د. شه‌ونم یه‌حیا: چه‌مكی جێنده‌ر چه‌مكێكی زانستیه‌ و بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگیشه‌.

دیمانە
23/01/2023



هه‌ركاتێك چه‌مك و زاراوه‌یه‌كی نوێ دێته‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ پێویسته‌ وه‌ك لایه‌نه‌ زانستیه‌كه‌ی شیكاری بۆ بكرێت و لای تاك تێگه‌یشتنی بۆ دروست بكرێت، له‌م رووه‌وه‌ گفتوگۆیه‌كمان له‌گه‌ڵ (د.شه‌ونم یه‌حیا) دكتۆرا  له‌ فه‌لسه‌فه‌ی كۆمه‌ڵناسی له‌ زانكۆی سۆربۆن/ پاریسی یه‌ك، و ده‌سته‌ی ڕاوێژكاری زانستی له‌ گۆڤاری كۆمه‌ڵناسی - ناوه‌ندی ڵێكۆلینه‌وه‌ی دیموكراسی عه‌ره‌بی- به‌رلین- مان كرد.

د. شه‌ونم ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ڕاستیدا  چه‌مكی جێنده‌ر چه‌مكێكی زانستیه‌ و بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگیشه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا  ئه‌م چه‌مكه‌ وه‌كو چه‌مكێكی زانستی و زه‌روره‌تێكی ئه‌كادیمی مامڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، چۆن ئێمه‌ زانستی   (ئه‌نترۆپۆلۆژیامان) واتا زانستی مرۆڤناسی  و( سۆسیۆلۆژیا) و (ئاركۆلۆژیا) واتا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شوێنه‌وارمان هه‌یه‌،  جگه‌ له‌ زانستی (ئیسكته‌لۆژی) واتا بڕوا بوون به‌ ڕۆژی دوایی. زانستی تیۆلۆژی واتا زانستی لاهوتی، بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ سه‌ره‌تا وه‌كو زانستێكی سه‌ربه‌خۆ سه‌یر بكرێت. چونكه‌ هه‌ر چه‌مكێك ئه‌گه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی زانستی شیكردنه‌وه‌ و قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت.  ئه‌وا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ش لێكتێنه‌گه‌یشتن دروست نابێت.
 ئه‌م  گفتوگۆیانه‌ش كه‌ ئه‌مرۆ له‌سه‌ر ڕه‌تكردنه‌وه‌ یان  قبوڵكردنی ئه‌م كۆنسێپه‌ته‌ له‌لایه‌ن دوو  ئاراسته‌و  شه‌پۆله‌وه‌ دروست بوو.له‌ ئه‌نجام وغیاب و بوونی قه‌یرانی ده‌زگا زانستیه‌كانه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌.  ئه‌گه‌ر لایه‌نێكیش بێت ئیدعا بۆ ناشیرینكردنی ئه‌م چه‌مكه‌ بكات، ئه‌وا بیگومان  له‌ نه‌خوێنده‌واربوونی و نه‌زانی ئه‌و لایه‌نه‌یه‌ و ترسبوونیه‌تی له  زانست.  

سه‌باره‌ت به‌ پرسی یه‌كسانی له‌نێو دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كان جیاوازه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ تایبه‌تیه‌كان (د.شه‌ونم یه‌حیا) تیشك ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ جگه‌ له‌مه‌  له‌ دامه‌زراوه‌یه‌كیش بۆ دامه‌زراوه‌یه‌كی تریش ده‌گۆردرێت. هه‌روه‌ها له‌ حاڵه‌تێكه‌وه‌ بۆ حاله‌تێكی تر جیاوازه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پرسی یه‌كسانی له‌نێوان ژن وپیاودا  له‌ نێو دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كان  له‌ ڕووی ماف ئمتیازاتی دارایی و خزمه‌ت به‌ گوێره‌ی ئاست توانست و ڕاژه‌ یه‌كسانه‌. ئافره‌ت زیاتر مافی پارێزراوتره‌ وه‌ك له‌ دامه‌زراوه‌ تایبه‌تیه‌كان، چونكه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كان  به‌ یاسا ئه‌م مافه‌ دابینكراوه‌، به‌ڵام له‌ كه‌رتی تایبه‌ت به‌ پێچه‌انه‌وه‌.

جگه‌ له‌مه‌ تێڕوانینی كۆمه‌ڵ بۆ كاركردنی ئافره‌تیش له‌ كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی دوو دنیابینی جیاوازن، خێزانه‌كان پێیان باشتره‌ ژن و كچه‌كانیان له‌ شوێنك یان دامه‌زراوه‌یه‌كی حكوومی كاربكه‌ن، نه‌ك كه‌رتی تایبه‌ت. بۆ نموونه‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای كاروباری خانمان و وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماری كاركردنی خانمانی له‌ كه‌رتی تایبه‌ت ئاشكرا كرد و ڕایده‌گه‌ێنیت دابو نه‌ریت وایكردووه‌ ئافره‌تی كورد نه‌توانن وه‌كو پێویست  له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كاربكه‌ن، ئه‌م تیروانینه‌ پێمان ده‌ڵین كه‌ ئافره‌ت له‌ نێو دامه‌زراوه‌ گشتیه‌كان وه‌ك تایبه‌تیه‌كان پارێزراوترن. 

