بەبۆنەی هەشتی مارسەوە

د.ڤیان سلێمان
08/03/2023

هەشتی مارس بۆنەیەکی نێودەوڵەتی جیهانییە و پرسی ئافرەت و نایەکسانی بەرامبەری پرسێکی هاوبەشی سەرجەم ئافرەتانی جیهانە. بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی بارودۆخی نەتەوایەتی و هەرێمایەتی لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری؛ ئێمەی ئافرەتانی کوردستانیش هاوشێوەی ئافرەتانی جیهان، ئەم ڕۆژە مێژوویییە کە ڕەهەندی ئابووری و چینایەتی و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە، بەرز ڕادەگرین. هاودەنگی ئافرەتانی جیهانین بۆ ڕەسەنایەتی و ڕەوایەتی تەواوی مافە سەردەمی، مەدەنی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانمان، لە هەمان کات وەکوو ئافرەتانی کوردستان هاوبەشی نەتەوەکەمان بووین لە پرۆسەی خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوەیی دژی ڕژێمێکی داگیرکەر کە لەمیانی ساڵانی دەسەڵاتداریدا ڕووبەڕووی چەندین پرۆسەی لەناوبردن و کۆمەڵکوژی و ڕاگوازتن و دەربەدەرکردنی کردینەوە. بەو پێیەش جیا لە ستەمی ڕەگەزی کە بەهۆی بیری باوی کۆمەڵگە دووچاری هاتووین، ستەمی نەژادیشمان لەسەر بووە و بەهۆی کوردبوونەوە بەشێکی گەورەی قوربانیدان بەر ئێمەی ئافرەت کەوتووە.
لەمڕۆشدا و دوای زیاتر لە سێ  دەیە، لە سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاری، خاوەن قەوارەیەکی دەستووری دیموکراسین و ئافرەتان لە کاتێکدا ڕۆڵی گەورەیان لەو دەستکەوتە نیشتمانییەدا هەبووە، ئێستاش ڕۆڵی گەورەیان لە بەڕێوەبردن و پاراستنیدا هەیە. هەر وەک لە سایەی ئەو قەوارەیەشدا بە بەشێکی بەرچاو لە مافەکانمان گەیشتووین. واتە زەمینە بۆ بەشداری ئافرەت لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردن لەڕووی پشتگیری دەسەڵاتی سیاسییەوە لەبارە. هەرێمی کوردستان خاوەن چەندین یاسایە کە بەراورد بە خودی وڵاتی عێراق و ناوچەکەش، چەندین هەنگاو لەپێشەوەیە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان وەکوو بەربەستی سەرەکی لەپێش گەیشتنی ئافرەت بە مافەکانی ماوەتەوە و بەهێزەوە بەرگری لە هەموو شەپۆلەکانی نوێگەری و پێشکەوتن و هەوڵەکانی گەڕانەوەی مافی یەکسان بۆ ئافرەت دەکات؛ بیری باوی کۆمەڵگە و تێگەیشتنی کۆمەڵایەتییە بۆ ماف و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت، ئەوەش لە هزری پیاوسالارییەوە سەرچاوە دەگرێت.
لە هزری پیاوسالاریشدا؛ ئافرەت وەک پاشکۆی پیاو دادەنرێت و بە کەم لە عەقڵ و تواناکانی دەڕوانرێت؛ بەو پێیەش پایە و پێگەی یەکسان و هاوشانی پیاوی پێ ڕەوا نابینرێت، لە چاو و دیدی ئەو هزرەدا ئازادی ئافرەت و سەربەخۆیی کەسایەتی ئافرەت سەرچاوەی مەترسییە بۆ هەژموون و دەسەڵاتی پیاو، بۆیە دەبێت بەرەنگاری بکرێت. خێزان وەک گرنگترین و سەرەکیترین ناوەندی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی هەر دوو پرۆسەی دابەشکردنی ڕەگەزی کار و پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی بەردەوامی بە هێشتنەوەی بارودۆخەکە و نایەکسانی لە نێوان ئافرەت و پیاو دەدات .
لێرەدا دەبێت ئاماژە بدەم بەوە کە هەموو پیاو باوەڕیان بە هزری پیاوسالاری نییە، هەموو ئافرەتیش دژی ئەو هزرە نین، بەڵکوو ئافرەتانێکی زۆریش هەن، کە لە ئەنجامی پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی پەیڕەوی لە بنەماکانی ئەو هزرە دەکەن و هۆکارن بۆ مانەوەی کاریگەرییەکانی، هەر وەک پیاوانێکیش هەن کە بڕوایان بەو هزرە نییە و هاوڕێگای ئافرەتانن بۆ بەرقەراربوونی یەکسانی و مرۆڤسالاری.



