مەترسییەکانی هزری پیاوسالاری
کرۆکی
هزری پیاوسالاری لاواز بینینی ئافرەتە، ڕوانینە لە ئافرەت وەک کەم تواناتر لە
پیاو، بەوپێیەش پێگە و شوێنگەی نزمتر لە پیاو، سەرچاوەی ئەوەش تێگەیشتنە لە
ڕوانگەی بایەلۆژییەوە بۆ توانای مرۆڤ. جیاوازی هێزی بایەلۆژی لای پیاو و ئافرەت
کراوە بە بنەما بۆ ژێردەستەکردنی ئافرەت و دوورخستنەوەی لە پێگەی کۆمەڵایەتی
یەکسان. سەرهەڵدانیشی هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی موڵکایەتی تایبەت، هەروەها پشتگیری
فاکتەرەکانی وەک کولتور و ئایدیا لەو باڵادەستییەی پیاو. دەتوانین بڵێین پیاوسالاری
دوو ڕووی هەیە، لەلایەکەوە تێگەیشتنی پیاو بۆ ئەرک و مافەکانی و ئەرک و مافەکانی
ڕەگەزەکەی دیکەش بە ویستی خۆی هاوکات دیاریکردنی ڕۆڵ و پێگەکەشی لەهەمانکاتدا،
ڕوویەکی دیکەی ئەم چەمکە تێگەیشتنی ئافرەت بۆ ئەم تێڕوانینە، لێرەدا ناتوانین بڵێن
هەموو پیاوێک بڕوای هزری پیاوسالاری هەیە و هەموو ئافرەتێکیش بڕوای پێی نییە، بەڵام
بەگشتی پیاوسالاری سیستەمێکە کە ڕەوایەتی دەدات بە دەسەڵات و هەژمونی پیاو.
پیاوسالاری تایبەت
نییە بە کۆمەلگەیەکی دیاریکراو، بەڵکو سیستەمێکی جیهانی مێژوویی کۆمەڵایەتی
فرەڕەهەندە و بە چەندین فۆرمی جیاواز و لە تەواوی سێکتەرەکانی کار و تەوەرەکانی
ژیان و کایەکانی بەڕێوەبردن بەشێوەیەک لە شێوەکان بوونی هەیە، هزری پیاوسالاری میراتێکی
هەزاران ساڵەیەو تا ئیستاش کاریگەری ماوە. وڵاتانی ڕۆژاوا و پێشکەوتوش بەو
قۆناغەدا تێپەڕیون و لە ئەوروپای کۆن پیاوسالاری وەک پرسێکی سروشتی بینراوە.
پیاوسالاری لە زمانی
کوردیدا کە لە دوو وشەی لێکدراوی پیاو و سالار پێکهاتووە، بە واتای سالاری پیاو و
دەسەڵاتدارییەتی بەسەر ئافرەتدا، بەوپێیەش دوو ڕەگەز کە فاکتەری بەردەوامی
کۆمەڵگەن لە هزری پیاوسالاریدا هەمان پێگەی یەکسانی مرۆڤبوونیان نییە، بەڵکو
یەکێکیان دەسەڵاتدار و بەهێز و ئەوی دیکە لاواز و بێ دەسەڵات، واتە بە موڵککردنی
ڕەگەزێک بۆ ڕەگەزەکەی دیکە، چاندنی جۆرێک لە هزر و ڕوانینی باڵایی و خۆسەپێنی لە
هەست و دەرون و تێگەیشتنی ڕەگەزێک و ملکەچی و گوێڕایەڵی لە هەست و ئاگایی
ڕەگەزەکەی دیکە.
پیاوسالاری لە سترەکتۆری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردیدا
ئامادەیی هەیە، لە بینینی ئافرەت وەک تەنها بوونێکی فیزیکی نەک بوونێکی خاوەن هۆش
و زیرەکی، لە ڕێگریکردن لە پراوەکردنی ئازادی و سەربەستییەکان و توندوتیژی
بەرامبەر ئافرەت لەنێو خێزاندا، لە ئاستەنگ خستنەپێشی لە پانتایی گشتی ژیان و
فاکتەرەکانی پێگەیاندن، لە هێڕشکردنە سەری لە سۆشیال میدیا لە گوتاری ئایینی بەشێک
لە وتاربێژانی ئایینی، لە ریکلام و دراما و پەیامی بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن،
بەگشتی لەپێشدانی ڕەگەزی نێر بەسەر ڕەگەزی مێ. بەدڵنیاییەوە هەموو ئەوانەش
کاریگەری زۆریان هەیەو ئاستەنگی سەرەکین لە پێش هەموو هەوڵەکان لەلایەن حکومەت
هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ئافرەتان بە
ئاڕاستەی بەدیهاتنی یەکسانی جێندەری، هاوکات یەکجار بە قورسی لەسەر ئافرەت کەوتووە
و سەدان ئافرەت بوون بە قوربانی ئەو مینتاڵیەتە و هەزاران ژیانیان لێ کراوە بە
دۆزەخ و ئافرەتانی دیکەش کە لە کایە جۆراوجۆرەکاندا ئامادەییان هەیە ڕۆژانە
ڕووبەڕووی نەشتەرەکانی هزری پیاوسالاری دەبنەوە.
لە کاتێکدا ئافرەت نیوەی پێکهێنەری هەر کۆمەڵگەیەک و
دایکی نیوەکەی دیکەیە، ئایا چی باشییەک لە پەراوێزخستنی ئەو نیوەیە و بەهەند
وەرنەگرتنی تواناکانی و ئاستەنگ خستنەپێش سەرکەوتنەکانی هەیە، یاخود چی باشییەک لە
بوونی دایکێکی ناهۆشیار و بێ دەسەڵات و
لاواز هەیە؟.
هەربۆیە لە سایەی هزری پیاوسالاریدا، تەنها ئافرەت
قوربانی نییە، بەڵکو ئافرەت و پیاو و منداڵ و ڕەوتی گەشەندنی کۆمەڵگە و بەهاکانی
مرۆڤایەتی لێی زەرەرمەندن. فەرامۆشکردنی فێرکردن و پێگەیاندنی ئافرەت سەرچاوەی
بەشێکی زۆری نەهامەتییەکانە. دایکێک کە لەژێر هەژمون و دەسەڵاتی پیاودا بێت،
هەرگیز ناتوانێت مرۆڤێکی هاوسەنگ و ساخلەم لەڕووی دەروونی پەروەردە بکات، کۆمەڵگەیەک
کە تاکە ڕەگەزێک بەڕێوەبەر و پلانداڕێژ و دەسەڵاتداری بێت، نابێتە سەرزەمینێکی
یەکسان بۆ تەواوی هاونیشتمانییەکانی و گوزارشت لە دونیابینی و بەرژەوەندی هەردوو
ڕەگەزەکە ناکات، هەربۆیە بەرژەوەندی هەر کۆمەڵگەیەک لەوەدایە ڕۆژێک زووتر ئەو هزرە
دواکەوتوو و خۆسەپێن و تاکڕەهەندە بەجێبهێڵی و دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەت بڕخسێنێ و
دەرگاکانی خۆی بەڕووی هزری مرۆڤسالاری بکاتەوە.