یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان راگه‌یاندراوێكی سه‌باره‌ت بەشودانی کچانی منداڵ و بەخشینیان لە بری قەرز بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان
28/11/2020

هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستوری لەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ و هاوڵاتیبوون دامەزراوە و مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافی منداڵ و ئافرەت بە تایبەتی لە چوارچێوەی پرسە گرنگی پێدراوەکانن و هەموومان دڵخۆشین کە بەردەوام ڕێژەی کچان لە قۆناخەکانی خوێندندا ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و هەر ئەمساڵیش بەرزترین ڕێژەی یەکەمەکان لەسەر ئاستی قۆناخی ئامادەیی قوتابیانی کچ بوون.

پێشکەوتنەکان مایەی شانازی و دڵخۆشیمانە و لەهەمانکات ڕوودانی چەند حاڵەتێکی نامۆ بە کولتورمان و هاودژ بە بەها مرۆڤایەتی و شارستانییەکان یەکجار نیگەران و توڕەمان دەکات.
بەشودانی کچانی منداڵ و بەخشینیان لە بری قەرز؛ پێشێلکردنی مافی منداڵ و توندوتیژییە بەرامبەر ڕەگەزی مێ هاوکات سەرپێچی یاسا و بێڕێزیکردنە بە بەها و سیماکانی کۆمەڵگەکەمان.

هەردوولایەنی هەر ڕووداوێکی لەو شێوەیە لە خێزانی کچ هەروەها ئەو پیاوەی کە لایەنێکی دیکەی ئەو حاڵەتانەیە ئەوانەش کە شەرعیەت بە گرێبەستێکی لەو شێوەیە دەدەن بەهەر پاساوێک و لەژێر هەر ئایدۆلۆژیایەک بێت، تاوانبارن بەرامبەر بە یاسا و بەرامبەر بە بەها و نۆرمە پێشکەوتووەکانی کۆمەڵگە و هەنگاوەکانی ڕوو لە پێشکەوتن و کرانەوە. باوکەکان باوکی منداڵەکانن نەک خاوەنی منداڵەکان تا بە خواستی خۆیان مامەڵە و سەودایان پێ بکەن و وەک کاڵا مامەڵەیان پێوە بکەن. دەبێت هەموو لایەک بزانن جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەرکی باوکایەتی و چەمکی خاوەنداری. تاوانی لەو شێوەیەش مافێکی گشتییە و تەنها خێزانەکان بەرپرس نین لە چارەنووسی منداڵەکان.

ئەو ڕووداوە تاوانە و؛ دەبێت دەسبەجێ ڕابگیرێ و هەموو ئەوانەش کە دەستیان لە ڕوودانیدا هەبووە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

هاوکات خۆشحاڵین کە بەرامبەر ئەو تاوانە ئیدانەکردنێکی گشتیمان بینی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەکەمان، ئەوەش مایەی گەشبینیی و ئومێدە کە ڕای گشتی کۆمەڵگە بەو ئاستە هۆشیارە و لە ئاست ڕووداوە نامرۆڤانەکان بە هەڵوێستە. هاوکات سوپاسی دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە ڕێگە نادەن تاوانی لەو جۆرە پەردەپۆش بکرێ و لە نێو چواردیوار و دیوەخانەکان دەیهێننە بەردیدی ڕای گشتی.
ئەوانە ئومێدمان پێ دەبەخشن و دڵنیایین کە کۆمەڵگەکەمان ئەم قۆناخە بە ئاڕاستەی پێشکەوتن و شارستانیبوون تێدەپەڕێنێت.

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
28/11/2020





Designed and developed by AVESTA GROUP