کاریگەری قەیرانی ئابوری لەسەر ئافرەتان

پرسی ئافرەتان
18/07/2020

 ناسەقامگیری ئابوری، کارەسات و شەڕ کاردەکاتە سەر ژیانی خێزانەکان و بەتایبەتی ژنان دەخاتە مەترسییەوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا قەیرانی ئابوری لە سەرانسەری جیهاندا دروستبووە ئەم قەیرانە ئابورییانەش دەبنە هۆی زیادبوونی گرفتە کۆمەڵایەتییەکان. لە شوێنێکی وەکو هەرێمی کوردستان کە پێش پەتای کۆرۆناش گرفتی ئابوری و کۆمەڵایەتی هەر هەبووە، ژنان چەندین ساڵە خەبات دەکەن تا بگەن بە شوێنەکانی بڕیاردان و ڕووبەڕووی کولتوری پیاوسالاری ببنەوە. لەگەڵ ئەوەی هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە ژنی کورد توانیویەتی ڕێگەیەکی زۆر ببڕێت تا بگاتە نێوەندی بڕیاردان لەوانەشدا سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەندێک دەڵێن هێشتا کاری زۆر زیاتر ماوە تا ژن بتوانێت لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابوری بەدەستبهێنێت.


ئایە قەیرانە ئابورییەکانی پاش پەتای کۆرۆنا هاتونەتە ئاراوە و بێ مووچەیی چەندێک کاردەکاتە سەر ژیانی ژنان لە هەرێمی کوردستان، یان ژنان و ئافرەتان پێویستە چی بکەن بۆ ئەوەی نەبنە قوربانی سەرەکی ئەم قەیرانانە؟

بۆ ئەم مەبەستەش بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا میواندارێتی دکتۆر ڤیان سولەیمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کورستان وخاتو گوڵستان سەعید ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات.
خاتو گوڵستان سەعید پێی وایە ئەم قەیرانانە ژنان زیاتر دەخەنە مەترسییەوە و توندوتیژییەکانیش بەرامبەر ژنان زیاتر دەکەن لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت " یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان زیاتر ژنان تەنها لە توندوتیژی ناو خێزان دەپارێزێت، بەڵام ئێمە ئەمانەوێت ئەو یاسایە هەموار بکەینەوە و ژنان لە هەمو شوێنێک پارێزراو بن بۆ نمونە لە شوێنی کار لە سەرشەقام لە هەمو جێگایەکی گشتی."

دکتۆر ڤیان سولەیمانیش هەرچەندە ناکۆک نییە لەسەر ئەوەی کە باری خراپی ئابوری ژنان زیاتر دەخاتە مەترسییەوە بەڵام دەشڵێت " چونکە ژنان ناچاردەبن بچنە دەرەوەو کار بکەن ئەمەش وا دەکات کۆمەڵگە ناچاربێت هەنێک نۆرمی پیاوسالاری نەمێنێت، بەڵام لەلایەکی ترەوە کۆمەڵێک توندوتیژی جیاواز ڕووبەڕوی ژنان دەبنەوە."


دەقی مێزگردەکەی هێرۆ زەنگەنە بۆ بەرنامەی لەگەڵ ڕووداوەکان لە دەنگی ئەمەریکا  لەگەڵ گوڵستان سەعید و دکتۆر ڤیان سولەیمان سازیداوە.

Designed and developed by AVESTA GROUP