ئافرەتان بە هەوڵ و هێزی خۆیان دەتوانن مافەكانیان مسۆگەر بكەن

پرسی ئافرەتان
09/03/2023

     ئافرەتان لە کۆمەڵگادا هەمیشە گرینگ و تایبەتن، بۆیە هەموو کۆمەڵگایەک پێویستی بە پاراستنی هاوسەنگی یەکسانی هەیە لەو ماف و ئیمتیازاتانەی کە بوونیان هەیە بۆ هەردوو ڕەگەز، هەرکاتێک سەیری مافەکانی ئافرەتان دەکەین، بە ڕوونی لە ماددەکاندا هاتووە کە پێویستە چی دەستەبەر بکرێت.
دکتۆرە لانە محەمەد عەلی حافز، مامۆستالە زانکۆی سلێمانی پێیوایه‌ كه‌ بەر لەهەموو شتێک کە ئافرەتان بتوانن مافەکانی خۆیان بە دەست بهێنن، بەڵام پێویستی بە ئیرادە و متمانە بە خۆبوونێکی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی بتوانێنێت ئامانجەکانیان بپێکن، دەبێت هەموو ئەو دەستەواژانە ڕەت بکەنەوە کە رێگرن لە بەدیهێنانیان هەمیشە بڕوایان بە تواناکانی خۆی هەبێت لە هەموو بارودۆخێکدا، وە خودی خۆی باشترین هاوڕێ و هاندەری خۆی بێت، بۆ پەرەپێدانی خۆی،هەمیشە بلێت:(بەڵێ من دەتوانم) و هەموو ووشە نەرێنیەکان ڕەت بکاتەوە، و بیانگۆڕێت بۆ ووشەی ئەرێنی و پۆزەتیڤ کە ببن بە کلیلی هەندان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی.کەواتە دەبێت (ئیرادە و بەردەوامی) لە پلانەکانیدا ڕەنگ بداتەوە.
 لە هەموو جیهاندا کاتێک باس لە ماف دەکرێت دەبێت بسەندرێت، چونکە بەبێ ئەوەی هەوڵی بە دەستهێنانی مافەکانی خۆت بدەی بێگومان ئەوە زۆر ئەستەمە و بەدی نایەت، و ئامانجەکەت ناپێکی، ئەمە نەک تەنها بۆ ئافرەت، بەڵکو بۆ پیاویش ڕاستە،بەڵام بە حوکمی ئەوەی لە ووڵاتی ئێمە لەناو کلتورێکی پیاوسالاری دا دەژین، لەوانەیە دەسکەوتەکان بۆ پیاوان ئاسانتر بەدی بێن، بەڵام گرینگە ئافرەت کۆڵنەدەربن وبەردەوام بن، گرینگە لە هەموو دەرگاکان بدەن لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئیمتیازاتەکانی خۆی.
هه‌روه‌ها د.لانە حافز  ده‌ڵێت: دەبێت ئێمەی ئافرەت ئەوە بزانین کە توانای ئەنجامدانی هەموو کارێکمان هەیە و گرینگە هەموو ئافرەتێک پەرە بە تواناو لێهاتوویی خۆی بدات و خۆی پێبگەیەنێت بۆ ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر بێتە مەیدانەوە. نابێت چەق بەستوو بن، هەروەها دەبێت لەگەڵ گەشەسەندن و پێشكەوتنەکانی ئەمڕۆی جیهان ئافرەتانیش لەگەشە سەندندا بن لەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژین، چونکە ئەگەر پەرەپێدانی خودیان بوەستێت بێگومان لە کاروانی پێشکەوتن دوادەکەون لەهەموو بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، بۆیە بەردەوامی زۆر گرینگە هەروەها هاوکاری و پشتیوانی ئافرەتان لە نێو خۆیاندا خاڵێکی ئەساسیە بۆ دەرخستنی توانای ئافرەتێکی تر، جگە لەوە ئەو پاڵپشتیەش کە پیاوان پێشکەش بە ئافرەتانی دەکەن، چونکە زۆرێک لە ئافرەتی سەرکەوتوو بێگومان باوک یاخود هاوسەرێکی رۆشنبیر لە پشتیوانی و پاڵپشتی کردن درێغیان نە کردووە میکانزمێکی بەهێز بوون لە پێشخستن و سەرخستنی ئافرەتان.

خاتوو شیلان سعید محمد زیاد – به‌رپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕاپەڕین جەخت لەوە دەكاتەوە کە  بە درێژای مێژوو ماف سەندراوە نە بەخشراوە ،بەتایبەت بۆ ڕەگەزی مێ  کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کلتوور و داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان کە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بەردەوام مافی پێشێلکراوە ،بۆیە بڕوای وایە ڕۆشنبیری کۆمەڵگا و ‌هۆشیاری کۆمەڵایەتی تاک و هۆشیاری ئافرەت بۆ خودی خۆی ڕۆڵ و کاریگەری جدی هەیە بۆ ئەوەی ئافرەتان بتوانن مافەکانی خۆیان بەدەست بهێنن،جگە لەوە لە ڕووی ئابووریەوە زۆرگرینگە کە هەموو ئافرەتێک بتوانێت پایەی ئابووری و دارایی خۆی تۆکمە بکات، چونکە پایەکی سەرەکی و گرینگە بۆ ژیان و گوزەران و بەهێز بوونی تاک ،گرینگە هەموو ئافرەتێک ببێت بە خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆی بۆ ئەوەی بگات بەو ئامانجەی کە هەوڵی بۆ دەدات ، ئینجا دەبن بە خاوەن ماف و بڕیاردان لە کۆمەڵگادا.
شیلان سعید ڕای وایە بەهێزی ئافرەت بۆ بە‌هێزبوونی کەسێتی دەگەڕێتەوە کاتێک خۆی متمانەی بە تواناکانی خۆی هەبێت هەمیشە بەهێز دەردەکەوێت، چونکە ئافرەت لە بنەڕەتدا بوونەوەرێکی بەهێزە، گەر خودی خۆی بە بێ هێزی نیشان نەدات، لەبەر ئەوەی بە درێژای مێژوو ژنانی کورد ڕۆڵی کاراو کاریگەریان هەبووە، وە ژن هەر لە سەرەتای ژیاندا دایک بووە یەکەم پزیشک بووە، وە دۆزەرەوەی کشتوکاڵ بووە، وە خاوەن بڕیار بووە تاکو دەگاتە پۆستە باڵاکان، یەکەمین میکانیزمی یارمەتی دەریش بۆ بەهێزبوونی خود (بڕوا و متمانە بەخۆبوون و بوێریە وە سڵ نەکردنەوەیە لە شکست)کە ئەمانە بە خاڵی گرینگ و جەوهەری دادەنرێن بۆ بوون بە ئافرەتێکی بە‌هێز و کۆڵنەدەر و سەرکەوتوو.

Designed and developed by AVESTA GROUP