مەترسی زوو بەشودانی کچان

لیا سیف الدین
پێش 3 هەفتە

مەترسی زوو بەشودانی کچان

یەکێک لەو دیاردانەی کە لەکۆنەوە لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا باوە و بووە بە ئەڵقەیەکی دیکە لەزنجیرەی ئەو توندوتیژیانەی کە بەشێوەیەکی سیستماتیک لەسەر ئافرەتان بەڕێوە دەچێت هاوسەرگیری پێشوەختەیە.
هاوسەرگیری پرۆسەیەکە بۆ بونیادنان و دروستکردنی ژیانێکی نوێ، بەڵام هاوسەرگیری پێشوەختە جگە لەوەی پێشێلکردنی مافی ئافرەتە و هەندێک جار پیاویشە، سەرئەنجام کۆمەڵێک لێکەوتەی نەرێنی دەبێت، کە کۆمەڵگە بەرەو لێکهەڵوەشاندنەوە ئاڕاستە دەکات.
هاوسەرگیریکردن بە تەمەنێکی منداڵ و پێشوەخت، ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا و یاسا، هەندێک جار بەزۆر بەشوودانی منداڵێک، هەندێک جاری دیکەش بڕیاردان بەخواستی خۆی لەتەمەنێکدا کە توانای بڕیاردانی دروستی نییە، ئەم دیاردەیە بە هۆکارێکی سەرەکی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دادەندرێت و پاڵنەرێکیشە بۆ دەستبەرداربوونی ئافرەتان لە ژیانی خۆیان.

بە داخەوە لە ئێستادا عێراق سەرقاڵە بە هەمواری پرۆژە یاسایی باری کەسێتی کە جارێکی دیکە ڕێخۆشکەرە بۆ بەشودانی کچان لە تەمەنێکی منداڵدا، یاسای باری کەسێتی عێراقی، ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩، یەکێکە لەو یاسا سەرەکی و بنەڕەتیانەی کە رێکخستنی خێزان بە گشتی و باری تاکەکان بە تایبەتی لە خۆدەگرێت، یاساکە بەسەر ٩٤ ماددە دا دابەش بوە و لە تەواوی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە کاری پێدەکرێت.
بە پێی هەموارە نوێیەکەی پرۆژە یاسایی باری کەسێتی کە پێشکەش بە پەرلەمان کراوە لە ئێستادا، كچانی منداڵ دەكاتە قوربانی و لە پێگەی مرۆڤبوون دایان دەماڵێت، ئەم پڕۆژە یاسایە بەجۆرێكی مەترسیدار پێشکەش کراوە بۆ هەموارکردنەوە كە جگە لەوەی پیاوانی چڵێسی سێكس بەردەداتە کچی منداڵی نۆساڵ و دەساڵ و كچانی خوار هەژدە ساڵ، ئافرەتانیش بەگشتی  بیبەشی دەکات لە هەموو مافێک، ئافرەت وا لێدەکات تەنیا ئامرازێک بێت بۆ سێکس و مناڵخستنەوەو هیچی تر.
تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژە یاسایەو بە یاسا كردنی لە پەرلەماندا عێراق دەگێڕێتەوە بۆ سەدەكانی ڕابردو و كە بەسەردەمی تاریكی و پێشێل كردنی مافەكانی مرۆڤ بەگشتی و بە مرۆڤ هەژمار نەكردنی ئافرەتان بەتایبەتی ناسراوە، ئەمە جگە لەوەی كە ئازادی و دیموكراسی عێراق سفر دەكاتەوە، لەسەر ئاستی جیهانیش ناوبانگی عێراق بەتەواوی ناشیرین و لەكەدار دەكات، هەرچەندە عێراق لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگێكی باشی نیە بەڵام ئەم هەمواری یاسایە كە منداڵانی كچ تێیدا و بەپێی یاسا دەكرێنە قوربانی هەزار هێندەی تر ناوبانگی ناشیرین دەكات.
بە پێی هەمواری ئەم پرۆژە یاسایە کچان زووتر لە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیریی دەکەن، بەم هۆکارەش زیاتر دەکەونە بەر مەترسیی تووندوتیژیی خێزانی و دەستدرێژی سێکسی خێزانی، بە جۆرێک کە تەمەن، نەبوونی پەروەردە، بەشداریی نەکردن و بڕیاردان لە کاروبارەکان دەبنە هۆکار گەلێک کە تووندوتیژیی دێننە ئاراوە و ئەم تووندوتیژییە تا کۆتایی ژیانیان بەردەوام دەبێت، ئەم منداڵانە زیاتر دەبنە هاوسەری پیاوانی بەتەمەن لەئەنجامدا بە هۆی جیاوازی تەمەنیانەوە، کەمتر دەتوانن گفتوگۆبکەن و لە سەر پرس و بابەتەکانی خێزانەکەیان بڕیار بدەن و پارێزگاریی لە سەلامەت و تەندرووستیی خۆیان بکەن.
لە لایەکی دیکەوە ئەم هەموارکردنە تائیفەگەری بەهێزتر دەکات لەبری ئەوەی یاسایەکی مەدەنی یەکگرتوو هەبێت کە مافەکانی هەموو هاووڵاتیان بەبێ گوێدانە مەزهەبێک یان بیروباوەڕەکانیان دەستەبەر بکات، ڕەنگە ئەم هەموارکردنە زەمینە خۆشکردنە بۆ بەهێزکردنی دابەشکارییە کۆمەڵایەتییەکان و قووڵکردنەوەی کەلێنی نێوان مەزهەبە جیاوازەکان


Designed and developed by AVESTA GROUP