رۆڵی ئافرەت لە بونیادنانی دەوڵەت

سنه‌وبه‌ر سابیر
27/09/2022

لەدوای جەنگی جیھانی دووەم وھاتنە دەرەوەی ئافرەتان بۆ نێو کایەکانی ژیانی مروڤایەتی وکارکردن وبەرھەمھێنان و ھەوڵدان بۆ بوژانەوەی ئابووری وڵاتان، ئافرەتان لەھەر وڵاتێك بەپێی پێداویستی وشێوازی کارکردن وستایلی ژیانی تاکەکانیان توانیان کەم تا زۆر رۆڵیان ھەبێ. کارکردن وخوێندن و وپشتبەستن بە پاڵپشتی خێزانیان، ھەوڵیاندا رۆڵیان ھەبێ لە باشترکردنی ژیانی ئابوریان وبەره‌وپێشبردنی ئاستی رۆشنبیریان بەچونە قوتابخانە وپەیمانگا وزانکۆکان بە ئامانجی خۆ رۆشنبیركردن وھۆشیار بونەوەیان و وەرگرتنی بروانامە ودامەزراندن و کارکردن، ئەمانە بونە بەشێک لە داخوازییەکانی ئافرەتان وگرنگیدان بەم بوارانە وایکرد ئافرەتان زیاتر درك بەماف وئەرکەکانیان بکەن وھەوڵی باشترکردنی تواناکانیان بدەن وبچنە نێو بوار و سێکتەرەکانی دیکە و تا زیاتر خۆیان بگونجێنن لەگەڵ قوناغ به قۆناغی گەشەی ئابوری و کۆمه‌ڵایەتی وڵاته‌كانیان بەپێی دابونەریت ویاسا ودەستور.
 ئەگەر ئاوڕ لە مێژوو بده‌ینەوە چەندین ووڵات ھەن نمونەی زیندوو و سمپڵن بو ئەم رۆڵه‌ و بەھەند وەرگرتنی خەباتی ئافرەتانیان، وڵاتی نیوزیله‌ندا ودانمارک وسوید و فەرەنسا  ونەرویج ئەمانە وچەندین وڵاتی دیکە پێشەنگبوونە لە پاڵپشتی و پاراستنی مافەکانی ئافرەتان، چونکە باوه‌ریان وابوە ئافرەتان رۆڵی کاریگەریان ھەیە لە بونیادنانی خێزان و دەوڵەتو به‌ڵام لە وڵاتانی رۆژھەڵات و بەتایبەتی وڵاتە عه‌رەبیەکان  دەبینین دره‌نگتر ماف بە ئافرەتان دراوە تەنانەت لەھەڵبژاردن و خۆكاندیدكردن، لەم ساڵانه‌ی دوایدا ئەومافەیان پێدراوە.  ئەگەر سەیری ھەرێمی کوردستان بکەین دەبینین کورد زووتر و زیاتر بایەخی بە ئافرەتان وماف وئەرکەکانیان داوە، بارزانی نەمر لەكۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەوڵیداوە ئافرەت لە سەرکردایەتی ئەو پارتە بێ وسەرکەوتوانە ئەم رێچکەیە شکا وکۆنگرە بەکۆنگرە زیاتر بوار بە دەرکەوتنی ئافرەتان درا، ھەرلەسەر پێشنیاری بارزانی نەمر و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دامەزرا  ئەمەش لەوکات و بەروارە بە پێشکەوتنی گەورە دادەنرێ لە ھەوڵدان بۆ دەرخستنی توانا وکارامەیی ئافرەتی کورد. لەدوای راپەرینی گەلەکەمان پاڵپشتی وپشتگیرییەکان زیاتر بوون، بەرێزان سەرۆک بارزانی و سەرۆكی ھەرێم وسەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رۆڵێکی دیاریان ھەیە لە پاڵپشتی و پشتگیری ئافرەتی کورد،  ولە ختابی سیاسی و لە بۆنە و لەکاتی پێویست ھەمیشە پاڵپشتی ئافرەتی کورد بوون وھەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ دەرکەوتنی ئافرەتان وگێرانی رۆڵی بە شێوازیکی گونجاو کەلەگەڵ بارودۆخی ناوچەکەمان بگونجێ، بێگومان ساڵانێکی زۆرە ئەم ھەوڵانه‌ دراوە و زەمینە سازکراوە بۆ پێشخستنی توانا ولێھاتووی ئافرەتی کورد و پێدانی رۆڵی تایبەت وبەشداری پێكردنی لەناوەندەکانی گرنگ وباڵای ھەرێمی کوردستان، ئەوەتا ئافرەتی کورد لە پەرلەمان وحکومەت و پارت  ورێکخراوەکان توانیویەتی سەرکەوتوبێت وبوێرانە ئەرک ومافەکانی جێبەجیێ بکات وتواناکانی بەدیار بخات لە بونیادنانی کوردستان.
ھەرچەندە خواستەكانمان زیاترن بەڵام خەبات و تێکۆشانمان زیاتر دەبێ بۆ گەیشتن بەمافە رەواکانمان لەچوارچێوەی یاسا ودابونەریتی جوانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئێستا لەپەرلەمان وحکومەت ودام ودەزگا ئیداریەکان ئافرەتان ھەن و ودەرکەوتون، ژمارەکە کەمە به‌ڵام دڵنیاین لەئایندە ژمارە زیاتر و زیاتر دەبێ چونکە راستیەک ھەیە کەتێدا رۆڵی ئافرەتی کورد لە بونیادنانی ھەرێمەکەمان بەرچاو ودیارە چ لە رابردوو لەخەباتی ئاوارەیی یان دوای راپەرین وئارامی وسەقامگیری و پێکھینانی حکومەت وموئه‌سەساتی دەوڵەت، ئافرەتان بە قۆناغی سەخت و دژوار خۆراگرانە رۆڵێکی پۆزه‌تیفی ھەبووە لەپاڵپشتی خێزانی ودابینکردن وفەراھەمکردنی ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان وخانەوادەکانیان.
 ئافرەتان توانیان سەرکەوتوانە لە بواری پەروەردە وفێرکردن و بواری پزیشکی وفەرمانبەر وپێشمەرگە و راگەیاندن و ھونەر و رۆشنبیری ویاسایی و زۆربەی کارەکانی دیکە ئافرەتان سەرکەوتوبوونە ھەریەکە بەپێی بروانامە و شارەزای گرنگی پێدراوە، بەڵام ئەم پێشکەوتنە ھێشتا بە ئاسۆ نەگەیشتوە وئاستەنگ ھەیە وپێویستە زەمینەی زیاتر فەراھه‌م بکرێ تا ئافرەتی کورد زیاتر و زیاتر بتوانی رۆڵی بەرچاو وکاریگەری باشتری ھەبێ لە بوژانەوەی ئابوری وپێشکەوتن وبونیادنانی ھەرێمی کوردستان، کەئەمەیش بەھەوڵ وکۆششی ھەموو لایک دەبێت بەتایبەتی دەسەڵاتی سیاسی ویاسایی ئەم ھەرێمە بروامانوایە تا پشتگیری و دیارخستنی ئافرەتی شارەزا و لێھاتو وکارامە زیاتر بێ، ھەرێمی کوردستان زیاتر پێش دەکەوێ وبەشیوازێکی نەوعی خێزان وتاک بەتاکی ئەم ھەرێمە رۆڵیان کاریگەرتر دەبێ لە بونیادنان و پێشكەوتنی کوردستان.


Designed and developed by AVESTA GROUP