پڕۆژەیەکی هونەری و ئەدەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە سەردەمی کۆرۆنا راگه‌یه‌ندرا

پرسی ئافرەتان
25/06/2020

 بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە سەردەمی کۆڕۆنا نەزەند بەگیخانی و رێبوار سەعید لە دووری هەزاران کیلۆمەترەوە پرۆژەیەکی ئەدەبی و هونەری دادەهێنن. ئەم پرۆژەیە کە بە ناوی ''رێناز: کۆڕۆنا و جەستەی ئافرەت'' و ئامانجی هوشیارکردنەوەی رای گشتییە دەربارەی مەترسییەکانی توندوتیژی خێزانی کە بە پێی راپۆرتەکانی یوئێن و پسپۆڕانی بواری جێندەر لە ماوەی کەرەنتینە لە سەرانسەری جیهان زیادی کردووە،. رێناز، وشەیەکی لێکدراوە و پێکهاتووە لە یەکەم بڕگەی ناوی رێبوار سەعید و نەزەند بەگیخانی. 
ڤایرۆسی کۆرۆنا جگە لەوەی دۆخێکی سەختی دروست کردووە، بۆتە هۆی ترس و نادڵنیاییەکی زۆریش؛ ترس لە تووشبوون و نادڵنیایش لە بەرامبەر داهاتوو. ئەم دۆخە دەرهاویشتەی زۆری لێ دەکەوێتەوە کە هەندێکیان هەنووکەیین وهەندێکێشیان بە شێوەی درێژخایەن لە ژیانماندا رەنگ دەدەنەوە. یەکێک لە دەرهاویشتە هەنووکەییەکان، بریتییە لە زیادبوونی توندوتیژیی خێزانی کە منداڵ و ئافرەتان قوربانیی سەرەکین. 
لەم بارودۆخەدا، لە کاتێکدا کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە سەرانسەری جیهان ماڵنشینکراون، فشار و ئەرکێکی زۆر کەوتۆتە سەر ئافرەتان و خێزان بە گشتی. پیاوان کە پێشتر بەو دۆخە رانەهاتوون و هەستیان بە ئەرک و قورسایی ژیانی  ناوماڵ نەکردووە زۆرجار دەستەوەستان دەمێننەوە و لەوانەیە بە مومارەسەی توندوتیژی لەسەر رۆح و جەستەی ئافرەت و منداڵ خۆیان بەتاڵ بکەنەوە. ئەمڕۆ هەموومان لەبەردەم تەحەددایەکی گەورە داین کە لە رووی تەندورستییەوە کاریگەری زۆری دەبێ، بە تایبەتی لەسەر منداڵەکانمان کە بەهۆی دابڕان لە خوێندن، لە جموجۆڵی کۆمەڵایەتی و سیستەمی پەروەردە دابڕاون. 
پرۆژەی 'رێناز: کۆڕۆنا و جەستەی ئافرەت' پێکهاتووە لە 20 تابلۆ و بیست کورتە شیعر کە تایبەتن بە پرسی ئافرەت و ئازار و دابڕان و هیوا و هەڵسانەوە پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکان. لەم بارەیەوە، نەزەند بەگیخانی دەڵێ: ''پرۆژەی رێناز گوزارشتە لە باوەڕی ئێمە بە دادوەری و یەکسانی، هەوڵێکە بۆ بەرجەستەکردنی هاوڕێیەتی و کاری پێکەوەیی لەم سەردەمە دژوارە و سڵاوێکی نەمریشە لە جوانییەکان بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژی و گرژیی لە نێوان مرۆڤەکان''.
رێبوار سەعید لە لێدوانێکدا وتی: ئەم پرۆژەیە پەرچەکرداری هونەرمەند و شاعیرێکە بەرامبەر ئەو نادادوەری جا لە هەر شوێنێک بێ. بە رای من هونەرمەند دەبێ لە چرکەساتانەدا دەنگ هەڵبڕێ لە فۆرمی کاری هونەریدا تا بتوانێ کۆدەنگییەک دروست بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە ناسارستانییە. ئەمە ئەرکێکی ئەخلاقییە.''
وا چاوەڕوان دەکرێ کە پرۆژەکە گەورە بکرێت لە شێوەی نمایش و کلیپی مۆسیقا لە لایەن چەند هونەرمەندێکەوە کاری لەسەر دەکرێ.
نموونەی شیعرێکی نەزەند بەگیخانی لە چوارچێوەی پرۆژەکە:
ئەوە رۆحی ئێمەیە، هاوڕێم
لەناو بەردی هەسارەیەک هاوار دەکا
کاتێ دادەبارێ
لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان
ئەلف و بێی سروشت راڤە دەکا
ئینجا لە جووڵەیەکی هیرۆگلیفیدا
سڵاو لە جوانی دەکا

Designed and developed by AVESTA GROUP