ڕەوتی کۆمەڵ بەدەست ئافرەتە

كوردستان یاسین
09/01/2023

 
پیاوان و ئافرەتان بناغە و درێژە پێدەری مرۆڤایەتین، بەڵام ئافرەت وەک نیوێک لە کۆمەڵگە و دایکی نیوەکەی تری ڕۆڵێکی ئێجگار گرنگ و کاریگەر دەبینێت لە ڕێڕەوکاری کۆمەڵگەدا دەکرێت ڕۆڵەکانیش خۆیان لەدوو لایەن ببیننەوە چ وەک بەلاڕێدابەرێک یاخود پێشگەرێک.
بێگومان ئەم کاریگەرییە مەزنەی ئافرەتانیش خۆی لە ڕۆڵە جیاواز و هەمەلایەنەکانی دەبینێتەوە لەنێو کۆمەڵدا لەهەموو شوێن و ئاست و تەمەنێکدا.
هەر وەک دایکێک و پەروەردەکارێک دەتوانێت ڕۆڵێکی بنەڕەتی بۆ ڕێڕەو ڕەوتسازاندنی ژیان و کۆمەڵگەدا ببینێت بۆ منداڵەکانی، ئینجا ئەگەر بێینە سەر ئەوەی منداڵەکە کچ بێت واتا دووبارە پەروەردەکارێک لەژێر دەستی پێدەگات و پەروەردە دەکرێت، ئا لێرەدا ڕۆڵەکەی ماوە درێژ و کاریگەرتر دەبێت بەسەر کۆمەڵگەدا.
بەپێویست دەزانرێت لەسەرمان باس لەوە بکەین چی بکرێت و چۆن وابکەین ئافرەت لەو ڕۆڵ و کاریگەرییە گرنگەیی کە هەیەتی بەسەر ژیان و کۆمەڵ ڕۆڵی ئەرێنی و بنیاتگەر بگێڕێت، نەوەک هۆکار بێت بۆ دواکەوتویی و داڕمان و  بەڵاڕێدانی ڕەوتی ژیان و کۆمەڵ.
گرنگترین خاسیەت کە پێویستە لە ئافرەتدا هەبێت هەستی بەرپرسیاریەتیە بەرامبەر بەو ڕۆڵ و پێشهاتە خوڵقێنەرانەیی لە ژیانیدا دێنە ڕێیی، واتا لە قازانجی ژیان و کۆمەڵ بریار بدات و هەڵسوکەوت بکات.
دەبێت مێ لەهەر ڕۆڵێکیدا چ وەک دایک کچ هاوسەر و خوشک هەتا هاوڕێشدا تێگەیشتنێکی دروستی بۆ ژیان هەبێت و بەبایەخەوە لە ڕۆڵ و کاریگەریەکانی بڕوانێت.
گومان لەوەدانییە تێگەیشتنە دروستەکانیش لە پەروەردەیێکی دروست و بە دونیا دیدەیی و خوێنەری و ڕۆشنفکری دێنە بوون، نەک وەک بەندکراوێک و زیندانی کراوێک ژیانیان لێ قەتیس کرابێت و سنوری ژیان ئێجگار لێ تەسک بکرێتەوە و هۆیەکانی تێگەیشتنیان لێ وەدور بخرێن. دواتر چاوەڕوانی ئەمەیان لێبکەین کە بە دروستانەی لەگەڵ هاوڕەگەزانی و ڕەگەزەکەیی تر ژیان بەرەو پیری دروستکاریدا ببەن.
چونکە ئافرەت وەکو کەسی دووەم مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت لە کۆمەڵگەی کوردیدا پیاوان ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە تێگەیشتنەکانی ژن بۆ خۆیی و دەوروبەری، بۆیە ئەرکی سەرەکی بۆ هاندان و هێنانە پێشەوەی ئافرەتان دەکەوێتە دەست پیاوان.
گرنگترین شت پێویستە ئافرەت لەنێو چاڵاکیەکانی ژیان و کۆمەڵگە تێکەڵ ببێت لەڕووی کۆمەڵایەتی و بڕیاردان ڕۆڵ ببینێت،  دەبێت هەلی ئەوەیی پێبدرێت بڕیار لەسەر بابەتی گرێدایی بە ژیان بدات بۆ ئەوەیی بڕوا بەخۆبوونی زیاتر ببێت و کارامەییانەتر و دوورتر تێڕابمێنێ و بڕیاری دروستتربدات وە ڕەنگدانەوەیێکی ئەرێنی بخوڵقێنێت بەسەر ڕۆڵەکانی.
وە پێویستە ئافرەت کەسایەتیێکی دروستکەر و هاندەری هەبێت بۆئەوەیی لە لە ڕەوتسازی ژیاندا باشترین کاریگەری دروستبکات کە کاریگەریێکی ئەرێنی و دروستکەرە.
بە هەبوونی ئەم دەرفەت و ڕۆڵانە ئافرەت بەتەواوی ئامادە دەبێت بۆ پەروەردەکردنی تاکێکی بەئاگا و هۆشیار.
گرنگە مێ ڕەگەزەکانیش وەک مرۆڤێک بێجیاوازیانە پەروەردە بکرێت و پشتگوێ نەخرێت وەک ڕەگەزی دووەم وەک بێ ڕۆڵ و کاریگەریێک لێی بڕواندرێت، بە بەرپرسیاریەتی پەروەردە بکرێت بۆ ئەوەیی بەرپرسیار بێت لەبەرامبەر ئەو بەرپرسیاریەتیەی کە وەکو دایک و پەروەردەکارێک لە ژیانیدا دەیبینێت.


Designed and developed by AVESTA GROUP