لەیلا قاسم، نمونەی باڵای تێکۆشانمان
لە ڕێڕەوی خەباتی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بۆ
ئازادی و سەربەخۆیی، شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرانێکی زۆر ناویان لە لاپەڕەکانی مێژوودا
تۆمار کراوە و ژیان و ئەزمونیان نمونە بووە بۆ سەدان و هەزارانی تر کە ڕێگەی
تێکۆشانیان هەڵبژاردووە و خۆیان فیدای ڕزگاری نیشتمان کردووە، بەڵام وەک دەزانین
سەرەڕای ئەوەی؛ بەدرێژایی مێژووی ئەو بزاڤە نەتەوەییە ئازادیخوازە ئافرەتان کۆڵەکە
و ستونی سەرەکی بەردەوامی و سەرکەوتن بوون، بەڵام لەبەر باڵادەستی هزری پیاوسالاری
و ڕوانین لە ئەرکی شۆڕشگێڕی و بەرخودان لە ڕوانگەی جێندەرییەوە وەک ئەرکێکی
پیاوانە و لەو چوارچێوەیەشدا کەمی دەرفەت لەبەردەم دەرکەوتن و هەڵکەوتنی سمبولی
ئافرەت وەک شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر و ژیانفیدای خاک، دەگمەنن ئەو ئافرەتانەی کە لەو
گۆڕەپانەدا هەڵکەوتوون و دەگمەنن ئەو بزاڤانەش کە وەها دەرفەتێکیان بۆ دەرکەوتن و
بەسمبولبوونی ئافرەت ڕەخساندووە. لێرەدا و لە کاتێکدا پێویستە یاد و ئەزموونی
لەیلا بەرز و بەشکۆ رابگرین، لەهەمانکات دەبێت شانازی بکەین بەوەی کە لەسەر
ڕێبازێکین ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانییە، هەر لە سەرەتاوە پێشەنگ بووە لە
ڕەخساندنی دەرفەت بۆ تێکۆشانی ئافرەت و بەسمبولبوونی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی
نەتەوەییماندا.
لێرەدا باس لە
ئەزموونی ئایکۆنی درەوشاوەی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان شەهید لەیلا قاسم و
تێکۆشانی ئەو لە قۆناخێکدا دەکەین، کە گەلی کوردستان لەباری سیاسییەوە لەژێر چەپۆکی داگیرکاری دیکتاتۆرترین
دەسەڵاتی سەردەم و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە هاوشێوەی ناوچەکە لێوانلێو بووە لە ڕوانینی
پیاوسالاری و هزری نەریتی کە دەرکەوتن و
هەڵکەوتنی ئافرەت تەنانەت لە بواری مەدەنی و پیشەییشدا جێی سەرنج و تێبینی بووە،
ئەوە لە فەزای سیاسی و تێکۆشانی سەختی نەتەوەیی بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و خوێنڕێژ
و نەژاد جیاوازە ئەوپەڕی ڕێگەپێنەدراو بەڵکو تا ڕادەیەک تابۆ بووە.
لەیلا قاسم، ئەو تێکۆشەرەبوو، کە چەمکە مۆنۆپۆڵکراوەکان
و هاوکێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی لە بەرژەوەندی ڕەگەزی مێ پێچەوانە کردەوە، ئەو
بە نەبەردی و ئازایەتی و ملکەچنەکردن بۆ زۆرداری دەسەڵاتی داگیرکەر و پێداگری لە
بیروباوەڕی کوردایەتی و ڕێبازی پیرۆز، سەلماندی ئەوەی بە پیاو دەکرێت، ئافرەتیش
دەتوانێت جێبەجیی بکات، بەڵکو دەتوانێ سەرمەشقی ئەو تێکۆشانەبێت، زیاتر و دیارتر و
جیاوازتریش ئەو ڕۆڵە بەرجەستە بکات. ئەو سەلماندی کە چەمکەکانی ئازایی و نەبەردی و
بەهێزی و شۆڕشگێڕی چەمکی جێندەری نین و تایبەتمەندی هەردوو توخمی مرۆڤن بەبێ
جیاوازی.
دەسەڵاتی دیکتاتۆر لەیلا قاسمی لەسێدارە دا، بەڵام وەک
لەیلا خۆی بە جەلادەکانی گوت: "بەکوشتنی من هەزاران کورد هۆشیار دەبنەوە و زۆر
خۆشحاڵم کە ژیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستان دەکەم". هەرواشبوو لەیلا لەکاتی
خۆیدا بوو بەهۆی جۆشدانەوەی خەبات و هێمای خەباتی نەتەوەیی و هەزاران لە کچانی
کوردستانی بەناوکرا و بوو بە بەشێک لە ئەدەبیاتی بەرگری و هەڵبەستی شاعیر و ئاوازی
هونەرمەندان و تا ئیستاش چەندین قوتابخانە و شوێنی گشتی بەناوی ناسراوە و هەموو
ساڵێکیش یادی بەرتر ڕادەگیرێت.
لەیلا
قاسم بۆ ئێمە سمبولە و ئەزمونی ژیان و تێکۆشان و مەرگی شکۆدار و شەهادەتی پیرۆزی
تێشووی خەبات و مەشخەڵی ڕووناککردنەوەی ڕێی تێکۆشانمانە. هەموو سات و ساڵێ بەڕێز و شکۆوە یادی دەکەینەوە و تا گەیشتن بە
ئازادی و سەرفرازی یەکجاری.