لەسۆران ١١کچی خۆبه‌خش سوپاس وپێزانینیان پێدەبەخشرێت

هەمەجۆر
03/12/2020

ڕێكه‌وتی 3ی 12ی 2020 له‌ سۆران رێكخراوی وار بۆ ژینگه‌پارێزی و بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سۆران، به‌ بۆنه‌ی هه‌ڵمه‌تی 16 رۆژه‌ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، سوپاس و پێزانینیان  پێشكه‌ش به‌11 كچی خۆبه‌خشكرد كه ‌خۆبه‌خشانه‌ له‌ بواری ژینگه‌ كاریان كردووه‌.

هەژار ماهیر سەرۆکی ڕێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە: ده‌مانه‌وێت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سۆران، هەڵمەتی نیشتمانی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توند وتیژی دژی ئافرەتان درێژە پێبدەین، ئەمەش لە پێناو هۆشیاركردنەوەی زیاتری كۆمەڵگە لە پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بەگشتی ومافی ئافرەت بەتایبەتی وهێنانە كایەی یەكسانی كاركردنی پیاو وئافرەت لە سەرجەم سێكتەر وكایەكانی ژیاندا. پێمانوایە ئەو هێز وتوانا هزری وڕۆشنفكریەی لە پیاوێكدا بەرجەستە دەبێت لە ئافرەتانیشدا بوونی هەیە، بەو مەرجەی ئافرەتان بوونی خۆیان بسەلمێنن وبەشدارێكی كارابن بۆ هاتنەدی هیوا وخۆزگەكانیان.
لە ڕێكخراوی وارەوە وەك ڕێكخراوێكی مەدەنی و كە بە دەسەڵاتی پێنجەم ناودەبرێن، شانازی بەوە دەكەین كە بەردەوامیمان داوەتە ئەو ڕێچكەیە، شانازی بەوەوە دەكەین كە لەماوەی دامەزراندنی ڕێكخراو تا ئیستا چەندان كچ لە قوتابخانەی وارەوە پێگەیشتن وبەرەو دۆزینەوەی دەرفەتی كاری تایبەت بە خۆیان ڕۆیشتون، لە ئێستاشدا وار خاوەنی (11) ئەندامی خۆبەخشی كچە، كە ماوەیەكی زۆرە بەوپەڕی لەخۆبردووییەوە خزمەت بە ژینگە وبواری مرۆیی كۆمەڵگەكەیان دەكەن، كە بەشێكیان دەرچووی زانكۆ وپەیمانگاكانن وە بەشێكی تریان فێرخوازی زانكۆ قۆناغی ئامادەین، بۆیە بە پێویستمان زانی لەم ڕۆژە گرنگەدا سوپاس وپێزانینی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توند وتیژی دژی ئافرەتان و ڕێكخراوی واریان پێشكەش بكەین ودەستخۆشیان لێبكەین بە مەبەستی زیاتر پەرەپێدانی تواناكانیان، نەمامی سۆز وەفاییان بۆ دەچینن . بێجگە لەوەش دو خانمی پر هێز و وزە لێرەن كە لێیان فێرە توانایی و كارمەیی دەبین هاوشانی ئەم 11 كچانە رێزی لێ دەگرین.

 شریهان حه‌مید یه‌كێكه‌ له‌و كچه‌ خۆبه‌خشانه‌ و ده‌ڵێت: دوای سێ ساڵ له‌ به‌شداریكردنم لە ڕێکخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە
ئەمڕۆ وەک ئافرەتێک شان بەشانی پیاوان لە ڕێکخراوێکی خۆبەخشی کارم کردووە و بەخۆشحاڵیەوە سوپاس و پێزانینم پێبەخشرا و هاوکات منیش وەک هەر ئافرەتێک و تاکێک لەم کۆمەڵگایە نەمامێکم بەناوی خۆمەوە ڕواند و بونی خۆم سەلمان لەم شارەدا، ئەمە بۆمن هەستێکی تایبەتە کەوەک ئافرەتێک و لەم شارە و لەم کۆمەڵگایەدا شان بەشانی پیاوان کاربکەم و بونی خۆم بسەلمێنم و بلێم منیش وەک پیاوان دەتوانم کاربکەم و تێبکۆشم.

په‌ری نه‌جیم ....سۆران

Designed and developed by AVESTA GROUP