ئەنجلینا جولی تابلۆیەکی ونستن چێرچیل بە 4 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت

هونەر
16/02/2021

بڕیارە مانگی داهاتوو ئەنجلینا جولی، خانمە ئەستێرەی ناوداری ئەمریکی تابلۆیەکی دەستکردی ونستن چێرچیل، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، لە مەزادێکی ئاشکرادا بفرۆشێت، کە خانەی کریستی لە لەندەن بۆ فرۆشتن نمایشی دەکات.

پێشتر ئەم تابلۆیە لەلایەن ئەنجلینا جولی و هاوژینە کۆنەکەی برادپیت لە ساڵی 2011 لە کوڕی فرانكلین رۆزڤڵت سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کڕیویانە، تاوەکو ئێستا لەماڵەکەی خۆیدا پاراستوویانە، بەڵام ئەنجلینا جولی بڕیاریداوە ئەم تابلۆیە بفرۆشێت.

ئەم تابلۆیە لەلایەن ونستن چێرچیل، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا وێنەکێشراوە، کە لەساڵی 1943 لە وڵاتی مەغریب لە کۆنگرەی دارو بەیزا کێشاویەتی و بەدیاری بەخشیویەتی بە فرانكلین رۆزڤڵت سەرۆکی پێشووی ئەمریکا.

ئەم تابلۆیە ئێستا مەزاد کراوە لە لەندەن بۆ فرۆشتن، کە نرخەکەی لە 4 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی دەست پێدەکات، کە تابلۆیەکەش وێنەی مزگەوتی کوتەیبییە لە شاری مەراکشی وڵاتی مەغریب تێدا دەردەکەوێت، کە لەسەدەی 12 دروستکراوە.

Designed and developed by AVESTA GROUP