یاسای نوێی باری کەسێتی عێراق: پێویستی چاکسازی بۆ پاراستنی مافی ژنان و خێزانی تەندروست
یاسای نوێی باری کەسێتی عێراق: پێویستی چاکسازی بۆ
پاراستنی مافی ژنان و خێزانی تەندروست
لەم ڕۆژانەدا، عێراق شاهیدی گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە
یاسای باری کەسێتیدا کە بەداخەوە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو دواوە لە بواری مافی
مرۆڤ و بە تایبەتی مافی ژنان و منداڵان. ئەم یاسایە کە ڕێگە دەدات بە هاوسەرگیری
کچان لە تەمەنی 9 ساڵییەوە، نەک تەنها پێشێلکردنێکی ئاشکرایە بۆ مافی منداڵان،
بەڵکو هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر داهاتووی کۆمەڵگا و خێزانی تەندروست لە عێراقدا.
ئێمە باوەڕمان وایە کە خێزانی تەندروست و بەهێز تەنها
لەو کاتەدا دەتوانێت بناغەیەکی پتەوی هەبێت کە مافەکان و ئیمتیازاتی هەردوو ڕەگەز
تیایدا یەکسان بێت. یاسای نوێ بە ڕێگەدان بە هاوسەرگیری منداڵان و پێدانی دەسەڵاتی
زیاتر بە پیاوان بۆ فرەژنی بەبێ ڕەزامەندی ژنی یەکەم، ئەم هاوسەنگییە گرنگە
تێکدەدات و ژنان لە مافە سەرەتاییەکانیان بێبەش دەکات.
بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی تەڵاق و لێکترازانی خێزانی،
پێویستمان بە بیرکردنەوە و هزری پێگەیشتوو هەیە لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا.
هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زۆر کەمدا، نەک تەنها ئەم پێگەیشتنە دەخاتە مەترسییەوە،
بەڵکو دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان.
مافی بڕیاردان لە چۆنیەتی ژیانی ژن و پیاودا دەبێت بە
شێوەیەک بێت کە هاوسەنگی بپارێزێت و دەرفەت بدات بە هەردوولا بۆ گەشەسەندن و
سەرکەوتن لەو بوارانەی کە تێیدا بەهرەمەندن. یاسای نوێ بە سنووردارکردنی مافەکانی
ژنان، ڕێگر دەبێت لە بەشداری تەواویان لە کۆمەڵگادا و لە گەشەپێدانی توانا و
لێهاتووییەکانیان.