خوێندنه‌وه‌ زه‌روورییه‌تی ژیانه‌

پەروەردە و پێگەیاندن
25/10/2021


خوێندنەوە بریتییە لە وەرگرتنی هەموو ئەو بابەتانەی کە نووسراون و لەبەرچاومانن، خوێندنـەوە ئارەزوو نییە، بەڵکو یەکێکە لە پێویستییە سەرەکییەکانی ژیانی مـرۆڤ، خوێندنەوە خۆراکی مێشک و رووحمانە، پێویستییەکی گرنگە بۆ گەشەکردن و زاخاودانی هۆش و هزر و بیر و زەینمان، کلیل و دەروازەیەکە بۆ وەرگـرتنی زانیـاری و زانسـتی و بابـەتی هەمەڕەنـگە، دەلاقـەیەکە کە لە میانـەیەوە دەتوانین زانستی و رۆشنبیری و داهـێنان و زادەی ئەنـدێشە و بیری کەسانی تر ببینین.
 خوێندنەوە ئەبێتە هۆی تێگەشتن لە ڕێڕەوی مرۆڤایەتی و هەموو شارستانیەتە مرۆیی و فەلسەفی و مێژووی و ئاین و فیکریەکان تا هەنووکە و دیراسەکردنی بۆ دروستکردنی ڕوئیایەکی ڕوون بۆ داهات و ئامانج و پێگەیشتن. خوێندنەوە بە هەموو لایەنەکانەوە وەک: ئاینی ،فەلسەفی، دەرونی، کۆمەڵایەتی ،مێژووی ،زانستی، پزیشکی، فەلەکی، سیاسی ، پەرەپێدان ، پیشەسازی و ئابووری …هتد گرنگن بۆ گەشەی تاک و کۆمەڵ و پێشکەوتن لە هەموو لایەنەکاندا واتە خوێندن و دیراسە و توێژینەوە هۆکارێکن بۆ باشتر کردنی ژیانی مرۆڤ، (سـتـیل) دەڵێ:" خوێندنــەوە وەرزشـی مێشکمـانە.
 مامۆستا جاسم محه‌مه‌د مامۆستای زانکۆ لەم بارەیەوە وتی: گرنگە بە پێی پسپۆڕی خۆمان بخوێنینەوە بۆ ئەوەی بتوانین لە بوارێك خزمەت بکەین نەک ببینە توتی و خوێندنەوە بۆ قسەکردنی بێ گوفتاربێت، ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێ کە بوارەکانی تر فەرامۆش بکرێن بەڵکو بخوێنرێنەوە لە پاش ئەوەی کە بواری خۆتت کامل کرد. کە بواری خۆت ئەکاتە خوێندنەوەی ستونی و بۆ سەرەوە ، خوێندنەوەی لایەنەکانی تر دەبێ ئاسۆی بێت. ڕەشبینی و بە خراپ ڕوانین و تێڕوانینی ڕەشبینانە گرفتێکی دەروونیەو دەرئەنجامی خراپی دەبێت لەسەر تاکی خوێنەر و وە لەویشەوە بۆ تاکەکانی تری کۆمەڵگا.
هەروەها ماموستا سەمیرە حسێن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ خوێندنەوە پێوستە بۆ ئامانجێک بخوێنرێتەوە بێ ئامانج خوێندنەوە یەکێکە لە کێشە گرنگەکان، هەیە بۆ خۆشی و هەیە بۆ کات بەسەربردن و هەشە بەس بۆ چێژ دەیخوێنێتەوە کە بەڕای من ئەم حاڵەتە بە بەردەوامی کێشەیەو خزمەت ناکات و هیچ بەرهەمێکی فیکری نابێ، ئەمەش مانای ئەوە نیە ئێمە چێژ لە خوێندنەوە نەبەین نا گرنگە ئەو بوارەی دەیخوێنینەوە بە حەزی خۆمان بێت، بەڵام ئامانجە سەرەکیەکە چێژ نەبێ بەڵکو سود و گرنگی بێتخوێندنەوە ئەبێ سود بەتاکو کۆمەڵ بگەیەنێت.
٭خاتوو زه‌ینه‌ب عه‌لی وتی خوێندنەوە تەنها کتێب نیە، تەنها نوسین نیە بەڵکو گەڕان و توێژینەوەو وردبینی و تێبینی و بیرکردنەوە دەگرێتەوە، دەتوانین بەباشی سودی لێ ببینیین وەک هەر بوارێکی تری خوێندنەوە. پێویستە پڕۆسەی خوێندنەوە لە بواری پەروەردەو لە ناو ماڵەکانەوە دەستپێ بکات دواتر بۆ قوتابخانە ناوەندی و دواناوەندیەکان و تەنانەت زانکۆ. هۆشیاری بڵاوکردنەوە بۆ خوێندنەوە لە ڕێگەی خول و سیمینار ۆرکشۆپ و ڕونکردنەوەی شێوازەکانی خوێندنەوەو ئاستەکانی و سودەکانی و دەرئەنجامەکانی بکرێت بۆ چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بە پێی پێداویستی و خواستی کۆمەڵگه‌.
 له‌ کۆی هەموو ئەو زانیاریانەی پێشو بۆمان دەرکەوت کە خوێندنـەوە بەشـێکی گـرنگە لە زمـان، بەشـێکی تەواوکـەریشە لـە دروسـتکردنی ژیـانی کەسێتی تاك و تەنها رێگـەشە بۆ داهـێنان و بۆ دروستکـردنی داهـێنـەران و نووسـەران و بیرمەنـدان و هونەرمەنـدان. هەروەهـا خوێندنـەوە بناغـەی پـەروەردە و فـێرکردنیشە، لەم سەردەمەشـدا، خوێنـدنەوە تێـکەڵ بـە ژیانـمان بـووە و بۆته‌ بەشــێک لـە ژیـانی رۆژانەمـان. پەرتووک و گۆڤـار و سایتە ئەلیکترۆنییەکان هێندە زۆر و هەمەچەشنەن، هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت بیانخوێنێتەوە، چێژ و خۆشی و سوودیان لێوەربگرێت، گرنگی و چـێژی راستیی خوێنـدنەوەش، ئـەو خوێنـەرانە دەیـزانن، کە رۆژانـە خولـیای خوێندنەوە بوونە و ناتـوانن بەبـێ خوێنـدنەوە هەڵبکەن.

دیانا یاسین – خانه‌قین

Designed and developed by AVESTA GROUP