په‌رێز شوان: حەزم دەكرد ڕۆژێك بێت بتوانم ببم بە مامۆستایەكی سەركەوتوو لە بواری هونەر

هونەر
09/08/2021


پەرێز شوان، خەڵکی شارەدێی خەلیفانه‌ و لەدایکبووی ساڵی( ٢٠٠٠)ه‌و لە ئێستادا قوتابییه‌ لە کۆلێژی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی سەڵاحەددین بەشی شێوەکاری.
په‌رێز سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ر ده‌ڵێت: هونەر دونیایەكی بێ ناسنامەیە، جیهانێكی بێسنوورە ئاره‌زوو و ئاواز و مۆسیقای خۆی هەیە، جوانی و ڕازاوەی تێدایە هەست وروژێنە و ئاسۆی هزر فراوان دەكات، هونەر مەیدانێكە بۆ خۆشگوزەرانی و هەمەچەشن كردن و بەخشینی شیلەی میهرەبانی لەم گەردوونە جەنجاڵەدا بە مرۆڤ هاتۆتە كایەوە، لای من هونەری وێنەكێشان بەرجەستەكردنێكی ڕۆحییە بۆ كێشانی تابلۆیەك پێویستە سەرەتا لە مێشك و هزری خۆت دروستی بكەیت ئینجا لە ڕێی دەستەكانتەوە بیگەیەنیت هونەر خۆراكی روحە دونیایەكی پڕ لە ڕەنگە شادی بەخشە.
هونەر حەزو خولیای منداڵیم بوو هەمیشە ویستوومە ڕۆژێك بێت لەم بەشە بخوێنم و گرنگی پێبدەم زۆر حەزم دەكرد ڕۆژێك بێت بتوانم ببم بە مامۆستایەكی سەركەوتوو لە بواری هونەر، بتوانم ببم بە مامۆستایەك كە گرنگی بە وانەی هونەر بدات و منداڵەكان فێر بكەم چونكە لە منداڵیەوە تا ئێستا مامۆستایەكم نەبووە گرنگی بە دەرسەكە دابێت نە تەنها مامۆستاكان بەڵكوهەموو قوتابخانه‌كان وانه‌ی هونەر بەلاوە دەنێن لە كاتێكدا گرنگترین وانەیە بۆ قوتابی، تاكە وانەیە خۆشی و شادیان پێئەبەخشێ خۆراكی مێشكیان بۆ دابین ئەكا بۆیە من و قوتابیانیتر بێ ناز كراوین لە نەبوونی ئەم وانەیە پڕ چێژە و شاردنەوەو پوكانەوەی ئەو بەهرە جوانە.
تا ئێستا وەك پێویست گرنگی بە هونەری وێنەكێشاندراوە لە كوردستان یان نا، له‌م روووه‌وه‌ په‌رێز بۆچونی وایه‌ كه‌نەخێر هیچ گرنگیەكی پێنەدراوە لە قوتابخانەیەكی سەرەتایی تا كۆلێژی هونەر لە ڕووی هەموو شتێكەوە هیچ گرنگیەكی پێنەدراوە ئەو ناوبانگە كەمەی كە ئێستا هەیە تەنها بەهۆی هەوڵی هەندێ هونەرمەندی تێكۆشەر و هونەر دۆستەوەیە.
پێموایە ئەوەی كە لە قوتابخانەكان گرنگی بە وانەی هونەر نادرێت هۆكاری یەكەم حكومەتە كە گرنگی بەوانەی هونەر نادات وەكو وانەكانی تر ئەگەر مامۆستای هونەر دابمەزرێنێ و وانەكە گرنگ بكات و لێپێچینەوە بكرێت وەكو وانەكانی تر ئەوا هونەریش وەكو هەموو وانەكانی تر گرنگ دەبێت، هۆكاری دووەم مامۆستاكانن لەبەر ئەوەی مامۆستاكان هەمیشە كەمتەرخەمن و وانه‌كه‌ بە گرنگ وەرناگرن وە هۆكاری ئەوەی كە ئەم مامۆستا كەمتەرخەمانە هەن هۆكارەكەی ئەگەڕێتەوە بۆ وەرگیرانی خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەرگیرانی كەسانێكی بێ بەهرە كەسانێك كە تەنها بەهۆی كەمی نمرەكانیانەوە ڕوویان لەم بەشە كردووە كە ئەم كەسانە تەنها بۆ بەدەستهێنانی پارچە كاغەزێك كە پێی دەگوترێ بڕوانامە هاتوون، هیوادارم چاكسازی بكرێت لەمە، بۆ ئەوەی لە داهاتوو كەسانی بەهرەمەندو شارەزامان هەبێت
هه‌روه‌ها كاتێك هونەرمەندێكی بە توانا ڕەسمێك یان پەیكەرێك یان هەر شتێكیتر دروست دەكات ئەوا خەڵك بە شتێكی سادەو ئاسایی وەریدەگرن، وا دەزانن كە ئیشێكی كۆپی و سادەیە لە كاتی كڕینیشی گرنگی نادرێت بە ماندووبوونی هونەرمەندەكە و نایانەوێ نرخێكی باش بدەن ئیشێكی جوان و ناوازەیان دەیه‌وێت بە پارەیەكی كەم،  بۆیە زۆربەی هونەرمەندان واز لە ئیشەكەیان ئەهێنن، بە ڕای من ناكرێ هونەرمەند نرخ بۆ وێنەكەی خۆی دابنێ ئەبێ بیخاتە دەست كڕیارەكە ئەو بە پێی ماندووبوونی هونەرمەندەكە نرخەكە دابنێت، بەڵام بۆ ئەم میللەتە نابێت چونكە هەموو كات حەزیان لە شتی خۆڕاییە و گوێ نادەن بە ماندووبوونی هونەرمەند.
په‌رێز سه‌باره‌ت به‌ هه‌بوونی شوێنی تایبه‌ت بۆ نمایشكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌خه‌لیفان ده‌ڵێت: زۆر بە داخەوەم کە زۆر بە کەمی ئەتوانم تواناکانم دەرخەم لەبەرئەوەی شوێنێکی تایبەت نییە بۆ نمایشکردنی ئیشەکانم وادیارە ئەگەر ئارەزووی خزمەتکردنم ھەبێت ئەوە سەختتر و دژوارتر ئەبێت بۆم بەڵام ھێزی خولیاکانم زۆر گەورەترە و بە پشتیوانی خودا انشاء الله سەرده‌كه‌وم.

نازه‌نین عزیز
شارۆچكه‌ی خه‌لیفان

Designed and developed by AVESTA GROUP