د. شه‌ونم یه‌حیا، له‌باره‌ی پرسی یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی جیاوازه‌ له‌ یه‌كسانی جێنده‌ری پێیوایه‌ كه‌ ڕه‌گه‌ز شتێكی سروشتیه‌ و زیاتر په‌یوه‌سته‌ به‌ لایه‌نی جه‌سته‌ی و فیزیكی تاكه‌وه‌ .  واتا تۆ ڕه‌گه‌زی نێر و مێ هه‌یه‌ هه‌ندێ حاڵه‌تی شازیش هه‌یه‌، كه‌ له‌نێوان دوو ڕه‌گه‌زدایه‌ ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكی سروشتیه‌، به‌ ڕیگای نه‌شته‌رگه‌ری  ده‌تواندریت چاره‌سه‌ر بكرێت. واتا یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی پێویسته‌ كاتیگۆری بكرێت، ئه‌م یه‌كسانییه‌  له‌ لایه‌نی سروشتیه‌ بوونی نیه و ده‌سته‌واژه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه‌‌  و هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ته‌واو  جیاوازن وه‌كو  بایلۆژی، به‌ڵام كاتێك كه‌ دێت باس له‌ یه‌كسانی ڕه‌گه‌زی له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌تی مرۆڤایه‌تیه‌وه  نێوان ژن و پیاو ده‌كه‌ین، ئه‌وا لێره‌دا ده‌بێته‌ پرسێكی جێنده‌ری و ئیكوالیتی جێنده‌ری به‌شێكه‌ له‌ زانستی جێنده‌ری. بۆ گرنگه‌ ئێمه‌ ڕه‌گه‌ز وپرسی جێنده‌ری لێك جیا بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ ڕه‌گه‌ز  بریتیه‌ له‌ نێر و مێ ، ئه‌مه‌ سروشتیه‌ و بوونی هه‌ر له‌ نێوان  ئاده‌میزاد دا نییه‌ به‌ڵكو له‌ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌و ...هتد. به‌ڵام  پرسی جێنده‌ری و یه‌كسانی جێنده‌ری ده‌بێته‌ پرسیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و ژینگه‌یی. زۆر فراوان و لایه‌نی زۆر له‌ خۆ ده‌گرێت.
بۆ نموونه‌ ژنێك كاتێك له‌ حزبێكی ئیسلامی كار ده‌كات ، كاركردنی ئه‌م  ئافره‌ت خۆی له‌ خۆیدا ده‌بێته‌ پرسێكی جێنده‌ری، یان كاركردنی ئافره‌ت له‌ نێو دامه‌زراوه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م بواره‌ ده‌جیته‌ خانه‌ی پرسی جێنده‌ری. بۆیه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌ ڕوونبكرێته‌وه‌ كاتێك ژنێك له‌ نێو دامه‌زراوه‌یه‌ك  هه‌ست به‌ توند و تیژی یان بار گرانی ده‌روونی ده‌كات، ئه‌وا  ده‌بێته‌پرسێكی جێنده‌ری و ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت، هه‌ندی جار نه‌ك ژن به‌ڵكو پیاویش ڕووبه‌ڕووی ئه‌م توندوتیژیانه‌ ده‌بێته‌وه‌.


