ئافرەت و بەشداری سیاسی

د.ڤیان سلێمان
11/01/2021

زۆر جار سیاسەت وەک کاری پیاو دەبینرێت و لە زۆرینەی وڵاتانی جیهانیشدا پیاوان دەستیان بەسەر جومگە سەرەکییەکانی سیاسەت و ناوەندی بڕیاری سیاسیدا گرتووە و ئافرەتیش نزمترین ڕێژەی لەو کایە گرنگەدا بەردەکەوێت، تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ واقیعی کۆمەڵایەتی و کولتوری نزمڕوانین لە توانای ئافرەت. لەگەڵ ئەوەی کە لەسەر ئاستی جیهان گۆڕانکاری بەرچاو ڕویداوە و ئافرەتان هەنگاوی گەورەیان لە بەشداری سیاسی بڕیوە، بەڵام پێشڤەچوونەکان هاوتا نین بە ڕێژە و توانای ئافرەت و نابەرابەرییەکی زۆر لە بەشداری هەردوو ڕەگەز بەدی دەکرێت. ئەوەش کاریگەری یەکجار نەرێنی لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی داناوە. تەنانەت زۆرینەی ئەو کێشە و گرفتارییانەی کە لە وڵات و ناوچە جیاجیاکان لە ئارادان هۆکارێکی سەرەکی بەشدارینەکردنی یەکسانی ئافرەتە لە پرۆسەی سیاسیدا.  

بەشداری سیاسی پایەیەکی سەرەکی دیموکراسییە و پرۆسەیەکە تاک لە ڕێگەیەوە لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگەکەیدا بەشداری دەکات، بەشێوەی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، یاخود هەر ئاست و کەناڵێکی بەشداریکردن بێت. بەشداری ئافرەتیش لەو پرۆسەیە پێوەستە بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە وەک هاندەر و زەمینەساز یاخود بەربەست و ڕێگر، هەروەها دەرکەوتنی وەک کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو یان نەریتی و دواکەتوو. دیارە کە فاکتەرگەلی جۆراوجۆر ڕۆڵیان هەیە لە کەمی بەشداری ئافرەت لە کاری سیاسی و نەگەیشتن بە پێگەی بڕیار هاوتای پیاو. ئەوەش پێوەستە بە دیموکراسی بەشداریکردن لە بوارەکانی دیکەدا. سیاسەت کایەیەکی دابڕاو نییە لە کایەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵ، هەروەک سیاسەت وەک زانست و وەک هونەری بەڕێوەبردن و پرۆسەی بڕیاردان و حوکمڕانی مرۆڤەکان؛ پەیوەندارە بە ژیانی مرۆڤ بە هەردوو ڕەگەزەوە. هەربۆیە سیاسەت بابەتێکی ڕەگەزی یاخود پیاوانە یان ژنانە نییە، بەڵکو ڕاستییەکە هەر ئەوەیە کایەی سیاسیش وەک کایەکانی دیکە بەرکەوتووی ئەو پۆڵێنکاریەیە کە لەسەر بنەمای ڕەگەزی بایەلۆجی و قەتیسکردنی ڕۆڵی ئافرەت لە سنوری خێزان و کاروبارە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکان لەو چوارچێوەیەشدا بێبەشکردنی لە دەرفەتەکانی پێگەیاندن؛ نابەرابەری و نایەکسانیی لێکەوتۆتەوە و پیاو قۆرخی گشت جومگە گرنگەکانی سیاسەتی کردووە. لە کۆمەڵگەی دایکسالاری یان قۆناخی نیۆلیتیک؛ ئافرەت هەم جڵەوی دەسەڵات و هەم ئابورییان لە دەست بووە و توانیویانە بەوپەڕی تواناوە کۆمەڵ بەڕێوەببەن. لە سەردەمی ئێستاشدا ئەوەندە ئافرەتی سەرکەوتوو لە زۆر لەو بوارانەی پێشتر یاساخ کرابوون بۆ ئافرەت و بە کاری ژنانە نەدەزانران، هەڵکەوتووە، کە چیدیکە ئافرەت پێویستی بەوە نییە بە دوای ئارگۆمێنتدا بگەڕێ تا بیسەلمێنێ کە هۆکاری ناهاوتایی هەردوو ڕەگەز لە سیاسەت و کایەکانی دیکە؛ کۆمەڵایەتی و کولتورییە نەک سروشتی، زیرەکی و ژیری هی ڕەگەزێک و سۆزداری و دڵنەرمی هی ڕەگەزەکەی دیکە نییە. ژیری مرۆڤ هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەگەزی بایەلۆژی نییە، بەڵکو ژیری ئافرەت هاوسەنگە لەگەڵ لایەنی سۆزدارییەکەی ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئافرەت لە هەمانکات بە ئەقڵ و سۆزیش لە پرسەکان بڕوانێت و کەمتر ڕەچاوی بەرژەوەندی بکات. هەروەها دەڵێن"ئافرەتانی دەسەڵاتدار بەراورد بە پیاوان بژاردەی جیاواز دێننەکایەوە و سود بە سەرچاوەی گشتی دەگەیەنن".

