بەڵێ بۆ هاوبەشی، نەخێر بۆ خاوەندارێتی

د.ڤیان سلێمان
24/11/2021

 بەڵێ بۆ هاوبەشی، نەخێر بۆ خاوەندارێتی
لە سۆنگەی نەخشەڕێی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت
 
بە گوێرەی بەها مرۆڤایەتییەکانی ئێستای کۆمەڵگەی مرۆیی جیهانی، توندوتیژی میکانیزمی خۆسەپاندنی تاک یاخود کۆمەڵێکە بەسەر تاک یاخود کۆمەڵێکی دیکە. لەو چوارچێویەدا توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت ڕەفتارێکی توندڕەوانەی نامرۆڤانەیە و ڕەگوڕیشەی قووڵی مێژوویی هەیە و تایبەت نییە بە کۆمەڵگەیەک یاخود سەردەمێکی مرۆیی دیاریکراو، هاوکات هەتا ئێستاش لە هیچ شوێنێکی دونیادا کۆتایی پێنەهاتووە، بەڵام جیاوازی لە ڕێژەی پیادەکردن و ئاستی بەرەنگاربوونەوەی هەیە.
توندوتیژییەکان بەرامبەر ئافرەت لە چوارچێوەی پرسی ئافرەت بۆ ئاستی تێگەیشتنی خۆی وسیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگە لە پێناسە، پێگە و بەهاکەی  وهەروەها مافدارێتی خاوەن بەرهەم و بڕیاربوونی دەگەڕێتەوە. ئافرەت بەهۆکاری ئابووری و کولتوری و لەسەر بنەمای ئەوەی گوایە ئافرەت لە باری جەستەییەوە لە پیاو لاوازترە لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووییدا پێگە و بەهای خۆی وەک مرۆڤ لە دەست دا ، لەوەشەوە خاوەنداری سەری هەڵدا و کە خاوەنداریشت هەبوو، بێگومان نە دەبیتە خاوەنی هیچ بەرهەمێکی خۆت و نە مافی بۆچوون و بڕیاردان لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ژیانت دەمێنێ واتە پێگەی مرۆڤێکی ئازاد لە دەست دەدەی بەرەو پێگەی کوێلاتی. بۆیە سزا و لێپیچینەوەش  دەبێتە مافێکی دانپێنراوی کۆمەڵایەتی خاوەندار. ئەمە کرۆکی بەسەرهات و سەر گوزشتەی ئافرەتە لە سایەی سیستەمی هزری، کۆمەڵایەتی و سیاسی  پیاوسالاری کە تا ئێستاش ئەگەرچی لە ڕووی سیاسییەوە بە پێی ڕێژە لە هەندێ شوێن کەم بوویتەوە بەڵام لە ڕووی هزری و کۆمەڵایەتی بوونی هەیە. واتە بەدڵنیاییەوە پلەبەندی نێوان هەردوو ڕەگەزی مرۆڤ سروشتکرد نییە و بەپێی سەرچاوەکان پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان ئافرەت و پیاو لەسەرەتاکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا پەیوەندییەکی یەکسان بووە.
لە کولتوری پیاوسالاریدا جەستەی ئافرەت هاوشێوەی خاک ، هەڵگری شەرەفی پیاوە و ئەو کولتورە ئەو مافە بە پیاو دەدات کە پارێزگاری لەو شەرەفە بکات کە لە جەستەی ئافرەتەکەدا دەیبینێت، لەم کولتورەدا ئافرەت خاوەنی جەستە و کەسایەتی خۆی نییە، بەڵکو پیاو خاوەنی جەستە و کەسایەتی ئافرەتە واتە موڵکە نەک مرۆڤێکی هاوبەش و شریکی ژیان.
لە کۆمەڵگەی کوردستانیش توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت بەهۆی هزری پیاوسالاری و کولتوری خێڵەکییەوە بە هەموو جۆرەکانی: هزری، زارەکی، جەستەیی، دەروونی، سێکسی و توندوتیژی لە ڕێگای تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت بەڕێژەیەکی مەترسیدار بوونی هەیە و بەداخەوە کە ئافرەتان ڕۆژانە دەبنە قوربانی ئەم کردە دڕندانە، بۆئەوەی ئێمە بتوانین ئاستی پیادەکردنی ئەم دیاردەیە کەم بکەینەوە، پێویستیمان بە ناسینی فاکتەرەکانی پشت ئەنجامدانی تاوانەکە و زەمینەی ئەنجامدانی هەیە، پێویستیمان بە فاکتەرە بونیادی و کولتورییەکانی پشت ئەم دیاردەیە هەیە.
وەک لە ئامارەکان دیارە زۆرینەی توندوتیژییەکان بەرامبەر ئافرەت لە هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی خێزان ئەنجام دەدرێن و بەزۆریش لەلایەن کەسە نزیکەکانی خێزان، بەڵام بە گەڕانەوە بۆ پێشەکییەکەی سەرەوە، دیارە کە زۆربەی جار توندوتیژییەکان پاڵنەر و کاریگەری دەرەکی و ژینگەی کۆمەڵایەتییان لە پشتە، واتە توندوتیژییەکانی نێو خێزان لە ئەنجامی کاریگەری نەریتی کۆمەڵایەتی زادەی هزری پیاوسالاری ئەنجام دەدرێن، بە تایبەت تاوانەکانی کوشتن بە پاساوی گەڕاندنەوەی شەرەف.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بە میکانیزمی تایبەت و هەمەلایەن پاڵپشت بە گوتاری مەدەنی و سەردەمیانە کار لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت دەکات، نە پرسی توندوتیژی و نە هیچ پرسێکی دیکەی  تایبەت بە ئافرەت بۆ بانگەشە و مەرامی تایبەت بەکارناهێنێت.