​ ڕۆڵی پەروەردە لە کەمبوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت

د.ڤیان سلێمان
23/08/2021

           ئەرکی پەروەردە ئامادەکردنی مرۆڤە بۆ ژیان واتە هونەری ژیانکردن کە لەسەر بنەمای هزر بنیات دەنرێت، هیچ هونەرێک بەبێ بنەمای فکری سەرکەوتوو نابێت. سیستەمی پەروەردەی ئێمە بێجگە لەوەی کە لەڕوانگەی پەروەردەکردنی هزری تاک کەڵێنێکی یەکجار گەورەی لە تەواوی ئاستەکاندا تێدا بەدی دەکرێت (لێرەدا مەبەستمان نییە لەو ڕوانگەیەوە لەسەری بدوێین )؛ زیاتر پشتی بە لایەنی فێرکردن بەستووە، کە مەبەست لێی فێرکردنە بۆ فێربوونی کار و پیشە. ئەمە کێشە گەورەکەی کۆمەڵگەی ئێمەیە لە بواری پەروەردەدا کە خێزان زیاتر گرنگی بە لایەنی بەخێوکردن و دابینکردنی کەرەستەکانی ژیانکردن دەدات و سیستەمی خوێندن زیاتر گرنگی بە لایەنی فێربوونی زانست یا خود کار و پیشە دەدات و لەو ناوەندا پەروەردە پشتگوێ خراو و کەمبایەخ هەم لەسەر ئاستی سیستەمی پەروەردە و هەم لەسەر ئاستی خێزان وئەو پانتایە بچووکەشی کە بە بەری دەکەوێت لە ناو هەر دوو ناوەندەکەدا، بنەما هزرییەکەی لە سیستەمی باوکسالاری وەرگرتووە و لە هەموو جومگەکان ڕەنگی داوەتەوە. ئەمەش سەرچاوەی زۆری کێشەکانە بە تایبەت توندوتیژی و تایبەتتر توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت.
بیریاری ناتوندوتیژی ماری مۆلێر دەڵێ: بۆ لەناوبردنی ئەو ئایدۆلۆجیای ڕەوایەتی بە توندوتیژی دەدات، پێویستە کار بکەین بۆ تێراوکردنی کۆمەڵگە بە کولتوری ناتوندوتیژی، کولتوریش بە پەروەردە دەست پێ دەکا. پەروەردەیە کە دەتوانێ نیانی و  ئاشتیخوازی لە دەروونی تاک بچێنێ و فێری ڕێزگرتن و بەرپرسیاریەتی و ناتوندوتیژی بکات، ئەرکی پەروەردە تێکشکاندنی تێڕوانینە جیاکارییەکانە لە بەرامبەر ئەوانی تری جیاواز لەڕووی ڕەگەز و نەژاد و ئایین و نەتەوە و بیروباوەڕ و ڕەنگ و هەر بنەمایەکی دیکە. ئەوە پەروەردەیە کە دەتوانێ کولتور بگۆڕێ، کولتورێک کە تێیدا جەستەی ئافرەت هەڵگری شەرەفی پیاوە، کولتورێک کە ڕەوایەتی بە پیاو دەدات ئافرەت سزا بدات تا ڕادەی کوشتن، کولتورێک کە لەسەر بنەمای ڕەگەز ڕۆڵ و کایە بۆ تاکەکان دیاری دەکات، ئەرکی پەروەردەیە کە پشت بە بنەما هزرییەکانی سیستەمی مرۆڤسالاری ببەستێت و بەها کۆنەکان کە لەگەڵ ڕۆحی سەردەم و شکۆ و یەکسانی مرۆڤەکان ناگونجێن نەهێڵێ و بەهای نوێ فێری تاک بکات.
  مرۆڤ هەڵگری خۆڕسکانەی بەها کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان نییە، بەڵکو مرۆڤ ئەوانە لە کەناڵەکانی پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی لە نموونەی خێزان و قوتابخانە و ناوەندە ئایینی و ڕۆشنبیرییەکان وەردەگرێ. خێزان وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی گرنگ و کاریگەر، یەکەم کەناڵی پەروەردە و بە کۆمەڵایەتی کردنی تاکە و، تاک لە خێزانەوە بنەماکانی ژیانبینی وەردەگرێت و لە ئاکار و هەڵسوکەوتیدا ڕەنگ دەداتەوە و هەر ئەوەش ڕۆڵی سەرەکی لە ڕەنگڕێژکردنی دونیابینی و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی تاک بۆ درێژایی ژیانی دەگێڕێ. لە دوای خێزانیش قوتابخانە و ناوەندەکانی فێرکردن و کۆمەڵگە پەروەردە و پێگەیاندنی تاک پێکدەهێنن.

