دەوروبەری کۆمەڵایەتی و چەوساندنەوەی ئافرەت

زوڵه‌یخا حسێن
28/06/2021

 
  ئافرەت لەنێو کۆمەڵگه‌ هەڵسوکەتی نادروستی له‌گه‌ڵ دەکرێت، لەبواری کۆمەڵایەتیدا ئافرەت هەندێک جار بەپلە دوو و سێ، هەندێکجاریش وەکو کۆیلەیەک سەیر دەکرێت. لە کۆمەڵگه‌ی کۆن و نوێشدا ئافرەت نەک تەنها لەکوردستان، بەڵکو لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و لەسەرتاسەری جیهانیشدا لەژێر هەژمون و زوڵمێکی زاڵمانەی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و کەلتوری پیاوسالاریدا دەژی.
دەوروبەری کۆمەڵایەتی کە تەنراوە بە دیاردە و نەریت و کەلتوری هەمەجۆری دواکەتوو، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئافرەت بەشێواز و ڕێگا و مەبەستی جیاواز بچەوسێنرێتەوە.
لەکۆمەڵگه‌ی کوردستاندا، تاکو سەدەیەک، یان نیو سه‌ده‌ پێش ئێستاش، ئافرەتی کورد لەڕووی کۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنانه‌وه‌ بەشداری کارای هەبووه‌، ئافرەت نەک هەر منداڵی پەروەردە وبەخێو دەکرد، نەخێر ئەو وەکو خاوەن ماڵ و دەسەڵاتدارێکی کۆمەڵایەتی پێشوازی لەمیوان و بڕیاردان و بەرهەمهێنان و دەستکەوتی دارایی دەکرد. ئافرەتانی سەربەرستی کوردستان نموونەیەکی بەرز و جوانی قسە و بۆچوونی هەموو گەڕیدە ڕۆژئاواییەکان بوو، کە پێشتر روویان لەکوردستان کردبوو.
دەوروبەری کۆمەڵایەتی کە بریتییە لە (نەریت، کەلتور، دەسەلاتی دارایی، پەیوەندی کۆمەلایەتی و دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگه‌) کاریگەریان لەسەر دەرکەوتنی بیرۆکەی چەوسانەوەی ئافرەت و لەقاڵبدان و پتر کۆیلەکردنی ئافرەت هەیە. بێگومان دەوروبەری کۆمەڵایەتیش پەیوەندیی بەدەوربەری ئابوری و کاریگەرییە ئابوورییەکانەوە هەیە.
بێگومان باشکردنی دۆخی ژیان و بەدیهێنانی مافەکانی ئافرەتان لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دەستووری و مەدەنییەوە، پەیوەستە بەخودی ئافرەتان و ئەو شۆڕش و بزاڤانەی بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان دەیکەن. لە ئەمەریکا ئافرەتان جەنگێکی درێژخایەنیان بۆ بەدەستهێنانی مافی دەنگدان و بەشداری لە ژیانی سیاسی و ئابووری کردووە، لە روسیاش دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر ئافرەتان توانیان لەڕێگەی بەشداری لەشۆڕش، مافەکانیان باشتر بکەن. لەئەوروپاش ئافرەتان لەم جەنگە بەردەوامە بەردەوامن، ئافرەت لە ئاسیا و ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا هێشتا لەپێناو دابینکردنی دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتی گونجاوی ئارام و دڵنیاکەر دەجەنگن، دروشمەکان بزاڤی ئافرەتان بۆ بەدیهێنانی مافەکانیان بەپێی دەوروبەرە کۆمەلایەتییەکان دەگۆڕێت، لەئەوروپای پێشکەوتوو، ئافرەتان داوای دەست حەقی یەکسان لەگەڵ پیاوان و مافی دایکایەتی و یەکسانی لە کاری و چی وچی دەکەن، لە سعودییەدا ئافرەتان داوای مافی بەدەستهێنانی دەنگدان و مافی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەشداری لەئیدارەی دەوڵەت دەکەن.
لەهەمان کاتدا ئافرەت بەپێی دەوروبەری گروپە توندرەوە دینییەکان، کەرەستەیەکی هەرزانی کۆیلەکراوە، بۆ پاراستن و بەدیهێنانی خواستە کۆمەڵایەتییەکانی پیاوان و بەهێز هێشتنەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاری و بەکارهێنیان بۆ ئەنجامدانی کاری توندتیژی و تەقینەوە و تۆقاندن.  
دەمەوێت ئاماژە بە زانیاریی و داتایەکی متمانەدار بکەم، کە باس لەوە دەکات ئافرەت هێشتا لەدۆخێکی دواکەوتووی نەزانین و نەخوێندەواری دەژیت، لەوانە: ٪٧٦ یەمەن و ٪٥٥ سودان و ٪٤٤ جەزائیر و ٪٣٤ سعودیە. لەتەک ئەوەشدا بەپێی دەوروبەری کۆمەڵایەتی بەشێکی زۆری وڵاتە دواکەوتووەکان دان بەمافی یەکسانی کۆمەلایەتی لەنێوان ئافرەت و  پیاو لەمیراتگری و کار و دەسەڵات لەنێو خێزان ناکەن.
لەکوردستاندا ئافرەت دەمێکە لەڕێگەی ڕێکخراوە پیشەییەکانی کار بۆ بەدیهێنانی یەکسانی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی مافە ئابووری و ئیداریی و مەدەنییەکانی خۆی دەکات، لەزۆر بواردا ئافرەت نوێنەرایەتی خۆی دەکات، بەلام ئەمە کۆتایی و دەستخستنی هەموو مافەکان نییە.
ئافرەتانی کوردستان لەململانێیەکی توندن لەگەڵ ئەو دەوروبەرە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەی خەریکە بەرەو دواوە و بەرەو داخران دەگەڕێتەوە، بێگومان هۆکاری بۆ ئەم پاشەکشە کۆمەڵایەتییە و ئەو ژینگە کەلتوریی و ئابوورییە هەیە، کە ئافرەت بەتوندی رەخنەیان لێ دەگرێت. کوشتنی ئافرەت پەیوه‌ستە بە دەوروبەری کۆمەڵایەتی و عەقڵیەتی پیاوسالاری. سوکایەتی بەئافرەت و گێرانەوەی بۆ ناو ماڵەوە و خەریکردنی بە بەخێوکردنی منداڵ، دیسان وابەستەیە بەدەوروبەری کۆمەڵایەتی.
لەگەڵ ئەوەشدا وەکو بەشێک لەهەواڵ و زانیاریی و داتا ڕۆژانەییەکان ئاماژەی پێ دەکەن، لە زۆر شوێنی دونیا ئافرەت بەپێی دەوروبەره‌ کۆمەلایەتیەکەی ڕوبەرووی توندوتیژی و تەنیا کوشتین دەبێتە، ئەگەر لە ڕۆژهەلات و کوردستان وابەستە کرابێت بە مەسەلەی "شەرەف". ڕەنگە لەشوێنێکی دیکە پەیوەندی بەدەوروبەری دارایی و ململانێی نەژادپەرستی و کار و سێکسەوە هەبێت.
بۆیە چارەسەر ئەوەیە پەرە بەهوشیاری کۆمەڵایەتی و چاککردنی دەوروبەری کۆمەڵایەتی بکەین، ئەو دەوروبەره‌ی هێشتا هێزێکی خۆسەپێنی پیاوسالار حوکمی تێدا دەکات، ئەمەش بە بەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەلایەتی دەبێت.


Designed and developed by AVESTA GROUP