ڕۆشنبيرى ئافرەت سمبولێكى ترى جوانيەتی

پرسی ئافرەتان
15/08/2020

كاتێك باس له ڕۆشنیریی دەكرێت پێناسه و لێكدانەوەى جياواز هەيه بۆ ئەم چەمكە. هەر ميللەت و نەتەوە و هه ر كه سێك به جۆرێ ده توانێت پێناسينێكى بۆ بكات له ديدگاو بۆچونى فكرى خۆیەوە.
ڕۆشنيرى واتاى چيه ؟
به شارستانيەت و فكرو كلتوورى و واقعى ژيان و هزرو فكرى تاكەكانى كۆمەڵگە دەوترێت كه نەتەوەیەك له نەتەوەيەكى ترى پێ جيادەكرێتەوە هەر يەكێكیشيان بەپێى ئاستى گەشه سەندووى كۆمەڵگاكەی دەگۆڕێت .
لە كۆمەڵگە گەشەسەندووەكاندا هەميشه تاكەكان توانيويانه ئاسوودەیى تاكه كەسى و مافی كەسى و خوشگوزه رانى لەسەرووى هه موو شتێكەوە دابنێن به پێچەوانەى كۆمەڵگەیەك كە ئاستى تێگەیشتنی تاكە كەسى بە جۆرێكە هەموو ئەوانە بە پێچەوانەوە وەردەگرێت تەنانەت ئاستەنگێكی گەورەش دروست دەكەن بۆ هەنگاوەكانی ژیانیان گرفتى بۆ دروست دەكەن و لەم ڕووەشدا قوربانى يەكەم ئافرەتە. بۆ دەبێت شەرم بێت یان ئابڕووچوون بێت كە قسەكانم لە ڕووبن ،نابێت خەندەو بزە و پێكەنینەكانم بەرزبن و شەوم سنوودارو ڕۆژم سنووداربێت !!!
وە قسەكانم سنووداربێت بەس لەبەر ئەوەی من ئافرەتم ؟!!
لێره دا من دەڵێم بەڵێ من ئافرەتم بەڵام ئافرەتێكی ئامانجدارو بەرهەم دار ،كە دەتوانم ڕۆڵ بگێڕم وەك ئافرەتێكی سەركردە ببم بە ڕێنیشاندەری هەموو ئەو ئافرەتانەی كە دەڵێن :
- ئێمەش دەمانەوێت بژين بەڵام لە ناو چوار دیوار نا!!
- دەمانەوێت ئێمەش هەوڵبدەین بۆ خەونەكانمان ..
- دەمانەوێت ئامانج دار بين ...
ڕۆشنبیری بۆ ئافرەت خاڵێكی گرنگە، چونكە ڕێچكەی ژیانی بۆ دیاری دەكات و ئازایانە دەژی واى لێدەكات سڵ نەكاتەوە لە هەموو ئەو تەنگ و چەلەمانەی دێنە پێشی و دەبنە ئاستەنگ لە بەردەمی و بەرۆكی پێدەگرێت .
زۆرجار كە باس لە ڕۆشنبیری ئافرەت دەكرێت بە ئاراستەیەكی تردا دەبرێت وەك چەكێك دەبینن. كاتێك باس لە ماف دەكرێت بە ئاراستەیەكی تردا دەبرێت و وەك تەقینەوەیەكی گەورە و خاپووركردنی كۆمەڵگە دەیبینن !!!
بۆچی ناتوانن تێبگەن لەوەى ئافرەت چى دەوێت، وەمەبەست لە ماف پێدان چيە؟ بۆچی كاتێك باس لە ماف دەكرێت هەر دەبێت بە لا ڕێیدا ببەن ئافرەت دەیەوێت بەزمانی گوڵ بدوێت و وە بەهەمان شێوە بە زمانی گوڵیش گفتۆگۆی لەگەڵ بكرێت ..
دەیەوێت ئازار نەدرێت و لە كۆمەڵگادا مافی پێشێل نەكرێت .
دەیەوێت خاوەن كەسايەتى و پێگەى تایبەتی خۆی بێت.
رێگری لە داهێنان و سەركەوتنەكانی نەكرێت .

Designed and developed by AVESTA GROUP