بۆئەوەی ئایندەمان مسۆگەربێت، دەنگ بە پارتی دەدەین

د.ڤیان سلێمان
20/09/2021

  هەڵبژاردنی خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە١٠/١٠ بەڕێوەبچێت بۆ هەرێمی کوردستان گرنگیەکی زۆری هەیە، ئەمەش لە سۆنگەی بارودۆخی ئێستای عێراق و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان لە ناوچەکەدا. هەڵبژاردن یەکێکە لە بنەماکانی پرۆسەی دیموکراسی و هەر خۆی ڕێڕەوی دیموکراسی دیاری دەکات، چەمکی هەڵبژاردن لە بنەڕەتدا چەمکێکی فرەڕەهەندی سیاسی کۆمەڵایەتی ئابورییە، ئەستەمە لە یەک پێناسەدا مافی خۆی پێبدرێت، بەڵام لەبنەڕەتدا مەبەست لە بوونی چەند بژاردەیەک و بە باشزانینی یەکێک یا خود زیاترلە یەکێکیانە و بڕیاردانە لەو بارەیەوە،دواتر شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکانی بڕیارەکە و پێداچونەوەیەتی، ئەمەش پرۆسەیەکی درێژخایەنی بەردەوامە بەتایبەت لە ئێستای سەروبەندی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
هەڵبژاردن ئەگەر ڕێڕەوی دروستی خۆی وەربگرێت و دووربێت لە دەستێوەردان و فشار و پێشێلکاری یاخود ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکی دیمۆکراسیدا بەڕێوەبچێت تاکە ڕێگەی بونیاتنانی حکومەتی هاوڵاتی و پاراستنی مافی هاونیشتمانیانە. لەبەر بارودۆخی ناسەقامگیری عێراق لەڕووی ئەمنی و سیاسی و  ناتەبایی لایەنە سیاسی و مەزهەبییەکان و پێکدادانی بەرژەوەندییە  ناوخۆیی و هەرێمی و نێونەتەوەیییەکان، چاوەڕوان ناکرێ پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن لە عێراقدا پرۆسەیەکی دیمۆکراسی ئاسایی بێ و هەموو ئەگەرەکانی فشار و دەستێوەردان و پێشێلکاری لە ئارادایە.
 هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا، تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی سەقامگیری خۆی ڕابگرێ و پێشکەوتن لە سێکتەرە جیاوازەکان بەدەست بێنێ و پارێزگاری لە پێکەوەژیانی ئاشتیانە و سەقامگیری باری ئەمنی بکات، کە ئەمەیان دیارترین خاڵی جیاکەرەوەی هەرێمە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، هاوکات هەرێمی کوردستان وێرای هەموو فشارەکان تا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی خۆی بپارێزێ و نەکەوێتە ژێر باری بەرژەوەندییە هەرێمایەتییەکان. ئەو لایەنەش کە لە هەرێمی کوردستاندا پارێزگاری لەم هێڵە دەکات بەدڵنیاییەوە پارتی دیمۆکراتی کوردستانە ئەویش بە سەرۆکایەتی ڕابەری نەتەوەیی و نیشتمانی(سەرۆک بارزانی). هەربۆیە لە ڕوانگەی هەڵوێستەکانی پارتی و بەرنامەی سیاسی پارتی دەتوانین بڵێن؛ پارتی جیاواز لە هەموو حیزب و لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەو هەڵبژاردنەدا بەشداری دەکات، ئەرکی پارتی لە هەمووان قورسترە و ئامانجەکانی باڵا و مەزنن.
لە ڕابردوودا بینیمان بەهۆی دەستە و گروپی ناو هەندێک حیزب سازش لە مافە نەتەوەیی و  دەستوورییەکان کرا و لەگەڵ نەیارانی کورد پێکهاتن کرا و ڕێکەوتنی ژێربەژێر بۆ ڕادەستکردنی خاک و نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کرا، بەردەوام دەبینین چۆن بەرەیەک کار لەسەر بە دۆزەخ پیشاندانی هەرێمی کوردستان و لاوازکردنی هەڵوێستی سیاسی هەرێم لە بەغدا دەکات، بینیمان کە پارتی، بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان چی قوربانییەکی دا و چۆن سەرکردایەتی شەڕێکی سەختی نەتەوەیی کرد. هەربۆیە، پارتی، بە بەرنامەیەکی نیشتمانی فرەڕەهەند و گوتارێکی کوردستانیانە دەچێتە نێو پرۆسەکە و بە ئامانجی بونیادنانی عێراقێکی دیمۆکراسی فیدراڵی لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان، بەرەنگاری هەموو ئەو هێزە مەزهەبی و شۆڤێنیانە دەبێتەوە کە دەیانەوێ مافە دەستورییەکان لە کورد وەربگرنەوە و دەسەڵاتی مەرکەز بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێننەوە، لە ناوخۆشدا پارتی بەرەنگاری بەرەیەک بۆتەوە، کە دەیەوێ هەموو پرسی کورد لە داواکاری مووچەدا کورت بکاتەوە، بەرەیەک کە ئامانجێتی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی نەهێڵێت، بەرەیەک بە ئاسانی سازش لە مافە دەستوورییە بەدەستهاتووەکان دەکات و دەیەوێت هەرێمی کوردستان بکاتەوە بە سێ پارێزگاکەی پێش ڕاپەڕین.
 لەو سۆنگەیەوە، دەنگ بە پارتی دەدەین، بۆئەوەی، ئەم قەوارەیە کە تاکە ستاتۆی یاسایی و دەستوری کوردە وەک نەتەوە و تاکە ناوچەی ئارام و سەقامگیر و گونجاوە بۆ ژیانکردن لەسەر ئاستی هەموو عێراق و سەرزەمینی پیکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی مرۆڤایەتییە، بمێنێ و سەقامگیرتر و پێشکەوتوتربێ. دەنگ بە پارتی دەدەین تا ئەوەی سەدان ساڵە پێشینانمان خەباتی بۆ دەکەن بێ بەها نەکرێ، شکۆی مرۆڤانەمان پێشێل نەکرێ و میلیشیا و مەزهەبگەرا توندڕەوەکان حوکممان نەکەن، دەنگ بە پارتی دەدەین تا دەنگە توندڕەو و توندئاژۆکان بەرزتر نەبنەوە. دەنگ بە پارتی دەدەین تا بنەماکانی دیمۆکراسی تەنانەت لەناو عێراقیشدا بەهێزتر بێ و ئەو وڵاتە وەڵامدەرەوەی خواست و داواکارییەکانی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاکانی بێ وەک لە دەستووردا هاتووە، دەنگ بە پارتی دەدەین بۆئەوەی کوردستان بەهێزبێ.      


Designed and developed by AVESTA GROUP