فیمنیستبوون وەک پرەنسیپێک لە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکاندا

د.ڤیان سلێمان
31/05/2021

مەبەستم لە فیمینیزم هەندێک ڕوانگەی پەڕگیر و دژەپیاو نییە، هەروەک هەرگیز و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نیم کە ئازادی و بەختەوەری کۆمەڵگە بە دژایەتیکردنی پیاو وهەڵوەشانەوەی خێزان دروست ببێ وەک هەندێک لە فیمینیستە ڕادیکاڵەکان داوایانکردووە یاخود وەک لەلایەن نەیارانی فیمینیزمەوە بانگەشەی بۆ دەکرێ. هەرگیز لەو بڕوایەدا نیم ڕوانگەیەک کە ئامانجی ڕزگاری ڕەگەزێکی مرۆڤ و هەڵگرتنی چەوسانەوە بووبێ لەسەری، خۆشی بەهەمان ڕوانگە خوازیاری ئەوەبێ ڕەگەزەکەی دیکە بچەوسێنێتەوە و مافی یەکسانی پێ ڕەوا نەبینێ. بیری فیمینیستی و بزووتنەوەی فیمینیزم وەک جووڵانەوەیەک دژ بەو نادادپەروەرییانەی بەرامبەر نیوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کە ئافرەتانن؛ سەری هەڵدا و ئامانجێتی ماف بۆ ئافرەت بگەڕێتەوە و  هاوکێشەی هێز و دەسەڵات لە نیوان هەردوو ڕەگەزدا یەکسان ببێتەوە. تاکە ڕوانگەیەک کە خوازیاری ڕاستکردنەوەی ئەو هاوکێشەیەی ژیان و گەڕانەوەی ماف و شکۆیە بۆ ئافرەت، بیری فیمینیزمە. فیمینیزم ئەو ڕێبازەیە کە ئافرەت لە ڕێگەیەوە بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی خۆی دەکات و ئەو هزرەیە کە بڕوای بە یەکسانی پێگە و سەنگ( بەها)،  دەرفەت و دەستکەوت ،ئەرک و بەرپرسیاریەتی لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا هەیە. فیمینیزم ئەو تیۆری و هەموو ئەو بنەمایانە پوچەڵ دەکاتەوە کە ماف بە پیاو دەدەن، ژیانی ئافرەت ئاراستە بکا و بڕیار لە چارەنووسی بدات، ئەوەش گوایە لە باری سروشتییەوە پیاو لە ئافرەت بەهێزتر و ژیرترە. فیمینیزم و پێشەنگانی بیری فیمینیزم، بناغەی هەموو ئەو دەستکەوتانەیان داناوە کە لە ئەمڕۆدا ئافرەتان پێیگەیشتوون؛ لە سەرەتاییترین مافەوە تا هەموو ئەو مافانەی ئەمڕۆ بەدیهاتوون. هەربۆیە؛ بیر و ڕوانگەیەک کە وەها مەبەستێکی بووبێت و بزووتنەوەیەک کە ئامانجی ڕزگاری مرۆڤ و هەڵگرتنی چەوسانەوە بووبێ لەسەری، بێگومان جێی خۆیەتی کە خاوەنداری لێ بکەین و وەک پرەنسیپی ژیانکردن و مامەڵەمان بێت لەگەڵ ئەوانی دیکەدا لە ژینگەی خێزان بێت یاخود دەرەوەی خێزان. بەوپێیەی زۆرینەی ئافرەتان لە ڕێڕەوی ژیانیاندا بەردەوام یان هەندێ جار لەبەرئەوەی کە ئافرەتن بەشێوەیەک لە شێوەکان دووچاری توندوتیژی و نادادپەروەری بوونەتەوە و دەبن. مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لە نایەکسانی و نادادپەروەری و ستەمکردن لە ئافرەت و کۆی کایەکانی ژیانیش ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخەی لەسەرە. هەربۆیە فیمینستبوون چارەنووسی هەموو ئافرەتێکە.
 ڕوانگەی فیمینیزم بۆ پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان و هاوسەنگانە ژیان؛ بەبێ باڵادەستی و هەژمونی ڕەگەزێک، هەڵوەشانەوەی بونیادی باڵادەستی ڕەگەزی و ڕوانگەی پیاوسالاری لە بەڕێوەچوونی ژیان و نەمانەوە لەژێر سێبەری ئەو هزرە مەترسیدارەدا؛ ڕوانگەیەکە دەکرێت ئێمە لە پەیوەندییەکانماندا پێڕەوی لێ بکەین، بەپێی پێوەرەکانی یەکسانی و هاوجۆری مامەڵە بکەین و وەک دایکێک منداڵەکانمان بەپێی پرەنسیپەکانی یەکسانی جێندەری پەروەردە بکەین و وەک ئافرەتێک پشتیوانی ئافرەتانی هاوڕەگەزمان بین. بەپێی پێوەرەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالاری و ڕوانگەی نەریتی، لە ئافرەتبوونی خۆمان نەڕوانین و خۆمانمان پێ لاواز و بێ دەسەڵات نەبێ و ئەم دیدە هەڵەیەش نەکەینە بنەمای پەروەردە و گرنگی وشێوازی ڕەفتارمان لەگەڵ منداڵەکانمان . ئافرەتبوونی خۆمان بە لایەنە فیزیکی و دۆخی جەستەیی و ژنێتی نەبەستینەوە و  لەگەڵ جەستەی خۆمان بە چاوی حەز و بەرژەوەندی پیاو و پێوەرەکانی بەکاڵابوون و بازاڕگەری و سەرمایەداری مامەڵە نەکەین. نە دیلی دیسپلینی نەریت و ئایدۆلۆژیا بین و نە دیلی دیسپلینی بازاڕ و میدیا.
 ئافرەتبوون، لای ئێمەی ئافرەت پەیوەست بێ بە مرۆڤبوون و دۆخی عەقڵانی و پێگەیشتوویی دەروونی و ویژدانیمان . لە خۆمان وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن شیان و لێهاتوویی بڕوانین کە پێویستیمان بەخۆپێگەیاندن و خۆتەیارکردنە بە زانست و فێربوون، خۆپەروەردەکردنە بە بنەماکانی پەروەردەی مرۆڤدۆستانەی یەکسانخوازانە، بەوەش ئێمە دەبینە خاوەن هێزێکی لەبن نەهاتوو لە ناخ و ئیرادەماندا، هێزێک کە لەگەڵیدا هۆش و زانست و ئاگایی هەیە، بەوەش ئێمە تەنها ژیانی هاوبەشی و هاوپێگەیی و هاوسانیمان قبوڵە، نەک پلەدوویی و ژێردەستەیی و لاوازی، ئەو بنەمایانە و زۆری دیکەش ئەوانەن کە بیری فیمینیزم پێمان دەڵێت، هەربۆیە با بە ئافرەت و پیاوەوە، فیمینیزمبوون وەک پرەنسیپێک بۆ ڕێکخستنەوەی ژیان و پەیوەندییەکانی نێوانمان وەربگرین و بیکەینە شەنگستە و بنەمای پەروەردەی منداڵانی داهاتووی کوردستانی ئازیزمان وبەرەو سیستەمی مرۆڤسالاری هەنگاو بنێین.


Designed and developed by AVESTA GROUP