​ خانمە هونه‌رمه‌ند دینا، لەسەر نوێترین ڤیدیۆ كلیپی بەناوی "كەتانە" ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هونەر
07/08/2021

 خانمە هونه‌رمه‌ند، دینا لەسەر نوێترین ڤیدیۆ كلیپی خۆی بەناوی "كەتانە" دێتە دەنگ و دەڵێت، بە پێی یاسا هیچ كۆمپانیایەك یان كەسێك ناتوانێت خۆی بە خاوەنی موڵكی گشتی بزانێت.

دینا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام رایگەیاند، بەپێی یاسای كوردستان وەكو نوسراوە، دوای وتنی هەر گۆرانییەك بە 50 ساڵ بە موڵكی گشتی و بۆ هەموان هەژمار دەكرێت، بە پێی یاسا هیچ كۆمپانیایەك یان كەسێك ناتوانێت خۆی بە خاوەنی موڵكی گشتی بزانێت".

هاوكات لە وەڵامی ئەو رەخنانەی لێی دەگیرا دەربارەی ئەوەی ئاماژەی بە ناوی هونەرمەندی كۆچكردو، حەسەن زیرەك نەداوە لە كلیپەكەدا، چاوپێكەوتنێكی لە یەكێك لەكەناڵە كوردییەكان بڵاوكردەوە كە تیایدا ئاماژە بە ناوی حەسەن زیرەك دەدات.

لە چەند رۆژی رابردو كۆمپانیای هێڵی دەنگ لە راگەیاندراوێكدا بڵاویانكردەوە، "بەهۆى پێشێلکردنى مافى کۆپیرایت و مافى هونەرى هونەرمەندى نەمر (حەسەن زیرەک)، کلیپى (کەتانە)ى هونەرمەند (دینا) لە یوتیوب سڕایەوە".
هاوكات لەبارەی هۆكارەكەشەوە باسیان لەوەكرد، "لەم کلیپە ئاماژە بە ناوی خاوەنی ڕاستەقینەى بەرهەمەکە نەکراوە کە هونەرمەندی نەمر حەسەن زیرەکە، ڕێگەپێدان لە بنەماڵەى هونەرمەند (حەسەن زیرەک) وەرنەگیراوە بۆ گوتنەوەى گۆرانییەکە، هەروەها ئاواز و گوتنی گۆرانیەکە لەم کلیپە و لەلایەن هونەرمەندی ناوبراو بەکارهاتوە بەبێ ڕەچاوکردنى یاساکانی کۆپیڕایت لەبوارى هونەریدا".

Designed and developed by AVESTA GROUP