ئافرەت وسیاسەت، بەشدارکردن یان بەشدارى پێکردن؟

بێریڤان حمید قادر
11/01/2022


کاتێک باسی مافى ئافرەتان دەکرێت خێرا قسە دێتە سەر ئەوەى ئاخۆ ڕێژەى ئافرەتان لەفڵان دەزگا و دامەزراوە چەندە؟ چەند وەزیر ئافرەتە و چەند پۆسی باڵا بەدەست ئافرەتەوەیە؟ ئەمەیش ئەکرێتە پێوەرێک وئاستى بەشدارى ئافرەتى پی دەپێورێت کە تا چ ڕادەیەک لە مافەسیاسیەکانى بەهرەمەند بووە!
لەڕاستیدا مافی سیاسی یەکێکە لەو مافە بنەڕەتیانەى کە نابێ ئافرەتان فەرامۆشی بکەن، چونکە بنەمایەکى زۆر گرنگە بۆ گەیشتن بەمافەکانى تر و کایەی سیاسی کاریگەرى لەسەر کۆى کایەکانى تری کۆمەڵگه‌ هەیە و نەخشەى گشتى ژیانی وڵات لەڕێگەى مەیدانە سیاسیەکەوە دەکێشرێت، بۆیە ئەم بوارە بۆ ئافرەتان پڕ بایەخە، بەڵام ئەوەیش گرنگە کە کامە ئافرەت و بەکام پێوەر دەچێتە جومگە سیاسییەکان و چەند دەتوانێ خزمەتى دۆزی ئافرەتان بکات؟
بۆیە بەبڕواى من گرنگی سەرەکی بەشدارى سیاسی ئافرەتان لەوێوە دەردەکەوێت کە بەهۆشیارییەوە بەشدارى کایەى سیاسی بکات و خۆى بسەلمێنێت بۆ ئەوەى بتوانێت ڕۆڵ بگێڕێت لە کایە سیاسییەکە و دامودەزگا سیاسییەکاندا، نەوەک لەبرى بەشداریکردنى خۆى و بەتواناى خۆى, بەشدارى پێ بکرێت و لەبرى ئەوەى ببێتە سەلێمێنەرى تواناکانى ئافرەت بن ببنە کۆسپ لەڕێگەى دەرکەوتنى ئافرەتانى بەتوانا و لێهاتوو.
لێرەدا مەبەستەکە ڕوونە، کاتێک دەوترێ بەشدارى سیاسی ئافرەت واتا بێ بەشنەبوونى ئافرەت لە مافەسیاسییەکانى، ئەمەش بەواتاى گێڕانەوەى هاوسەنگی بۆ کایەى سیاسی و پێدانى سیمایەکى وەها بەو کایە گرنگە کە تەنها موڵکی یەک ڕەگەز نیە، ئیتر ئەو کارەکتەرەى ئافرەت کە دێت و لەم کایەیەدا چالاکی دەکات دەبێت دەربڕى خواستەکانى ئافرەتان بێت نەک جێگە ڕەزامەندی ڕەگەزی بەرانبەر بێت! هەرکات ئافرەتى چالاک لەکایەى سیاسیدا بەئاگا و هۆشیار بوو دەربارەى کێشە و گرفتەکانی ئافرەتان و ئەوا دەتوانێت ببێتە پەیژەى سەرکەوتنى ئافرەتانى تر بەرەو سەرکەوتن، دەتوانێت توانا جۆراوجۆرەکان لێرە و لەوێ بدۆزێتەوە و پەرەیان پێ بدات و کارئاسانی سەرکەوتنیان بۆ بکات، دەبێتە سایە بۆ ئەو توانا بچوکانەش کە هەیە و گەشەیان پێ دەدات و دواجار بوارى بەشداریکردنەکە بە شێوەیەکى ئەکتیڤ وڕاستەقینە فراوان دەکات، هیچ کاتیش نابێتە بەربەست و جیاکارى ناکات لەسەر بنەماى بیروهزر و بۆچوونى جیاواز، بەڵکو بنەماى سەرەکی لەلای دەبێتە توانا و لێهاتوویی و ڕەگەزی مێینە، خەمی سەرەکیشی ئەوە دەبێت چۆن بتوانێت زۆرترین دەرفەرت بۆ زۆرترین ژمارە لە ئافرەتان فەراهەم بکات.
ئەوەى ئێستا لەکوردستان هەیە لەبوارى یاسایی وئیدارى زەمینەیەکی باش و لەبار هەیە بۆ بەشدارى سیاسی ئافرەتان و کارکردنیان لەو بوارەدا، یاسا ڕێژەى کۆتای بۆ ئافرەتان داناوە لە پەرلەمان و پارێزگاکاندا و حیزب و لایەنەکانی ناچارکردوە نوێنەرى ئافرەتیان هەبێت، هەروەها حیزبەکان لەناوخۆیشیاندا بۆ ئۆرگانەکانى خۆیان ڕێژەى کۆتا دادەنێن لە کۆنفرانسەکانیان بۆ ئافرەتان، ئەمانە دەبنە زەمینەى لەبارى گەیشتنى ئافرەت بەناوەندی بڕیار لەحکومەت و لەحیزبەکانیش، بەڵام تێبینی ئەوە دەکرێت زۆرجار بابەتەکە ئەوەندەى ژمارەیە ئەوەندە نوێنەرایەتیەکى ڕاستەقینەى ڕەگەزی ئافرەت نیە، چونکە هەمیشە جۆرێک لە پاشکۆیەتى ئافرەتان لەو دەزگایانە بۆ پیاوان هەیە جا ڕاستەوخۆبێت یان ناڕاستەوخۆ، ئافرەتان لەو پلە باڵایانەیشدا ناتوانن یان نەیانتوانیوە سەربەخۆیانە مامەڵە بکەن، کە بەبڕواى من ئەمەش بەشی هەرە زۆرى دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئافرەتەکان کە متمانەیان وەک پێویست بەخۆیان نیە یان ناتوانن بەشێوەیەکى دروست کەڵک لەو دەرفەتانە وەرگرن، بۆیە لەکۆتاییشدا تەنها دەبێتە بەشداریەکی ڕواڵەتى ئافرەتان و تەنانەت دەبێتە بەشداری پێکردنیان لەسایەى ئیرادەیەکى باڵاتردا، نەک بەشدارى ڕاستەقینەى خۆیان.
چارەسەرکردنى ئەم بابەتە پێویستى بەتێگەیشتنى قوڵی ئافرەتان هەیە لە تواناکانى خۆیان و پەرەدان بەهزرى خۆیان خۆڕۆشنبیرکردنیان بە مەعریفەیەکى وەها بتوانن لەکایەى سیاسیدا ڕۆڵی سەربەخۆ و خاوەن خزمەت بەئافرەتان بگێڕن، بۆیە ئەو هەڵمەت  وچالاکیانەى کتێب خوێندنەوە کە ڕێکخراوەکانى ئافرەتان دەیکەن دەروازەیەکى باشن بۆ گەشەپێدانى زیاترى تواناکانى ئافرەت و هاندانى بۆ بەشدارى سیاسی ڕاستەقینە.


Designed and developed by AVESTA GROUP