فیمینیزم چیە؟

پرسی ئافرەتان
18/09/2019

 
فیمینیزم، یەكێكە لە بزووتنەوە فەلسەفی، سیاسی، یاسایی و كۆمەڵایەتییە تازەكان، ساڵی  ١٨٣٧ ز بۆ یەكەم جار لە فەرەنسا دەركەوت، بەڵام وەك بزاوتێكی سیاسی خۆی نمایش كرد. هەر لەسەرەتاوە وەك هێزێكی رێكخراو دەركەوتووە تا بەرگری لە ماف و داخوازییەكانی ئافرەت بكات. دواتر فۆرمەكانی خۆی گەشەپێداوە و جۆری جیاوازی لێكەوتۆتەوە تا لە روانگەی سیاسی یان یاسایی، یاخود كۆمەڵایەتی و ئایینی یان هزریی و فەلسەفی كار بۆ مافەكانی ئافرەت و بەدیهێنانی جیهانی ژن بكات و گوزارشت لە ژنبوون و دۆزینەوەی شوناسی ئافرەتەی مێینە بكات.
فیمینیزم، وەك بزاوتێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی- فەلسەفی ویستی وابوو كە بە رێگەی ئەقڵانی و یاسایی چارەی كێشەكانی ئافرەت بكات. كێشە جێندەرییەكان بۆ كێشەی هزریی، دادپەروەریی، ماف و رەوایی ئاوەڵا بكات. فیمینیزم تیۆری ململانێی سترەكتۆرە كۆمەڵایەتیەكانە، بروای بەوە هەیە كە كۆمەڵگە لەسەر بنەمای ململانێ بونیادنراوە، نەك بە تەنها ململانێی ئابووری و سیاسی یان كۆنترۆڵی دەسەڵات، بەڵكو لەسەر بنەمای جیاوازی رەگەزیی و ئەزموونی نێوان ژن و پیاو. 
بەدرێژایی مێژوو، لە زۆربەی سەردەمەكان سیستەمێكی زاڵی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی، كە پیاو سالارانە بووە، دەسەڵاتداربووە. سیاسەتی رەگەزیی و دەسەڵات و حكومەتی رەگەزی بنیاتناوە و درێژكراوەی باوكسالاریی بووە. تەواوی سیستمەكانیش بە هزر و ویستی پیاو دارێژراون، تەنانەت لەو ووڵات و سیستەمانەشدا كە خاوەنی ژیار و شارستانێتین ژن وەك هەبوویەكی كۆمەڵایەتی و بونێكی جیاواز لە پیاو بەشداری كارای نەبووە و رێگەی پێنەدراوە بەشداری لە دارشتنی سیستمەكاندا بكات. بۆ نموونە لە گریك و رۆمانی كۆندا، سەرباری شارستانێتی فەلسەفی و سیاسی كەچی ئافرەت بێ ماف بوون. تەنانەت لە ' دیموكراسی' گریكیدا، ئافرەت لە ریزی نامۆ و كۆیلە و ناهاوڵاتییاندا بوون و مافی بەشدارییان نەبوو لە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیدا، واتا ئافرەت هاوڵاتی نەبوو. لەسەردەمانی دواتردا، تێگەیشتن لە ئافرەت وەك بوونێكی ناو فەزای سیاسی و كۆمەڵایەتی گۆرانكاری بەسەردا هات، بەجۆرێك بە هێواشی بەشداریی و كارایی ئافرەت لە ناو سیستەمە پیاوسالارییەكاندا گەشەی كرد و بە گوێرەی سەردەم و شارستانییەكان لە گۆرانكاریدا بوون. 
 چەمكی فیمینیزم Feminism لە بنەرەتدا فەرەنسییە، لە ووشەی  Femina ی لاتینی وەرگیراوە بە واتای ''ئافرەت'' و سەرەتا لە بابەتە پزیشكیەكاندا بەكارهێنراوە، بەتایبەت بۆ ئەو پیاوانەی كە گیرۆدەی نەخۆشی ئافرەتە بوون، وەك گەشەی ناتەواوی ئەندامەكانیان و گرفتی هۆرمۆنی كە هەستبكرێت جەستە وهۆرمۆنی ئافرەتە بەسەر پیاوەتییاندا زاڵ بێت.


Designed and developed by AVESTA GROUP