خولێكی رۆژنامه‌وانی له‌سه‌ر پرسی ئافره‌ت و جێنده‌ر ئه‌نجامدرا

پەروەردە و پێگەیاندن
03/09/2021

  رۆژی 31ی ئاب، خولێکی ڕۆژنامەوانیی تایبەت بە (پرسی ژن و یەكسانیی جێندەر، ڕۆڵی زمانی ڕاگەیاندن لە بە كۆمەڵایەتیكردنی جێندەر، ڕۆڵی بنیادنانی تواناكان بۆ كەرتی میدیا لەبارەی جێندەر و میدیا) بۆ (15) ڕۆژنامەنووسی شاری هەولێر كرایه‌وه‌.

ئاڤان جاف، بەرێوەبەری خول بە هێلین میدیای ڕاگەیاند، ”کردنەوەی خولەكە بۆ شارەزابوونە لەسەر پرسی ڕەگەز و جێندە، بۆ ئەوەی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە دەزگا جیاوازەكان کاردەکەن بتوانن، نیشانە میدیاییەکان لە ڕوماڵەكانیاندا یەکسانخوازان ڕەنگبداتەوە و هەوڵ بدەن زمانی ڕاگەیاندنیان پڕبێت لە خۆشەویستی و یەکسانی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان.”
وتیشی، ”پێویستە ڕێکخراوەکان پێكەوە هاوپەیمانیەتی بكەن و بەوشێوەیە کاربکەن، لەبەرئەوەی کاری میدیایی کارێکی مڕۆڤانەیە و پێویستی بە وزەیە و گۆڕانکاریشی بەسەر دادێت بە گوێرەی كات و شوێن.”

باسی لەوەشكرد، ”گرنگە ڕۆژنامەنووسان خۆیان نوێ بكەنەوەو پاشخانی زانیارییان بەهێزبکەن لەڕیگای بەشداریکردن لە خولەکانی ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانی.”

هودا حەوێزی، یەكێك لە بەشداربووانی خول و قوتابی بەشی ڕاگەیاندن بە ”هێلین”ی وت، ”سودی زۆری لە خولەكە بینیوە و داواشیكرد، ئەم خولانە بەردەوامیی هەبێت، بۆ ئەوەی خزمەت بە پرسی ئافرەتان بكرێت و ببێتە فاكتەرێكیش بۆ  زیاتر هاتنە پێشەوەی ئافرەتان بۆ ناو بواری ڕاگەیاندن و لەو ڕێگەیەوە یەكسانی جێندەری بێتە كایەوە.”
فەرمان سادق، یەكێكی ترە لە بەشداربووانی خول بە ”هێلین”ی وت، ”پرسی جێندەر لە هەرێمی كوردستان پرسێکی گرنگە و پێویستە بەردەوام خول و وۆركشۆپ بکرێتەوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش بابەتی هۆشیاری بە پرسی جێندەر بڵاوبکەنەوەو دەرفەت بڕەخسێنن بۆ کچان و ژنان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی باڵانسی جێندەری هاوسەنگ بكرێت.”

ئاماژەی بەوەشكرد، ”دەیان ئافرەتی بەتوانا هەیە پلەی باڵایان هەبووە و زۆر لێهاتوانەش ئیدارەی کوردستانیان بەڕێوەبردووە، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە ئیتر ئافرەتان لە ناوەندەكانی بڕیاردان بەشداریان پێبكرێت و ڕۆڵ و دەرفەتیان پێبدرێت.”

جەختیشی كردەوە، ”لەمەودوا پێویست ناکات ئافرەتان لەژێر سێبەری پیاواندا سیاسەت بكەن و پێویستە ئەو دەرفەتەی بۆ پیاوان ڕەخسێنراوە و زەمینەسازی بۆ كراوە، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەتانیش بکرێت.”

ڕێژین محەممەد، بەشداربوویەكی تری خول و قوتابی زانکۆ بە هێلین میدیای وت، ”ئەم خولانە كە لەسەر پرسی جێندەر و مافە یاساییەکانی مرۆڤ دەكرێتەوە، سودێکی زۆری بۆ ئافرەتانی میدیاکار و قوتابیانی ڕاگەیاندن هەیە لەناو میدیای کوردی و کۆمه‌ڵگەی کوردیدا.”

داواشیكرد، ”ئەم جۆرە خولانە بەردەوامیی پێبدرێت، بۆ ئەوەی ئافرەتانی میدیاکار بتوانن، لەڕێگای ئەم خولانەوە پەرەی زیاتر بە تواناکانیان بدەن و سوودێك بە ڕەوشی ئافرەتان و پرسی جێندەر بگەیەنن.”

خولەكە  له‌لایه‌ن رێکخراوی ئیمە” بۆ گەشەپێدانی مرۆیی كرابۆوه‌ و بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام بوو، تیایدا (15) فێرخواز بەشداربوون و بابەتەكانیشی لەلایەن، هەردوو ڕاهێنەر (ئاڤان جاف، په‌یڕه‌و ئەنوەر) پێشكەش كراو لەکۆتاییدا بڕوانامە بەخشرا بە بەشداربووان.


رێژین سیامند

Designed and developed by AVESTA GROUP