پێویستە هەموو کۆمەڵگەکان هەروەها سیستەمەکانی حوکمڕانی دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەت بڕەخسێنن بۆ بەشداری هاوتا و یەکسان لە کایەی سیاسی و پرۆسەی بڕیارسازی. ئەوەش بە هەوڵدان بۆ گۆڕینی بیروبۆچوون و تێڕوانینی کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆڵ و توانای ئافرەت و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بارەی گرنگی وزەی هزری و توانای ئافرەت لە کایەی سیاسیەت. لێرەدا خێزان وەک یەکەمین دەزگای بەکۆمەڵایەتیکردن ڕۆڵی گرنگی هەیە لە زەمینەسازی و هاندان و پشتیوانی ڕەگەزی مێ بۆ پراوەکردنی ڕۆڵی سیاسی، ئەوەش لە میانی پرۆسەی گەشەی کۆمەڵایەتی. دەبێت خێزانەکان لەم پرۆسەیەدا هەستیاربن و جیاوازی نەکەن لە پەروەردەکردنی کچ و کوڕ و ئامادەسازییان بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵی جیاوازی ڕەگەزی بەپێی پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان و ئامادەکردنی منداڵی کچ بۆ هەندێک بوار و پیشەی دیاریکراو. ڕەخساندنی دەرفەت و پێگەیاندنی ئەکادیمی بۆ ئامادەکردنی کادری ئافرەتی کارامەی سیاسی؛ ڕێگەیەکی دیکەیە بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ئافرەت لە کایەی سیاسیدا، لەو چوارچێوەیەشدا پارتی سیاسی سەرەکیترین و گرنگترین ڕۆڵی بەردەکەوێت و شانۆی دەرخستن و فێرگەی پێگەیاندنی ئافرەت و ئامادەکردنیەتی بۆ گرتنەدەستی ڕۆڵی سیاسی.
لێرەدا نابێت ڕۆڵی خودی ئافرەت و ویستی بۆ بەشداری لە کایەی سیاسی و هەوڵدان بۆ بردنەسەری ئاستی خۆهۆشیاری ئاماژە پێ نەکەین، ئەمەش لەبەرئەوەی نەبوونی مەیل لای ئافرەت بۆ بەشداری لە بواری سیاسیدا، یەکێکە لە ئاستەنگەکان لە پێش بەشداری ئافرەت لە بواری سیاسی، ئەمەش نەک لەبەرئەوەی ئافرەت بە سروشتی خۆی حەزی لە کاری سیاسی نییە، بەڵکو ئەوە چەندین هۆکاری هەیە وەک پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و داب و نەریت و ڕۆڵی ئافرەت لە ماڵدا. دەبێ ئافرەت هۆشیار بێ لەوەی ئەو بوارە بە تەنها بۆ پیاو بەجێنەهێڵێ و ڕێگەنەدا پیاو لە جیاتی ئەویش بڕیار بدات، بەڵکو ئەو پرۆسەیە بە هزر و ڕا و دونیابینی هەردوو ڕەگەز بەڕێوەبچێت.


Designed and developed by AVESTA GROUP