەندە ئەم ساڵ بۆ ئێمە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی قوتابخانەکان ناخۆشبوو بەڵام توانیم بەسەری زاڵبم سەری خۆم وخانەوادە وقوتابخانەکەم بەرز بکەمەوە.


سەرکەوتنی قوتابی و بەدەستهێنانی نمرەی بەرز دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و ماندوبوونی ستافی ئەو قوتابخانەیەو خێزانی قوتابی، لەم بارەیەوە مامۆستا خانزاد فەهمی کە بەرێوەبەری قوتابخانەی کوێستانی کچانە لە شاری کەرکووک دەڵێت: وەکو قوتابخانەی کوێستان ۳٦ قوتابیمان کۆی نمرەکانیان 95بەرەو ژوورە هەرچەند لەتاقیکردنەوەکان هەڵە لەپرسیارەکاندا هەبوو، بەڵام قوتابیانمان توانیان ئاستێکی بەرز بەدەست بێنن، ئەمەش وایکرد خوێندنی کوردی لەشاری کەرکووک سەرکەوتوتربێت بەسەر خوێندنی عەرەبی وتورکمانیدا،  دەست خۆشی لە خانەوادەی ئەو قوتابیانە دەکەم کەوا بەهەوڵ وماندوبونیان توانیان کچەکانیان پلەیەکی نایاب بەدەست بهێنن.

ئامادەکردنی:ئارین عەبدولخالق

Designed and developed by AVESTA GROUP