ئافرەتی کورد، پارێزەر نەک پارێزراو

د.ڤیان سلێمان
11/01/2022

ئەو دیدەی کە تەنها وەک بوویەکی فیزیکی لە ئافرەت دەڕوانێت تایبەت نییە بە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، بەڵکو لە کوێ هزری پیاوسالاری هەبێ، لەوێدا، متمانە بە هۆش و زیرەکی ئافرەت ناکرێ و وەک مرۆڤێکی هاوشان و هاوبەش و سەربەخۆ لێی ناڕوانرێ، کە ئەوەش لە ڕوانینی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێ، ئەو ڕوانینەش پیاو وەک خاوەندار و ناوەند، ئافرەت وەک موڵک و هەژمونکراو وێنا دەکات. لەو ڕوانینەدا جەستەی ئافرەت موڵکی ئافرەت خۆی نییە، یان لە ڕوانگەی نەریتی و ئایدۆلۆژیی کۆنترۆڵ دەکرێت یاخود لە ڕوانگەی مۆدێلگەرایی بەپێی حەز و بینینی پیاو وێنا دەکرێت، کە لەهەردوو باردا ئافرەت بوونێکی سەربەخۆی نییە، خاوەن شوناسی خۆی نییە، بۆ ئەوەی ئازاد پیشان بدرێت، دەبێ شێوازی دەرکەوتنی و پۆشاک و ڕوخساری بەپێی حەز و ویستی پیاو بێت. یان هەموو بوون و دەرکەوتنێکی حەرام و قەدەغە و کۆنترۆڵکراوە و شەرەفی پیاوی لە جەستەی خۆیدا هەڵگرتووە،  لاواز و بێ توانا و دەسەڵاتە و پێویستی بە پیاوە تا بیپارێزێ. لەوێدا کە ئافرەت تەنها وەک جەستە دەبینرێت، هەر لەوێشدا خودی ئافرەت خاوەنی ئەو جەستەیە نییە، کە لە کۆمەڵگە نەریتییەکان بە گشتی بەستراوە بە چەمکی شەرەفەوە، کە بەداخەوە کۆمەڵگەی ئێمەش لە چوارچێوەی ئەم جۆرە ڕوانینەدایە، بەڵام ئەم ڕوانینە لە بنەڕەتدا بەشێک نییە لە کولتوری گەلەکەمان، ئەمەش لەبەرئەوەی گەلی کوردستان داگیرکراوبووە و ئەو داگیرکارییە بە تەنها داگیرکاری خاک نەبووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر کولتور و فەرهەنگی نەتەوەیی و هزری کۆمەڵایەتیمان هەبووە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، ئافرەتی کورد لە ئافرەتانی نەتەوەکانی دەوروبەر زیاتر لە مافی ئازادی و یەکسانی بەهرەمەند بووە و پلە و پێگەی کۆمەڵایەتی بەرزی هەبووە، نووسەرانی بەناوبانگی جیهانی ئەو ڕاستییەیان دووپات کردۆتەوە. ئافرەتی کورد لە هەموو بوارەکاندا هاوشانی پیاو بووە، لە پاراستنی خاکەوە بگرە تا کاروباری گوند و کشتوکاڵ و هەروەزی. هەڵپەڕکێ کە ئافرەت و پیاوی کورد هاوشانی یەکدی گوزارشت لە شادییەکانیان دەکەن، نمونەیەکی هاوشانی ئافرەت و پیاوە لە کولتوری کوردەواریدا، تەنانەت لە بواری فەرمانڕەواییدا چەندین سەرکردەی ئافرەت ناویان بە درەوشاوەیی لە مێژوودا تۆمار کراوە، لە مێژووی هاوچەرخیشدا؛ ئافرەتی کورد ڕۆڵێکی گەورەی لە شۆڕش و بەرخودانەکانی ئەم گەلەدا هەبووە و بە چەندین ڕێگا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداری شۆڕشی کردووە، لە پرۆسەکانی جینۆساید پشکی گەورەی قوربانیدان بەر ئافرەت کەوتووە، چەندین ئافرەت لە زیندان کراون و ئەشکەنجە دراون و شەهید کراون، لێرەشدا ڕوون دەبێتەوە کە ئافرەتی کورد ڕۆڵی مەزنی لە بەشداریکردن لە بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەیدا، گێڕاوە و دەگێڕێت.  لەمڕۆشدا، وەک دەبینین، ئافرەت لە کۆمەڵگەی کوردستان ئامادەییەکی بەرچاوی هەیە، لە کایەی سیاسی و ئیداری و ئابووری، لە بازاڕی کار، تەنانەت لەنێو هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ و هێمنی پارێز، لە نێو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کایەی فەرهەنگی ئافرەت ئامادەیی هەیە.
