پارتی سیاسی، گرنگترین وێستگەی بەشداری سیاسی ئافرەت

د.ڤیان سلێمان
12/07/2021

           نایەکسانی لە بەشداری ئافرەت لە کایەی سیاسیدا لەچاو پیاودا دیاردەیەکی جیهانییە و ڕەگی قوڵی ئایدۆلۆژی و فکری هەیە، بەپێی ئامارێک کە لەکانوونی دووەمی٢٠١٩ ئەنجام دراوە لە سەرانسەری جیهاندا ئافرەتان٢٤.٣% کورسییەکانی پەرلەمان و ٢٠،٧% وەزارەتەکانیان لایە، ئەوەش لەگەڵ ئەوەی وەک پێشڤەچوونێکی لەسەرخۆ دانراوە، هاوکات وەک ئاستەنگێک لە پێش بەدیهێنانی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەکسانی جێندەری و گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەی بەردەوام تا ٢٠٣٠ دانراوە.

پارتە سیاسییەکان وەک ناوەندی نوێنەرایەتیکردنی جەماوەر و دروستکاری ڕای گشتی؛ گرنگترین کەناڵی بەشداری سیاسی ئافرەت و بەهێزترین ئامرازن بۆ گەیشتنی ئافرەت بە پلەکانی بەرپرسیاریەتی. هاوکات پارتە سیاسییەکان باشترین ژینگەن بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی پێگەیاندن  و ئامادەکردنی کادرانی ئافرەت و پێسپاردنی ئەرکی سیاسی و ئیداری و پاشان دەربەستکردن و پشتیوانیکردنیان لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان. پارتە سیاسییەکان  ناوەندی سەرەکی دانانی بەرنامە و ئەجیندای دەوڵەتداری و بەڕێوەبەرین. پارتە سیاسییەکانن کە نوێنەر دەنێرنە پەرلەمان و حکومەتەکان پێک دەهێنن. بۆیە بوونی تێڕوانینی مەدەنیانە لەناو حیزبە سیاسییەکان بۆ ڕۆڵی ئافرەت و پێگەی ئافرەت و بەکردارکردنی ئەو تێڕوانینە و گشتاندنی لە پەروەردەی کادران و سەرکردایەتیی و کۆمەڵگە بە گشتی؛ نەخشەڕێی گەیشتنی هەر گەلێکە بە بەرزترین ئاستی پێشکەوتن کە خاوەن سیتەمی  بەڕێوەبردن و دامەزراوەی یاسایی و دادوەری پێشکەوتووە.

          بەشداری یەکسان و کارای ئافرەت یەکێکە لە ئاماژە و پێوەرەکانی دیموکراسی و پێشکەوتن، لە هەمانکات فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ فراوانبوونی پێگەی جەماوەریی و بەردەوام گەشەسەندن و هەڵکشانی هەر پارتێکی سیاسی، پارتی سیاسی پێویستی بە بەشداری کارای ئافرەت و دەنگ و پشتیوانی ئافرەتە بۆ سەرکەوتن لە پرۆسەکانی هەڵبژاردن، ئافرەتانیش پێویستییان بە پارتە سیاسییەکان هەیە بۆ دەرخستن و سەلماندنی تواناکانیان و جێگیرکردنی داواکارییەکانیان لە پرۆگرامەکەیاندا، لەم بارەدا هەم پارتی سیاسی سوودمەندە لە وزەی مرۆیی ئافرەتان و هەم ئافرەتانیش سوودمەندن لە پارتە سیاسییەکان؛ هەربۆیە لە کاتێکدا ئەرکی پارتی سیاسییە گرنگی بە ڕۆڵی ئافرەت  و بەشداری کارای لە ڕیزەکانیدا بدات و ماف و ئەرکی یەکسان بۆ ئافرەت لە پرۆگرامەکەیدا جێگیر بکات، لە هەمانکات ئەرکی ئافرەتە خۆی لەو بەشدارییە لا نەدات و ئەو کایە گرنگە بە تەنها بۆ پیاو بەجێ نەهێڵێ و بە هەموو توانایەک هەوڵی نەهێشتنی قۆرخکاری ڕەگەزی و کەم بوونەوەی کەلێنە جێندەرییەکان لەو ناوەندە گرنگەدا بدات. 
          ڕاستە کە حیزبی سیاسی زادە و هەڵقوڵاوی هەمان کولتوری کۆمەڵگە و ژینگە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابورییەکەی کۆمەڵگەیە، بەڵام ئەرکی حیزبی سیاسییە کە هەوڵی گۆڕانکاری بە ئاڕاستەی پێشکەوتن بدات و یەکەم هەنگاوی ئەو گۆڕانکارییەش دەبێت لە ڕیزەکانی خودی حیزب و لە پرۆگرامەکەیەوە سەرچاوە بگرێ. لەهەمانکات پێویستە ئافرەتانیش هەوڵی خۆیان بدەن بۆ پەیوەندیکردن بە کاری سیاسی و چوونە نێو پارتە سیاسییەکان و لەوێ هۆشیار بن لەوەی چۆن وەک ئافرەتێک سیاسەت دەکەن و چۆن دەتوانن دەنگی هاوڕەگەزەکانیان بن و بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییەکانیان بکەن. هەروەها چۆن تواناکانی خۆیان دەسەلمێنن بۆ پۆچەڵکردنەوەی هەمووو ئەو بانگەشە و بڕوایانەی کە پێی وایە سیاسەت کاری ئافرەت نییە، و ئافرەتان خۆیان حەزیان لە کاری سیاسی نییە. پێویستە لە هۆکارەکانی پشت ئەو ویستە بکۆڵینەوە و بزانین ئەو فاکتەرانە چین، کە ئەو بروایەیان لای بەشێک لە ئافرەتان درووست کردووە یاخود ئافرەت زیاتر ڕوو لە بوارانیتر دەکات تا بواری سیاسەت. بێگومان ت.ئەگەر ویستێکی وا لای بەشێک لە ئافرەتان هەبێت؛ هۆکارەکەی ئەو جیاکارییە جێندەرییەیە کە لە پەروەردەی هەردوو ڕەگەزدا پەیڕەو کراوە و ڕەگەزی مێ بۆ کایەیەک و ڕەگەزی نێر بۆ کایەیەک بار هێنراوە.
سەرکەوتنەکانی ئافرەتان و بوونی چەندین ئەزموونی سەرکەوتووی ئافرەت لە کایەی سیاسیدا لە سەرانسەری جیهان، کارێکی وای کردووە کە هەموو ئەو بڕوایانە پۆچەڵ ببنەوە و پێویست بە ئارگۆمێنتێک نەبێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئافرەت وەک پیاو بەڵکو زیاتریش توانای کاری سیاسی هەیە. هەربۆیە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتاندا بۆ کارکردن لە پارتە سیاسییەکاندا و هاوکات پشتیوانی پارتی سیاسی لە بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ئافرەتان لە کاتێکدا کە خزمەت بە پرسی ئافرەت دەکات لەهەمانکات فاکتەرێکی هەرە گرنگە بۆ فراوانبوونی پێگە جەماوەرییەکەی پارتە سیاسییەکە و پێشکەوتنی وڵات.


Designed and developed by AVESTA GROUP