بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، پێویستی بە چیە؟
توندوتیژی هەڵسوکەوتێکی ئازاربەخشە، جا چ لە ڕووی جەستەییەوە بێت، یان
دەروونی، ئەبێتە هۆی ئازار و ناڕەحەتی بۆ ئەو کەسەی بەرامبەری كراوە، جا چ خێزانی،
یان سیاسی، یاخود کۆمەڵایەتی بێت و ئەمەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیكە جیاوازە.
لە ٢٥ی١١ی هەموو ساڵێک، لەسەر ئاستی جیهان، هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی
توندوتیژی دەست پێدەكا و چەندین کۆڕ و سیمینار و خول و وۆرکشۆپی بۆ دەبەسترێن، مێژووەكەیشی
دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥ی١١ی١٩٦٠، کە ئەوکات دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری دۆمنیکان، لە کردەوەیەکی
نامرۆڤانەدا سێ خوشک کە بە ناوەکانی (ماریا تیرایزا میرابال و پرتریا تیرایزا میرابال
و مینیرفا تیرایزا میرابال) بوون، بە شێوەیەکی دڕندانەی كوشتن، ئەو ڕووداوە لە سەرانسەری
جیهان دەنگی دایەوە و ڕێکخراوەکانی جیهانیی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٨١ بە کۆمەڵێک
دروشم دەستیان کرد بە هەڵمەتێکی گەورە، دژی ئەو توندوتیژییە و قبووڵنەکردنی، دواتر
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیاری (٥٤- ١٣٨)، ڕۆژی کوشتنی ئەو سێ خوشکەی لە
رێكەوتی ٢٥ی١١ی هەموو ساڵێك کرد بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان
و هەڵمەتێکی میدیایی و ڕێکخراوەیی بۆ ئەنجام دا.
هەموو ساڵێک ئەم یادە بەرز دەنرخێنرێت و بە بەڕێوەردنی جۆرەها چالاکی،
کە زۆر گرنگە کاری بۆ بکرێت یادی دەكرێتەوە، بەڵام تەنیا بە بەستنی کۆڕ و سیمنار و
كردنەوەی خول و وۆركشۆپ بەس نییە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، بەڵكوو دەبێ بزانین كە
هۆشیارکردنەوەی تاکەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ڕۆڵی گرنگی دەبێت.
گرنگە نەوەکانی داهاتوو وا فێر بکرێن و ڕابهێنرێن، کە بە هەڵسوکەوتی نەرم
و هێمنانە مامەڵە لەگەڵ خێزان و دەوروبەریان بکەن و دوور بكەونەوە لە توندوتیژی، خێزانەكانیش
ڕۆڵی گرنگیان هەیە لەوەی چاودێریی منداڵەکانیان بکەن و بە دروستی پەروەدەیان بکەن
و ئاگاداریان بن ئازادییەکیان بدەنێ سنووردار بێت و چاودێرییان بكەن كە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
باش بەکار بهێنن، هەروەها مەترسیی توندوتیژی و خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان
بۆ ڕوون بکەنەوە و دەرەنجامە خراپەكانی بۆ بخەنە روو.
بێگومان بۆ كۆمەڵگەی ئێمە، مامۆستایانی ئایینیش سەبارەت بەم پرسە ڕۆڵی
گرنگیان هەیە، كە لە رۆژانی هەینی لە کاتی وتارەكانیان تاکەکان هۆشیار بکەنەوە كە
دوور بن لە کاری نەشیاو و توندوتیژی و خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاڵوودەبوون
پێیانەوە. لای خۆشیانەوە یاساناسان دەتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن و لە ڕێگای خولی هۆشیارییەوە
ماددە یاسایییەکان و مەترسی و سزای ئەنجامدانی تاوانەکانی توندوتیژی ڕوون بکەنەوە،
لە هەمان كاتدا میدیا و ڕاگەیاندن دەبێت ڕۆڵی گرنگ ببینێت لە ڕووماڵی ڕووداوەکان،
بە شێوازێک، پەیامبەخش و هۆشیارکەرەوە بێت، نەک وروژێنەر، بە شێوەیەک گەنجەکان لەبری
ئەوەی پەندی لێ وەربگرن، لاسایی ئەو ڕووداوانە بکەنەوە و بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان،
ئەو شێوازە توندە بەکار بهێنن.
کۆمەڵگای کوردی بە ڕەوشتبەرزی ناسراوە، کە تاکەکان و خێزانەکان هەمیشە
پابەندی ئەو کولتوور و ڕەوشتە بەرزەبوون و هەن، کە لە کۆمەڵگاکەمان ماوەتەوە، بەڵام
بەداخەوە هەندێ لە گەنجەکان ئازادییەكان خراپ پەیڕەو دەکەن، کە لە سنوور دەرچووە و
دەبێ ئەو ئازادییەی هەیانە بیپارێزن و سنووری هەبێت، تاوەکوو چێژ لە ئازادی وەربگرن،
نەک کارەساتی لێ بکەوێتەوە، بەتایبەت لەم سەردەمەی ئێستا توندوتیژی بە شێوازی
کوشتن و هەڕەشە و لێدان بووەتە دیاردە.
برایانی پۆلیس و پیادەكارانی لە هەوڵدان بۆ بنبڕکردن، یاخود کەمکردنەوەی
ئەم دیاردەیە، دەبێ رۆڵی زۆر گەورەتر و كاراتر بگێڕن، چوکە بەڕاستی ئاسایشی کۆمەڵگا
و بەتایبەت خێزانەکان دەخاتە مەترسییەوە. هەندێک لە سۆشیال میدیاوە ڕەوشتی کۆمەڵگا
و شیرازەی خێزانەکانیان تێک داوە، دەبێت هەوڵی جدی بدرێت بە لەناوبردنی ئەو تۆڕانە
و سزادانی ئەو جۆرە کەسانە کە خەریکە کۆمەڵگاکەمان بەرەو هەڵدێر دەبەن، هەر ئەمەشە
بووەتە هۆکاری توندوتیژی و ڕوودانی کارەساتەکان، با لەبری توندوتیژی، خۆشەویستی و یەکترقبووڵکردن
هەبێ، لەبری زمانی زبر، زمانی گوڵ بەکار بهێنین.