هەربۆیە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر ئێمە پێویستیمان بە کارکردنی هەمەلایەن بۆ گۆڕینی ئەو ڕوانینە کۆمەڵایەتیە هەیە، کە خۆی لە ڕوانینی بەشی زۆری پیاودا دەبینێتەوە، کە تەنها وەک جەستە لە ئافرەت دەڕوانێ و وەک بەشێک لە سامانی پیاو وێنای دەکات، ئیتر لە ڕوانگەی شەرەفپارێزی بێ یان مۆدێلگەرایی. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە، پاڵپشت بە کلتورە ڕەسەنەکەی کوردی، پێوستیمان بە لە دایکبوونی چەمکی نوێ و ڕوانگەی نوێ هەیە، ئافرەتی کورد چیدیکە بوونەوەرێک نییە پێویستی بەوە بێت پیاو بیپارێزێت، بەڵکو خۆی پارێزەر وبەرپرسە لە خۆی و بڕیار و چارەنووسی، هاوبەشە لە بەڕێوەبردنی خێزان و لە کایەی گشتی، پارێزەری ئازادی  خاک و زمانی نەتەوەکەیەتی و ڕۆڵی لە پرۆسەی نیشتمانسازی هەیە.
کاتی ئەوەیە، ئافرەتی کورد ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی و ڕەسەنی خۆی بەدەستبهێنێتەوە، نەکەوێتە ژێر کاریگەری هیچ کام لەو ئایدیا و ڕوانگانەی کە بەهەر پاساو و بۆ هەر مەبەستێک لە پێگەی کەم دەکەنەوە، خۆی تەواو بێ و پێویستی بەوە نەبێت پیاوێک تەواوی کات، وەک کەسێکی خاوەن شوناسی سەربەخۆ و هێز و ئیرادە بناسرێ، نەک دایک ، هاوسەر، کچ یاخود خوشکی پیاوێک. وەک چۆن پیاو وەک خۆی دەناسرێت، ئافرەت و پیاو هاوبەش و هاوشان و هاوپێگەی یەکترن، مرۆڤبوون کۆیان دەکاتەوە و وەک یەک خاوەن ڕێز و شکۆی مرۆڤانەن.
هەموو ئەو چەمکانەی وەک بەهێزی و ئازایەتی و خاکپارێزی و نیشتمانپارێزی؛ بە تەنها هی پیاو نین، دڵنەرمی و بەزەیی و لاوازی و هەستیاریش بە تەنها هی ئافرەت نین، پێویستە ئەو هاوکێشەیە بگۆڕدرێ و هەموو چەمکەکان بەرگی مرۆڤانەیان بەبەردا بکرێت، ئافرەتیش وەک پیاو پارێزەر و بەرەڤانیکەری خاکی نیشتمانە و لەو پێناوەدا قوربانی داوە، ئەرکی سەرەکی ئافرەتی کورد ئەوەیە، لە هیچ بوار و کایەیەک سازش لە مافی هاوبەش و یەکسانی خۆی نەکات.
ئەرکی ئافرەتی کورد زیندووڕاگرتنی مێژووی پرشنگداری پێشینانی ئافرەتی کورد و گرتنەبەری ئەو ڕێبازەیە کە ئەوان پیادەیان کردووە، ڕێبازی لەیلا قاسم، کوردستان ساڵح و خەجە باوە و شەهیدانی دیکەی ئافرەت بەرز ڕابگرین و فراوانتری بکەین. پاڵپشت و پشتیوانی چالاکڤانانی ئافرەت بین لە تەواوی بوارە جیاوازەکان بین؛ ڕۆل و کاریگەریان بەرز بنرخێنین، بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و بزاڤی یەکسانی جێندەری هاوئاست و پێوەست بکەین، لە پاڵ خەبات بۆ سەلماندنی شوناسی نەتەوەیی خەبات بۆ سەلماندنی شوناسی ئافرەتبوون پەرە پێبدەین، ڕێگە نەدەین هیچ کام لەم دوو شوناسە لە ئەویدیکەدا ون ببێت و بتوێتەوە، تێکۆشانمان بۆ سەروەری بۆ مرۆڤ بێت، نەک ڕەگەزێکی مرۆڤ.


Designed and developed by AVESTA GROUP