بە پیرۆزکردنی دابونەریت و یاخیبوون لێی

كوردستان یاسین
30/05/2022

 

ئەوەی بۆ هەر میلەتێک گرنگ و بایەخدارە دابونەریتە کە لەلایەن باپیرانمان ئەوانەی پێش ئێمە ژیاون بە پێی ژیان و گوزەرانیان هاتونەتە بەرهەم، ئێمەش بە لاساییکردنەوە و پەیڕەوکردنیان بە زیندوویمان هێشتونەتەوە و دەیانهێڵینەوە.
بەگشتی دابونەریت وا پێناسە دەکرێت، کە کۆمەڵێک خوی دووبارەن کە پێکهێنەرانی کۆمەڵگه‌یه‌ک واته‌ تاکەکان ئەنجامیان دەدەن بە شێوەیه‌کی بەردەوام.
چەندەها پێناسەی گشتگیر بۆ دابونەریت کراون لە ڕووە جیاوازەکانی ژیان، زیاتر وەک ڕاهاتنی خەڵک لەسەر ڕەفتارێکی دیاریکراو بۆ ڕێکخستنی لایەنێک لە لایەنەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێت.
یاخود وەک ڕێسایه‌کی یاسایی کە خەڵکی بە ڕەفتارەکانیان دایانناون و ماوەیەکی زۆر شوێنکەوتەی بوون و بە ڕاهاتن لە سەری دەبێتە ڕێسایه‌کی سەپێندراو.
بەشێوەیه‌کی هەمیشەی ئایین کاریگەیه‌کی زۆری لەسەر ئەو دابونەریتانە هەیە، واته‌ ئایین سنوربەندی دابونەریتە، و دابونەریتیش سنوربەندی ئاکارو ژیانی ئێمەی مرۆڤ دەکات. لەڕووی یاسایشەوە دابونەریت کاریگەریەکی زۆر لەسەر ڕێساکانی یاسادا بەجێدەهێڵێت، وە زۆربەی کات یاسادانەرەکان دابونەریت بە سەرچاوەی فەرمی ڕێساکانی یاسا دادەنێن. بە پێویست دەزاندرێت کە ئێمە ئەو دابونەریتانە وەک مۆرکێکی نەتەوەی بپارێزین.
بەڵام لێرە پرسیارێک دێتە ئاراوە ئایە دەبێت ئەو دابونەریتانەی کە هەن هەموویان جێبەجێ بکەین و بیانپارێزین؟
بێگومان وەڵامەکەی نەخێرە، چونکە هەندێک بابەتی نەریتاوی ناپێویست و زیادە هەن کە بە زیان بەسەرماندا دەشکێنەوە و هەندێک سیفه‌تی لکێندراو بە قازانجی چەند کەسانێک هەندێک جار فەڕز دەکرێن، وەک دابونەریتێک بەسەرمانەوە.
یاخود دەکرێ بۆ سەردەمی خۆی هەندێک دابونەریت پێویست بووبن، بەڵام ئێستا لەگەڵ پێشکەوتنی ژیان و خواستی مرۆڤ هەندێک دابونەریت پێویستیان بە گۆڕان یاخود سڕینەوە هەبێت. واته‌ ئەو دابونەریتانەی هەمووان وەکو مۆرکی نەتەوەی و شانازی دایان دەنێین، کاتێک بەنێو فلتەردا دەرباز دەبن خۆیان لە دوو لایەن دەبیننەوە.
یەکەم لایەنی ئەرێنی، بەگشتی ئەو دابونەریتانە دەگرێتەوە کە پێویستن بۆ ژیان و گوزەرانمان، بە خۆ پەیوەستکردن پێیان سودهێنەر و ئاسانکارن.
دووەم لایەن لایەنی سلبیە، ئەوانیش ئەم  دابونەریتە نابەجێیانە دەگرێتەوە کە بە ئەنجامدان و پەیڕەوکردنیان شکۆی مرۆڤبونمان دەشڵەقێنن و دەرئەنجامی سامناک بەجێ دەهێڵن.
نمونەیێک بۆ زیاتر ئاشنابوون بە لایەنی سلبی دابونەریت، ئەو خووە شەرمهێنەرەیە کە لە دابونەریتی ئێمەدا هەبووە و ڕەنگدانەوەی هەر ماوە لە کۆمەڵگاکەماندا، ئەویش لەدایکبونی کچە.
نازانم شەرم لەچی ئەم ڕەگەزە دەکەن، قبوڵکردنی ئەوەی دەبیت بە باوک یاخود دایکی کچێک بۆچی دەبێت هێندە قورس بێت.
لەکاتێکدا مێینەکانیش مرۆڤن خاوەنی هەست و کەسایەتی خۆیانن، دوای گەورەبوونیشیان دەبێت هەر باجی ئەوە بدەن کە کۆمەڵگه‌ قبوڵی ڕەگەزەکەیان ناکات، ئەوەش هەر دابونەریتی سەقەت و بیر و فکرە مۆمیاکراوەکانن ئەم نائینسانیەتیەیان هێناوەتە بوون. ئەمە بۆ ڕەگەزی سێیەم وخاوەن پێداویستیە تایبەتیەکانیش ڕاستە، چونکە ئەوانیش قبوڵکرانیان وەک مرۆڤ زۆر سەخت دەبینن، ڕۆژانە توشی چەندەها ڕەخنەو بێڕێزیکردن دەبنە وە.
ئەمە تەنها نمونەیێک بوو لەگەڵ ئەوەشدا چەندەها دابونەریتی ترهەن پێویستان بە ڕێکخستنەوە و لەناوبردنە کە لەهەموو کایەکانی ژیانمان ڕۆڵ دەبینن.
بۆیە دەڵێم پێویستە یاخی ببین لەو دابونەریتە بێ بەرهه‌مانەی کە زەرەر و زیانن بۆمان، ئەو دابو نەریتە جوانانەش بپارێزین و بە پیرۆزی بیان هێڵینەوە کە هەست و احساسی مرۆڤایەتیمان لەلا زیاد دەکەن.


Designed and developed by AVESTA GROUP