توندوتیژی زمانی و دەرهێنانی وشە و دەستەواژە پیاوسالاریییەکان لە زمانی ئاخاوتنمان
زمان وەک دیاردەیەکی
کۆمەڵایەتی و پێویستییەکی ژیانی بە هەر دوو جۆری گوتن و نووسین هەروەها زمانی
ئاماژە، بۆ ژیانی مرۆڤ و نەتەوە و گەلان گرنگی لەڕادەبەدەری هەیە. زمان دەربڕی هزر
و ڕوانگەی مرۆڤ و ئامرازی پەیوەندیکردن و گواستنەوەی زانیاری و کۆمەڵایەتیبوونە؛
هاوکات ڕۆڵێکی بنچینەیی لە دیاریکردنی ناسنامەی نەتەوەیی دەبینێت و وەک ڕۆحی
نەتەوە دەناسرێت، هەروەها وەک یەکێک لە ئامرازەکانی دابەشکردنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و
هەژموون و کۆنترۆڵکردن دادەنرێت.
توندوتیژی زارەکی پێچەوانەی
نەرمی و نیانی و میهرەبانییە، توندوتیژی، ئازار گەیاندنە بە ئەوی تر جا لە ڕێگەی
زمان و وشەوە بێت واتە ئازاری دەروونی یان دەست و ڕەفتار کە جەستەیییە. هەموو
توندوتیژییەک سەرەتا لە زمانەوە دەست پێ دەکات دواتر دەبێت بە کردار، هەموو
ململانێیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ناکۆکییەک هەر سەرەتا لە زمانەوە دەست پێ دەکات.
دووانەی زمان و هزر، یا خود هۆش و دەربڕینی مرۆڤ، بەیەکەوە پەیوەستن وسەرچاوەی
یەکترن.
سروشتی پەیوەندی نایەکسان
لەڕووی دەسەڵات و هێز لە نێوان ئافرەت و پیاو هەمیشە و بە شێوەیەکی بەردەوام ئەو
دوو ڕەگەزەی بۆ دوو لایەنی هاوکێشەی پەیوەندی مرۆڤ و مرۆڤ دابەش کردووە، بەو پێیەش
توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت یەکێکە لە دیاردە دێرین و بەربڵاوەکان لە تەواوی
قۆناخەکانی ژیانی مرۆڤایەتی لە دوای کۆمەڵە سەرەتایییەکان و لە زۆرینەی ناوچەکانی
جیهان بوونی هەیە. هەر بۆیە هەمیشە ڕەگەزی پیاو بووە کە نوێنەرایەتی بەهاکانی
کۆمەڵی کردووە و زمانیش لە خزمەت بەهاکانی دەسەڵات و هەژموونی پیاو بووە.
لە کۆمەڵگەکەماندا دەیان
دەستەواژە و گوتەی زمان و ئاخاوتنی ڕۆژانەمان هەیە کە هاوکات وەک سەرچاوەن بۆ
ڕەفتاری کۆمەڵایەتی تاکەکانی کۆمەڵگە ڕەوایی بە لە پێشینەیی و هەژموون و دەسەڵاتی
پیاو دەدەن و لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی پیاودان بەو پێیەی لە ڕێگەی دەستەواژەی
زارەکی و نووسراوەوە ڕەوایەتی کۆمەڵایەتی وەردەگرن و لە ڕوانین بۆ ئافرەت ڕەنگ
دەدەنەوە. ئێمە ناتوانین نکۆڵی لە کاریگەری ئەو پەند و بەندە باوانەی کە
تایبەتمەندییەکانی لاوازی و شەرمنی دەدەنە پاڵ ئافرەت و تایبەتمەندی ئازایی و
بەهێزی و چاکەخوازی دەدەنە پیاو، بکەین. ئەو دەستەواژە و گوتە زمانییانەی کە
تایبەتمەندی لە شێوەی سووکایەتی دەدەنە پاڵ ئەو پیاوانەی لەگەڵ هاوژینەکانیان نەرم
و میهرەبانن، یان ئەوانەی ئازادی لە هاوژینەکانیان زەوت ناکەن. هەروەها وشە و
زاراوەی جیاجیا دەدەنە پاڵ ئەو ئافرەتانەی کار و پیشەیەک هەڵدەبژێرن کە نەریتی
باوی کۆمەڵگە وەک کار و بوارێکی پیاوانە دەیبینێت.
توندوتیژی زمانی دژ بە
ئافرەت تەنیا لەو دەستەواژە و دەربڕینە کۆمەڵایەتی و پەندانە خۆی نابینێتەوە،
بەڵکوو ئەم جۆرە لە توندوتیژی کە وەک توندوتیژی ڕەمزی پێناسە کراوە، لە زۆر بوار و
فەزای دیکەشدا خۆی دەنوێنێت، لە سۆشیاڵ میدیا و ڕاگەیاندن و لە گوتاری ئایینی و خێزان
بوونی هەیە و هەموو ئەوانەش فاکتەری سەرەکین بۆ بەرهەمهێنانی توندوتیژی و ڕوانینی
نایەکسان بۆ ئافرەت.
لە دیدی فێمینیستیدا، کە
فێمینیزم، بزووتنەوەیەکە خوازیاری یەکسانییە بۆ ئافرەت و پیاو لە بوارەکانی
فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیی و نەهێشتنی هەر جۆرە جیاکارییەک لە
بەرامبەریان لە هەر بوارێکدا؛ زمانی نوێ بریتییە لە زمانێک کە لە توخم و
ڕەگەزەکانی پیاوسالاری پاک کرابێتەوە و ئافرەتانیش وەکوو پیاوان بەشی خۆیان لە
زماندا هەبێت و زمان نوێنەرایەتی ئەوانیش بکات.
لەو چوارچێوەیەدا هەموو
ئەو وشە و دەستەواژانەی بەرهەمی دیاردە نەریتی و پیاوسالارییەکان و هەڵگری
ئاماژەکانی نزم ڕوانین لە ئافرەتن بە وشە و دەستەواژەی سەردەمی و نوێ، ئاڵوگۆڕ پێ
بکرێن، ئەگەرچی وەک دەڵێن زمان ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرییە و ئاستی زمان
هەمان ئاستی ڕۆشنبیرییە، بەڵام گۆڕینی زمان کاریگەری گەورەی لەسەر گۆڕانکاری بیری
مرۆڤ هەیە. نابێت کۆڵ بدەین و پێویستە کۆشانمان بۆ باوکردنی ئەو وشە و دەستەواژانە
بن کە هەڵگری مانای یەکسانی و بەرزی مرۆڤایەتی بن و لە ڕەگەزاندنی وشەکان دوور
بکەوینەوە، لە کاتێکدا دەبێت هەوڵ بدەین بۆ گۆڕان لە دیدی کۆمەڵایەتی بۆ ماف و
ئازادی ئافرەت بە هەمان ئاست هەوڵ بدەین زمانەکەمان لە دەستەواژە و ڕەگەزەکانی
پیاوسالاری بەتاڵ بکەینەوە. بە تایبەتی لە کاتێکدا ئامارەکانی توندوتیژی بەردەوام
لە بەرزبوونەوەدان و لە زۆرینەی خێزانەکان توندوتیژی بوونی هەیە، ئەگەر جەستەییش
کەمتر بێت، ئەوا توندوتیژی زارەکی و دەروونی ژیان و کۆمەڵگەکەمانی تەنیوە.