بۆ نه‌هێشتنی جیاوازی ره‌گه‌زی و چه‌سپاندنی یه‌كسانی له‌ناو خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ به‌گشتی د. شه‌ونم ده‌ڵێت:
كاتێك باس له‌ دیارده‌یه‌ك ده‌كه‌ین ، گرنگه‌ بۆ دۆخی كۆمه‌ڵگه‌ و گۆرانكارییه‌كانی بگه‌ڕێنه‌وه‌، پرسی جیاوازی ڕه‌گه‌زی له‌نێو خێزانی كوردیدا، زۆر كه‌مبۆته‌وه‌ بگره‌ ئه‌گه‌ر  حاڵه‌تێكیش هه‌بێ ئه‌وا زۆر  ده‌گمه‌نه‌، چونكه‌ بیركردنه‌وه‌ی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ زۆر جیاواز گۆراوه‌ له‌ نه‌وه‌كانی سه‌ده‌كانی پێشوو تر. به‌رای من ئه‌مرۆ ئه‌و مۆدیله  كه‌ جیاوازی له‌ نێوان كوڕ و كچ و بوونی منداڵێ كوڕ له‌بوونی كچ ته‌فزیل بكرێت گۆڕاوه‌، ئه‌مه‌ سه‌باره‌ت به‌ جیاوازی ڕه‌گه‌زی، چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ریش  له‌نێوان كوڕ وكچدا له‌ خێزان په‌یویسته‌ ئاستی هوشیاری خێزانه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ خێزانی كوردی ئه‌مرۆ ته‌واو گۆرانی به‌سه‌ردا هاتوو له‌ شێوازی ژیانی و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی  و فۆرمی كاركردنی بێگومان ئه‌و گۆرانكارییانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ به‌ شێویه‌كی گشتی دادێت خێزانیش وه‌كو دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ركه‌وته‌ی ئه‌و گۆرنكارییانه‌ ده‌بێ،چونكه‌ كه‌ناڵه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی مه‌عریفه‌  ئه‌مرۆ زۆر فراوانه‌ ته‌نیا ده‌زگا په‌روه‌رده‌ی و ڕاگه‌یاندن و دامه‌زراوه‌ ئاینیه‌كان و  ده‌وروبه‌ر نییه‌، به‌ڵكو سۆشیال میدیا كاریگه‌ریه‌كی به‌رفراونتری له‌سه‌ر مرۆڤ و ره‌فتاره‌كای داناوه‌. و ئه‌م دونیایه‌ ئاراسته‌ی عه‌قڵی نه‌وه‌كان ده‌كات ودونیایه‌كی بێ كۆنترۆڵه‌و ئاستی مه‌عریفی ئه‌كته‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش تێدا جیاوازن، من هه‌ست ئه‌كه‌م كاتێك منداڵێك قسه‌ ده‌كات خۆی نییه‌ به‌ڵكو ئه‌و كاره‌كته‌رانن كه‌ له‌ نێو یوتوب و ئه‌نستگرام و تیك تۆك و فیس بوك و سناب جاده‌. ته‌كنه‌لۆژیا وای كردووه‌ ده‌وری له‌ په‌روه‌رده‌ كردن و ئاراسته‌كردنی عه‌قڵی ئه‌كته‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا هه‌بێ.

 سه‌باره‌ت به‌ هه‌بوونی بزووتنه‌وه‌ی فێمێنزمی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، د. شه‌ونم یه‌حیا رۆشنایی ده‌خاته‌ سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ و  ڕێكخراو خاوه‌ن ڕوئیایه‌كی دیار هه‌ڵگری ئایدیۆلۆژییایه‌ك بوونی نییه‌، ئه‌و چالاكی و جموجۆڵانه‌ی  كه‌ ئه‌نجامیش ده‌درین بریتین له‌ هه‌وڵی تایبه‌ت،  بزووتنه‌وه‌كانی داكۆكیكردن له‌ پرسیی ژن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا دابه‌شبوون ، هه‌ندێ له‌و بزووتنه‌وانه‌ سه‌ر به‌حزبه‌ سیاسیه‌كان  و فیكر و ئایدیۆلۆژییاو  په‌یوه‌ستن به‌ پرۆگرامی حزبه‌كه‌یان. بۆ نموونه‌ ئه‌و ژنانه‌ی یان ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه‌ نێو حزبه‌ ئیسلامییه‌كان یان چه‌په‌كان ویان نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و سۆشیالیسته‌كان كار ده‌كه‌ن، فه‌لسه‌فه‌ی كاركردنیان له‌ یه‌كدی جیاوازن هه‌ر چه‌نده‌ هه‌مووشیان بۆ یه‌ك پرس كار ده‌كه‌ن كه‌ پرسی ئافره‌ته‌. به‌شێكی تر له‌و ژنانه‌ له‌ نێو ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كار ده‌كه‌ن ، سنووری كاره‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی  ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدایه‌،  جۆری ئیشكردنیشیان  ووشیاركردنه‌وه‌ی خێزان و یان ئافره‌تانه‌ بۆ داوا كردنی مافه‌كانیان  و كردنه‌وه‌ی خولی جۆراو جۆره‌ بۆ ژنان.  كاتیگۆرییه‌كی تریش له‌و ناوه‌ندانه‌ی كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییدا كار بۆ پرسی ژن ده‌كه‌ن، بریتین له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی یه‌كانی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژ به‌ ژنان  له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی حكومه‌تدا كار ده‌كه‌ن.  بۆیه‌ ده‌توانم  بڵین بزووتنه‌وه‌ی فێمێنزمی  له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا له‌و كۆنتێكسته‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێ كرد، له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وانیش چه‌ند كاره‌كته‌رێكی ژن بۆ پرسی فێمێنیزمی وه‌كو هه‌وڵێكی سه‌ربه‌خۆ فیكره‌كانیان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.



ناسك سعید



Designed and developed by AVESTA GROUP