سەرەڕای گۆڕانکاری بەرچاو، بەڵام تا ئێستاش بەشێوەیەکی بەرچاو جیاکاری جێندەری لە خێزاندا پێڕەو دەکرێت، ئەو جیاکارییە هەندێ جار لە سەرەتای هاتنە دونیا و تەنانەت هەر لە  لە کاتی دەرکەوتنی رەگەزی کۆرپەلە لە سکی دایکدا دەست پێ دەکات، کە خێزانەکان چاوەڕی ناکەن تا کۆرپەلە قۆناغەکانی پێگەیشتن لە سکی دایکدا تەواو بکا پەلەی ئەوەیانە بزانن، منداڵەکەیان کوڕە یان کچە، ئەوەش بە ڕێگەی زانستی پزیشکی، کە لێرەدا سەرەڕای تێبینی زۆرم لەسەر ئەم ڕێکارە و هیواداربوونم لەوەی خێزانەکان بۆ مەبەستی پزیشکی نەبێت پەنا بۆ ئەم هەنگاوە نەبەن و لە سۆنگەی هاتنە دونیای مرۆڤێک چاوەڕیی لەدایکبوونی منداڵەکەیان بکەن، نەک مرۆڤێکی نێر یان مێ.

          سەرەڕای گۆڕانکاری بەرچاو، بە تایبەت ئەوەی لە تێگەیشتن دەربارەی خێزان و لەرزینی هەژموونی پیاوسالاری لە خێزاندا درووست بووە، بەڵام دەتوانم بڵێم لای زۆر لە خێزانەکان،  بە شێوەی جیاواز و بەپێی ڕەگەز پێشوازی لە هاتنە دونیای منداڵەکەیان دەکەن و بە هاتنە ژیانی منداڵی کوڕ خۆشحاڵتر دەبن، ئەمەش لە ڕوانگەی هزری پیاوسالاری و بەپێشدانی کوڕ، دواتریش پێڕەوکردنی پەروەردەی جێندەری و  بارهێنانی هەریەکەیان بۆ ڕۆڵی جیاواز و کایەی جیاواز بەپێی نۆرمەکانی سیستەمی ڕەگەز- نێرسالاری. بە شێوەیەک ڕەگەزی نێر بەهێز و دڵرەق بێ و هەستەکانی خۆی دەرنەخا، ڕەگەزی مێ لاواز و دڵنەرم و سۆزدار، پۆڵێنکردنی تایبەتمەندییەکانی مرۆڤ بەپێی رەگەز هەر لە سەرەتای قۆناغی منداڵییەوە، سەرەتای دروستبوونی جیاوازییە لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا. ئۆریانا ڤالاچی لە کتێبی (نامەیەک بۆ ئەو کۆرپەی کە هەرگیز لەدایک نەبوو)  گفتوگۆ لەگەڵ کۆرپەکەی سکی دەکات "ئەگەر کچ بیت، دەبێت زۆر بجەنگی بۆ ئەوەی بتوانی بڵێی منیش شتێک لەناو جەستەمدا هەیە پێی دەوترێت عەقڵ، ئەگەر کوڕ بووی، هەر خۆشحاڵ دەبم، کوڕبوونیش ئاسان نییە، چونکە کوڕ بیت، بەرپرسیاریەتی قورس و زۆرەملێت دەخەنە ئەستۆ،  ئەگەر بگری یان بەزەیی و خۆشەویستی لە دەرونتدا هەبێت، گاڵتەت پێ دەکەن، بێ ویستی خۆت فەرمانت پێ دەکەن بکوژ بیت.'' ئەمەش  وەک جیاکارییەک لە پەروەردەی هەردوو ڕەگەز.
