هۆشیاری، کلیلی سەرکەوتنی ئافرەتە
چەمکی هۆشیاری لەو چەمکانەیە کە هەردەم مشتومڕی لەسەرەو لە گۆڕاندایە،
تاکەکانیش بە بڕ و شێوازی جیاواز لە ئەنجامی پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوون و هەوڵی
کەسییەوە بەدەستی دەهێنن، هۆشیاریش بە شێوەیەکی گشتی بەستراوەتەوە بە ڕۆشنبیری و
مهعریفه، بەوپێیەش لە بابەتە نامادییەکانە، بۆیە هۆشیاری وەک بابەتێک لە ئەنجامی
کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە لە نێوان تاکەکان هەستی پێدەکرێت، هۆشیاری بەردەوام لە
گەشەکردندایە، ئەمەش بەهۆی گۆڕانی بەردەوام و ڕانەوەستانی مرۆڤایەتی لە ئاستێکدا.
بۆئەوەی مرۆڤ لە کاروانی ژیان و گەیشتن بە گۆڕانکارییەکان دوا نەکەوێت، پێویستە
بەردەوام ئاستی هۆشیاری خۆی فراوان و بەرزبکاتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی هەر بە
هۆشیاری و ئاگایی دەتوانێت خواستەکانی بەدی بێنێت.
هۆشیاری، خۆناسین و دەرک و تێگهیشتنه، ڕزگاربوونی عەقڵە لە کۆت و
بەندەکان، به گومانهوه سهیركردن و تێرامانه له چهمكهكانی ڕاستی ڕهها و
باوهڕ و ئاراسته و پهیوهندی نێوانیان. بەو پێیەش هۆشیاری بۆ ئافرەت پێوستییەکی
بنەڕەتی و فاکتەرێکی هەرە سەرەکی تێگهیشتنێتی لهو بارهی كه تێیدایه و زانینی ئهوهۆكاره
هەمەلایەنانەی كهبە درێژایی مێژوو دهستیان لهههژماركردنی بهڕەگەزی دووەم ههبووه
و بێبەشی کردوون لە هاوبەشی ڕەگەزەکەی دیکەی کۆمەڵگە. ئافرەت تەنها بە دەرککردن و
تێگهیشتن ئاراستهی له ڕازیبوون به واقیعی چهسپاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دهگۆڕێ
و بهمه دەتوانێ ڕزگاری بێ و بگاتە ئاستێک لە پێگەیشتنی فکری و دەروونی و كردهیی،
ئەوکات هەوڵی بەدەستهێنان و پراوهكردنی تەواوی مافەکانی خۆی دەدات و ئەو
بەربەستانە تێکدەشکێنێت کە بەهۆی باوهڕ و نۆرمە جۆراوجۆرهكانهوه بۆی
دروستکراوە و رێگر بووە لە بەردەم ئازادی و پێشکەوتنی، بەوپێیەش نەک هەر توانای
بەڕێوەبردنی ژیانی خۆی دەبێت، بەڵکو بەشداری ژیانی کۆمەڵگەش دەکات. ئافرەت کە
هۆشیار بوو بەدڵنیاییەوە بە ئازادیش دەگات و نەوەیەکی هۆشیار و ئازاد پێدەگەیەنێت
و دواتریش کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد بەرهەم دێت، ئەمەش ئەو قۆناخەیە کە لە
ئێستادا ئافرەتی کوردستانی پێیدا تێپەردەبێت. ئافرەتی کوردستانی هۆشیار بووەتەوە و
بێدەنگ نابێت لە ئاست ئەو تێڕوانینه نهریتییهی كه لهسهر بنهمای جهسته لێی
دهڕوانێت و بوویته سهرچاوهی ئهو توندوتیژیانەی بەرامبەری دەکرێت، بەهەر پاساو
و لەسەر هەر بنەمایەک بێت. ئافرەتی کوردستان هاتۆتە نێو گۆڕەپانی ژیان و بەشدارە
لە پرۆسەی بەڕێوەبردن و کایەکانی ژیان، ئاستەنگ و بەربەستەکان ڕایناوەستێنێ و
ناینێرێتەوە بۆ گۆشەگیری و چواردیواری ماڵ، هەربۆیە وەک دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ
ڕێژەی سکاڵاکان لە توندوتیژی لە بەرزبوونەوەدایە، سەرەڕای ئەو بەربەستانەی کە
بەهۆی نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام بۆ ئافرەتانێک کە لە بواری سیاسەت کار
دەکەن، دروست دەکرێت، ئافرەت هەر بەردەوامە و کۆڵی نەداوە. هەروەها لە بازاڕی کار
و بوارەکانی دیکەش.
ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی، کە ئافرەتی کوردستانی لە قۆناخی
هۆشیاربوونەوەدایە، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، کە بڵێین تەواوی ئافرەتانی کوردستان
بە مافەکانیان هۆشیاربوونەتەوە و هەروەها هۆشیارییەکی قووڵ سەبارەت بە پرسی ئافرەت
و هۆکارەکانی ستەم لە ئافرەت و میکانیزمەکانی دەربازبوون لە ستەم لەلایەن خودی ئافرەتەوە
درووستبووە.
ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، ئەم پرسە وەک یەکێک لە هەرە گرنگترین و
سەرەکیترین ئەرک و ئامانجی خۆمان دەزانین و بەڵکو هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە
ئافرەتی کورد لەوە زیاتر بە مافەکانی هۆشیار بکەینەوە و ئاگایی پێ ببەخشین سەبارەت
بە سروشت و تایبەتمەندییە دەروونی و هزری و تواناکانی و بیری یەکسانیخوازی لە
فکریدا بچەسپێنین و ئیرادەیەکی بەرز لە دەروونیدا بخوڵقێنین، لەهەمانکات کۆمەڵگەش
لە توانای ئافرەت و پێویستی ڕۆڵی یەکسانی ئافرەت بەئاگا بکەین، ئافرەت بوونێکی چالاک
و خاوهن هۆشیاری و
توانایە، نەک تەنها بوونێکی فیزیکی، دەبێت کۆمەڵگەش بەو چاوە لە ئافرەت بروانێت و
دان بە تواناکانیدا بنێت، لەو چوارچێوەیەدا لە هەموو ئەو کەناڵانە کە هۆشیاری
کۆمەڵایەتی لە ڕێگەیانەوە بڵاودەکرێتەوە و کۆمەڵگە لە جێگیری و وابەستەیی بە داب و
نەریتە کۆمەڵایەتی و بەها کۆنەکان کە سەرچاوەی نایەکسانی و ستەمەکانی سەر ئافرەتن،
ڕزگار دەکەن، سود وەردەگرین، هەروەها کار دەکەین بۆئەوەی ئاڕاستەی گۆڕانکارییەکان
بەرەو پێشکەوتن و هۆشیاربوونەوەی قووڵ و زانستی؛ دوور لە بەکاڵابوون و ڕووکەشگەرایی
له لایهن ههر ئایدۆلۆژییهكهوه بێت. سەرەتاش لای خودی ئافرەت، دواتر لە
کۆمەڵگە. یەکەم جار دەبێت ئافرەت له دهرهوهی
جهستهی مێ و تایبهتمهندییه فیسیۆلۆژییهكانی خۆی ببینێت و متمانە بە توانا و
ڕۆڵی خۆی بکات و لەڕووی هزرییەوە خۆی پێش بخات و کۆمەڵگە ناچار بکات دان بە
تواناکانیدا بنێت، ئێمە دەمانەوێت هۆشیارییەک بخوڵقێنێن، کە ئافرەت ڕۆڵی کاریگەر و
سەرەکی هەبێت لە کایەکانی فکری، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و چیدیکە
کۆمەڵگە بێبەش نەبێت لە وزە و توانای ئافرەت.