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە زۆر بواردا کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت دەکا، لە ڕێگەی تواناسازی دەروونی، هزری و پیشەیی، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، یاسایی و سیاسی کار بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی ئافرەت دەکا و بەشێوەیەکی بەردەوامیش پێشوازی لە کەیسەکانی توندوتیژی دەکا و خاوەندارییان لێدەکات تا کاتی چارەسەر و لەو چوارچێوەیەشدا گرتنەبەری میکانیزمی نێوانگیری و ئاشتەوایی، هەروەها بە ڕێگای زانستی لە ڕێگەی توێژینەوە و ڕاپرسی لە فاکتەری ئەنجامدان و میکانیزمەکانی چارەسەری ئەو دیاردە مەترسیدارە دەکۆڵێتەوە.
لەو سۆنگەشەوە بە ناونیشانی: بەڵێ بۆ هاوبەشی، نەخێر بۆ خاوەندارێتی و لەسەر شەش بنەما کە بریتین لە: من تەنها جەستە نیم، هزر و شیانم. شەرەف لە بنەماکانی مرۆڤدۆستیدایە، نەک جەستەی من. خاوەندارێتی بەرهەم و بڕیار مافی منیشە. هزر و نەریتی چەوت بکوژێنەوە، نەک ژیان. ئێمە هاوبەشی یەکترین، نەک موڵکی یەکتر. بوەستە، بیرکردنەوەکانت بگۆڕە.، نەخشەڕێی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت ڕاگەیاندووە و لەو ڕێگەیەوە کە بنەمای کارکردنیەتی لەم پرسەدا، گوتاری خۆی ئاڕاستەی کۆمەڵگا و پیاو دەکات و لە مەترسییەکانی هزری پیاوسالاری ئاگەداریان دەکاتەوە.
لە هەناوی نەخشەڕێگەی یەکێتی ئافرەتان، پەیامی بەرەنگاربوونەوەی لە توندوتیژی سەرەتا دەبێ ئاڕاستەی پیاو بکرێت، زۆر بە سادەییش لەبەرئەوەی ئەوە پیاوە کە توندوتیژی ئەنجام دەدات، نەک ئافرەت، بەڵکو لەم هاوکێشەیەدا ڕۆڵ و ئەرکی ئافرەت هۆشیاربوونەوە و قبوڵنەکردنی توندوتیژی، خۆپێگەیاندن و کۆڵنەدان و بەردەوامییە. ئەوەش لەبەرئەوەی دواکەوتوویی ئافرەت فاکتەری سەرەکی مانەوەیەتی لە دۆخی چەوساوەیی و ژێردەستەییدا.
پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانخواز دەبێ هاوبەشی خەباتی ئافرەتان بن بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و ستەمی سەر ئافرەتان، هیچ فەزیلەتێکی مرۆڤایەتی و ستراتیژێکی مۆڕاڵی و بنەمایەکی بەختەوەری کۆمەڵایەتی لە نواندنی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت بوونی نییەو لەوکاتەی کە توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت ئەنجام دەدرێت، هەموو ئەو بنەمایانە پێشێل دەکرێن.  
توندوتیژی هەوڵدانە بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان بە نواندنی هێز و دەسەڵات لە جێگەی زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و یەکترپەسەندکردن، توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت پێوەری نیشاندەری نایەکسانی هاوکێشەکانی هێز و دەسەڵاتە لە نێوان ئافرەت و پیاو، ئەوەش میکانیزمێکی هزری پیاوسالارییە بۆ زیاتر ژێردەستەکردنی ئافرەت و ئاستەنگی سەرەکییە لە بەردەم پێشکەوتنی ئافرەت، هاوکات سەرچاوەی سەرەکی هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی ئافرەت و پیاوە لە باری نایەکسانی دوور لە بەها شارستانییەکان و هێشتنەوەی کۆمەڵگەیە لە دۆخی نائارامی و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتیدا.
هاوژینی پێویستە لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێز و خۆشەویستی بێت، نەک خاوەنداری و سەردار و ژێردەستە، پیاو، باوک و برا و هاوژین و کوڕی ئافرەتە، نەک خاوەنی، ئافرەت و پیاو یەکسانن لەڕووی پێگەی مرۆڤایەتی و خاوەن هزر و دونیابینی و کەسێتی تایبەت بەخۆیانن و کەسیان لە کەسی دیکەیان زیاتر یا کەمتر نین.
ئافرەت مرۆڤی سەربەخۆ و بوونێکی کۆمەڵایەتییە نەک تەنها بوونێکی فیزیکی، بنەمای بەختەوەری کۆمەلگە ئەوە نییە کە خوازیار بین کۆمەڵگە لە پیاوسالارییەوە بۆ مەتریارکی بگۆڕێ، بەڵکو هاتنەکایەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی مرۆڤسالار، پەیوەندییەکی مرۆڤانە و هاوژینییەکی ڕێزدارە.
      ئەوکاتەی پیاو دەستبەرداری نواندنی توندوتیژی دەبێت و دان بە ماف و ئازادییەکانی ئافرەتدا دەنێت وەک مرۆڤێکی یەکسان، ئاشتی کۆمەڵایەتی و گەشەی دیموکراتی بەدی دێت و کۆمەڵگە بەرەو پێشکەوتن و مەدەنیبوون هەنگاو دەنێت.



Designed and developed by AVESTA GROUP