          بەوپێیەی خێزان لە کۆمەڵگەی کوردستانی لەژێر کاریگەری نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانی سیستەمی باوکسالاری دایە؛ بۆیە پەروەردەی خێزانیش سەرچاوە لەو نەریت و نۆرم و بەها کۆمەڵایەتییانە وەردەگرێ. ئەو نەریتانەش ڕەگەزی نێر وەک دەسەڵاتدار و خۆبەگەورەزان و ڕەگەزی مێ وەک لاواز و گوێڕایەڵ وێنا دەکەن، بەوەش ئافرەت دەبێتە پاشکۆی پیاو و کارەکتەری لاواز و  پاشکۆ لەڕووی ئابورییەوە. بۆ نموونە پیاو هەڵگری پێناسەی سەرۆک خێزانە و ئەو خێزان بەڕێوە دەبات، لەکاتێکدا زۆر لەو خێزانانەی کە ئافرەتێک بژێوی ژیانیان دابین دەکات و بەڕێوەی دەبات لە جیاتی بە سەرۆک خێزان هەژمار بکرێت بە ئافرەتی بێسەرپەرشت پێناسە دەکرێت.
 کێشەکە لەوێدایە سیستەمی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن و فێرکردن ڕەنگدەرەوەی هەمان بیری باوی کۆمەڵایەتی بن کە لە خێزاندا پێڕەو دەکرێت، یاخود پەروەردە بوێر نەبێت لە کارکردن بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو بڕوایانەی کە ئەو جۆرە بەها و نەریتانەیان درووست کردووە و پەروەردە ئەو ئامرازە نەبێت کە دەست دەخاتە سەر برینەکان و هەوڵی پڕکردنەوەی کەلێنە جێندەرییەکانی نێوان هەردوو ڕەگەز نەدات، ڕەگەزی نێر فێری ڕێزگرتن لە ڕەگەزی مێ و هاوشانی و هاوسانی و متمانەکردن بە تواناکانی نەکات. ئەوکاتە پەروەردە ڕۆڵی پێویست نابینێت و ناشتوانێت یارمەتیدەری خێزان بێت لە گۆڕینی تێڕوانینە ڕەگەزییەکان و پێڕەوکردنی پەروەردەی یەکسانخوازی مرۆڤدۆستانە.
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و سودوەرگرتن لە پەروەردە وەک چەمکێکی گشتگیر و پرۆسەیەکی بەردەوام؛ پێوستە بنەما هزرییەکانی سیستەمی مرۆڤسالاری لە تەواوی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕەنگ بدەنەوە . هەروەها وانەی پەروەردەیی تایبەت کە تاکی نیانڕەو و مرۆڤدۆست بەرهەم بهێنێت، وانەی تایبەت بە پرسی ئافرەت و یەکسانی جێندەری هەبێ و ئەو دوو ڕەگەزە هانی یەکترقبوڵکردن و هاوشانی و ژیان لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستی بدرێن،  کار بۆ ئەوە بکرێت تێڕوانینی مرۆییانە جێی تێڕوانین لەسەر بنەمای ڕەگەز بگرێتەوە، بەوپێیەش ئەم بنەمایانە بۆ ناو خێزانیش شۆڕ دەبنەوە و لە ئەنجامدا خێزانیش دەبێتە ئەو شوێنە کە مرۆڤی بە‌هێز و متمانەبەخۆبوو و خاوەن ئیرادە پێ دەگەیەنێت و دەینێرێتە کۆمەڵگە، ئەوکاتە خێزان هەم خۆی خێزانێکی دیموکراس و یەکسان دەبێ بۆ تاکەکانی هەم، دەبێتە سەرچاوە و ستوونی کۆمەڵگەیەکی بەهێز و پێشکەوتوو. 


Designed and developed by AVESTA GROUP