چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی كچێكی دێهاتی

پەروەردە و پێگەیاندن
17/05/2022

ڕێژنه‌ حسێن قادر به‌شی زانستی كۆمپیوته‌ری له‌ زانكۆی سلێمانی ته‌واو كردوه‌، له‌ دایكبووی ساڵی ١٩٩٧  .هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌ڵێت بەشی زانستی کۆمپیوتەرم تەواو کرد و دووساڵ زیاتر تەنیا بەدوای ئەوەدا دەگەڕام کە چیم دەوێ!! لەچیدا باشم!  دەکرێ چی بکەم! ڕۆژانێکی زۆر لەگەڵ خۆمدا بەسەربرد، کەسانێکی کەمم ناسی وەلێ لە هەمووان کۆمەڵە پرسیارێکم دەکرد و لە ئەزمونیانەوە فێردەبوم ،کتێبی زۆرم خوێندەوە ،هەڵەم زۆر کرد ، لەهەموو کارەکانم بەشوێن وەڵامدا دەگەڕام.
 من زوو ماندوو دەبم هەندێک کات بەجۆرێک سەرم لێدەشێوێ بڕواناکەی، بەڵام وازناهێنم.
کۆمپیوتەرم وازلێهێنا چونکە چاوەکانمی بەرەوکوێری دەبرد، وەلێ دواتر بۆم دەرکەوت کە من هی ئەو دونیا خەیاڵیە نیم.
ئەوکاتە ئاسودەم کە خاکەنازەکە بەدەستەوە دەگرم و ئاوی سەردێراوەکان دەگۆڕم .
یان کۆمەڵە کاغەزێک لەبەردەمم ڕیزدەکەم و دانە دانەی کار و ئامانج و چیرۆکەکانمی لەسەر دەنوسم.
ئەودەمەی شوشەیەکی شەش پاڵوو دێنم و هەنگوینێکی ساغ و بێ غەشی دەکەمە ناو و لۆگۆکەی خۆمی لەسەردەچەسپێنم .
ئەوکاتەی هێلکەی مریشکەکان لادەبەم، و ئەوکاتەی بەسەر شەقامەکاندا ڕادەکەم و سێ چوار زەرفی قورسم پێیە و هەناسەم توند دەبێ .  ئەودەمەی زانیاری نوێ لەسەر هەنگ و بەرهەمە کشتوکاڵیەکان دەخوێنمەوە و دەمم بستێک دەکرێتەوە بەدیاریەوە.  رێژنه‌  ده‌ڵێت: ئامانجی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لە ڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە، ژیانی ئاسایی گوندنشینان و خۆم وەک کچێکی دێهاتی پیشانی دونیا بدەم.
لەمڕۆدا لەگەڵ چۆڵبوونی گوندەکان وردە وردە که‌لتور و شێوازی ژیانی گوند و تێگەیشتنی خەڵک بۆ گوند و گوندنشینان بەرەو کاڵبونەوە دەڕۆشت، کەسانێکی زۆر نەیاندەزانی کە ئێستا لە گوندەکانمان ئەو هەموو بەرهەمەمان هەیە، کچ و کوڕانمان دەخوێنن و ئەو هەموو زەحمەتیەش دەکێشن.
کاتێک لە گوندەکەی خۆمەوە دەستم بە دەرکەوتن و دروستکردنی براندێکی کوالێتی بەرزکرد بە شێوازێکی تەندروست و پاکێجێكیی مۆدێرن لەگەڵ ئەوەی کارێکی زۆر نوێبوو بەڵام پێشوازیەکی باشی لێکرا، ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیه‌یه‌ کە هاوڵاتیانی کوردستان بەرهەمی باشیان دەوێ و گوندەکان و کشتوکاڵمان دەکرێ ببوژێنینەوە و بیکەینە سەرچاوەی داهات و گەنجەکانمان بە گوندەکان ئاشنابکەینەوە تا پشتبەخۆیان ببەستن.

تۆش بزانە بە چ کارێک ئاسودەی !!! دڵت پێی خۆشە ؟!!
لەوانەیە چەندین جار هەڵە بکەی کاری جیاواز تاقی بکەیەوە و بەشێک بخوێنی خۆتی تێدا نەدۆزیەوە، کیژی دێهات ئەوکاتە دروستبوو كه‌ خه‌ڵك  داوای بەرهەمی سروشتی و تەندروستتان کرد .کیژی دێهات گەشە دەکات لەبەرئەوەی خه‌لك پشتگیری بەرهەمە خۆماڵیەکان دەکەن.
لەقۆناغێک بکەوی .
وەلێ پشویەکی کورت بەخۆت بدە و دەستپێبکەوە.

دیمه‌ن تاهیر

Designed and developed by AVESTA GROUP