خێوەتگه‌ی هێزی کچانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان چ کاریگەریەکی لەسەرتوانست و ئیرادەی کچان دروستکرد؟

پەروەردە و پێگەیاندن
30/08/2022


کاتێک باس لە ئیرادە و هێزی ئافرەتان دەکرێت خۆی لەو توانست و پێگەیاندندا دەبینێتەوە کە خودی تاکە کەسەکە وەری گرتووە لە ژیانیدا،کە ڕێچکەیەکی کاریگەربووە بۆ وشیاركردنەوەی بەشێك لە كۆمەڵگا و  هەوڵدان بۆ رووبەڕووبوونەوەیان دژ بە چەوسانەوە و ئاشنابوون بە ماف و ویستەكان و دەرخستنی ئەو توانایانەی کە ئافرەتان و کچانی کۆمەڵگا هەیانە .
پێگەی ئافرەتان لەم رێگەیەوە بەرز دەکرێتەوە، کە خۆی لە ڕۆشنبیرکردن و بەرزرکرنەوەی وشیاری و خوێندن و ڕاھێنانی بەردەوام دەبینێتەوە، ھەروەھا ڕێگە پێدان بە بەشداریکردنی لە پرۆسەی بڕیاردان لەوگرفتاریانەی کە کۆمەڵگا پێوەی دەناڵێنێت .دۆزی گەشەپێدانی توانای کچان لە چەمکی یەکسانی جێندەریدا دەبێت بەھەند وەربگرێت، چونکە ناتوانرێت بەبێ ئەو چەمکە گۆڕانکاری لە ئاستی کۆمەڵگادا بکرێت، سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە توێژەران لە سەر ئەوە کۆکن کە تواناسازی ئافرەتان ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەیە و پشتیوانیشە بۆ پرۆسەی گەشەپێدانی بەردەوام.
سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان خێوەتگەی هێزی کچانی بۆ کادیر و ئەندامانی سنوری ئەنجومەنەکانی ڕاپەڕین و سلێمانی، دەوروبەری سلێمانی، هەڵەبجە کردەوە. ئامانج لە کردنەوەی ئەم خێوەتگەیە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و فیکری و پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی یەکێتی ئافرەتانی کورستان بوو، خێوەتگەکە سێ ڕۆژی خایاند و چەندین سیمینار لەبارەی پرسەکانی نیشتمانی، سیاسی، ڕۆشنبیری جێندەری و پەرەپێدانی کەسایەتی بۆ بەشداربووان پێشکەشکرا.
بێگومان کردنەوەی ئەم خێوەتگایە خۆی لە خۆیدا مەدرەسەیەک بوو بۆ پێگەیاندنی کۆمەڵە کچێکی بوێر کە ئەمەش بەهاوکاری خێزانەکانیان دەستەبەر بوو کە توانیان ئەو دەرفەتە بڕەخسێنن و متمانەیان پێبکەن بۆ ئەوەی بەشداری بکەن لە پڕۆسەی خۆپێگەیاندندا،پێویستە لەسەر دایک و باوکان لە تەمەنێکی دیاریکراودا کچەکانیان ڕابهێنن لەسەر ئەوەی پشت بەخۆیان ببەستن لە کار و کردەوەکانیاندا بۆ ئەوەی متمانە بە خۆبوونیان لا دروست بکەن، بۆ ئەمەش دەبێت دایکەکان پێشەنگێکی باش بن بۆ کچەکانیان لەھەموو کار و کردەوەکاندا ببن بە ڕابەر، ھەروەھا فێریان بکەن چۆن بیرکردنەوەکانیان دەگۆڕن و چ جۆرە کتێبێک دەخوێننەوە و چ جۆرە ئەرکێکیان لەسەر شان دەبێت و چۆن خۆیان پێدەگەیەنن و چۆن دەتوانن تاکێکی بەهێز بن لە ناو کۆمەڵگادا هاوشانی پیاوان و کوڕانی کۆمەڵگا نابێت لە ھەموو شتێک پشت بە دایک و باوکیان ببەستن.
ئەو چەمکەی ئێمە پێی دەڵێین گەشەکردن لە دونیای ئەمڕۆدا گەیشتۆتە ئاستێکی بەرفراوان کە نەک تەنها گەشەسەندنی فیزیکی بەڵکو گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیش دەگرێتەوە. بۆیە بەهێزکردنی ئافرەتان پێویستییەکە بۆ گەشەسەندنی بەردەوامی کۆمەڵگا، لابردنی ئەو بەربەستانەی کە ئافرەتان لە ژیانی کۆمەڵایەتی، بازرگانی یان ئەکادیمیدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، پێویستە هەوڵی هاوبەش هەبێت لەم ڕووەوە.
خێوەتگەی هێزی کچان دەرفەتێکی باش بوو بۆ خۆپێگەیاندن لە هەموو بوارەکاندا، چونکە توانرا گفتوگۆیەکی باش لەگەڵ کچانی ئامادەبوو بوو بکرێت و ئەم گفتوگۆیە بوو بە دروستکەری کەسایەتیەکی تۆکمە و بەهێز لە ناخیاندا کە هێزی باوەڕ و متمانە بەخۆبوونیان لا دروستبکرێت، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کچەکان کەسایەتیەکی بەھێز و متمانە پێکراویان ھەبێت و تۆکمەبن .
زۆرگرینگە ئافرەتان و كچانی کوردستان متمانەیان بە خۆیان و بە تواناكانی خۆیان هەبێت، متمانە بەخۆبوون حالەتێكی هەستیاری دەروونیە  متمانە بە خۆبوون، بنەمایەکی سەرەکیە بۆ ئەوەی لە ژیاندا سەرکەوتوو بیت لە هەموو لایەنێکەوە، وەک خوێندن و کارکردن و ژیانی کۆمەڵایەتی و سۆزداری، هەربۆیە گرنگە لە تەمەنی هەرزەکاریەوە کچان فێری متمانەبن بە خودی خۆیان،بۆ پەروەردەكردنی كچێكی تەندروست وبەهێز كە بتوانێت خۆی بەرەنگاری كۆسپ و ئاستەنگەكانی ژیان ببێتەوە، خێزان لە كۆمەڵگە رۆڵی سەرەكی دەبینێت، دواتر داب ونەریت ئەوانیش لە ژێر چەتری یاسا و دادپەروەری كۆمەڵایەتی دێنە بەرهەم، تاكو مافە سەرەتاییەكانی خۆی بەدەست بهێنێت، بۆیە ئەركی هەمووانە هەر لە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و حكومەت و دەزگاكانی راگەیاندن پێكەوە تاكێكی بەسوود و كچێكی كارامە و بەتوانا بۆ داهاتووی كوردستان پەروەردە بكەین.
خێوەتگای هێزی کچان ئەم پەیامەی گەیاند رۆڵێکی گرنگی گێرا لەپێشخستن وبرەودانی توانای کچان و ئافرەتانی کوردستان هێزو بڕوابەخۆبوونی لای بەشداربوان دروستکرد.


ڕێژین قاسم محمود

Designed and developed by AVESTA GROUP