هاوکات هزری پیاوسالاری لە ئێستادا تاکە سەرچاوەی پێکهێنانی بیری باو یاخود کولتووری کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو سەرچاوەی دیکەش هەن، تەنانەت بنەماکانی نوێگەری و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیش وەک پێویست نەبوونەتە هۆکارێک بۆ گۆڕانکاری لە بونیادی ئەو بیرە، ئەوەش لەبەر ئەوەی لە لایەکەوە هزری پیاوسالاری و ئایدیۆلۆژیای ئایینی بەرەنگاری دەکات، لە لایەکی دیکەش خودی ئافرەتانیش نەیانتوانیوە وەک پێویست خۆیان ڕۆشنبیر بکەن، کە لەوەشدا تا ڕادەیەکی زۆر بارەکە ناکەوێتە ئەستۆی ئافرەت، بەڵکوو پەیوەندی بە پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. تەنانەت بۆ بەشێک لە ئافرەتان ئەوە کراوەتە ڕاستییەک کە ملکەچی بۆ پیاو یان سەروەری پیاو قەدەرێکە و سروشتە بایەلۆژیی ئەوەی بەسەر ئافرەتدا سەپاندووە. ئەوە سەرباری ئەوەی کە بەهۆی کاریگەرییەکانی بازاڕی سەرمایەداری بەشێک لە ئافرەتان وەک کاڵایەک مامەڵە لەگەڵ بوونی خۆیان دەکەن و هەموو هەوڵێک بۆ خۆ جوان کردن و ڕازیکردنی چاوی پیاو دەدەن، تەنانەت سوودیان لە چەمکی کار و گرنگی کار و ئابووری سەربەخۆش وەرنەگرتووە و کارەکەیان بۆ بەدیهێنانی خودێکی سەربەخۆ ناکەن.
هەموو ئەمانە مانای ئەوە نییە، کە گۆڕانکاری دروست نەبووە و پێشکەوتن بەدەستنەهاتووە، بەڵکوو ئافرەتانی کوردستان پێشکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە و توانیویانە گۆڕانکاری لە دیدی کۆمەڵایەتی بخولقێنن، زۆر کار و بواری کار هەبووە کە بۆ ئافرەت قەدەخە بووە، ئێستا شوێن و کاری ئافرەتیشە و سەرکەوتنی گەورەشیان تۆمار کردووە، بەڵام لە کاتێکدا ڕێژەی بەشداری ئافرەت لە بازاڕی کار کەمتر لە ١٥ بێت، بەڵام ڕێژەی ئافرەت لە دەسەڵاتی یاسادانان سەرووی ٣٠% بێت و لە ڕێژەدا ململانێی وڵاتە پێشکەوتووەکان بکات و بەربەستێکی یاسایی لە پێش ئافرەت نەبێت، ئەوە کێشەکانی ئافرەت لە کۆمەڵگەکەمان ڕەهەندی کۆمەڵایەتییان هەیە و بەربەستەکان زادەی هزری پیاوسالارین، واتە ئێمە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەنگاوی کەم ڕۆیشتووین و نەمانتوانیوە وەک پێویست گۆڕانکاری لە دیدی کۆمەڵایەتیدا بەرامبەر پرسەکەمان دروست بکەین، ئێمە دەبێت دەرفەتی ئەو ئاسانکارییەی لەڕووی سیاسییەوە بۆمان کراوە، بەکار بهێنن و بۆ شکاندنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان، ئەوەش بەدڵنیایییەوە بە خۆ پێگەیاندن و خۆ سەلماندن و عەقڵ و توانستێکی باڵا و بە بەشدارییەکی فراوان و کاریگەر لە پرۆسەی سیاسی مسۆگەر دەبێت.
وێڕای جوانترین پیرۆزبایی لە هەموو ئافرەتانی کوردستان، هیوادارم هەشتی مارس وێستگەیەک بێت بۆ هەموومان کە تێیدا بەڵێن بە خۆمان بدەین کە بەرامبەر قورسترین فشارەکانیش سازش لە مافەکانمان نەکەین، هاوکات هاوکار و پشتیوانی هەموو ئافرەتانی دیکەی هاونەتەوە و هاونیشتمانیمان بین لە ڕێڕەوی خەبات بۆ وەرگرتنەوەی ماف و ئەرک و دەرفەت و لێپرسراوەتی یەکسان و بە هەموو تواناکانمان لە خزمەت کوردستان و پاراستنی قەوارە دیموکراسییەکەی هەرێم و پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بین.


Designed and developed by AVESTA GROUP