شاخه‌وانێك: شاخەوانی بۆ ئافرەتان سه‌خت نییە گەر ئیرادە و ئامانجی لوتکەی هەبێت

وەرزش
12/07/2021


ئافرەت و وەرزشی شاخەوانی، یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌متر قسه‌ی له‌سه‌ر كراوه‌ و گرنگی پێدراوه‌، لێره‌دا ئه‌مانه‌وێت تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌م جۆری وه‌رزشه‌ و باس له‌ ئامانج و گرنگی وه‌رزشی شاخه‌وانی بكه‌ین.
نێگین محمد  لە شاری سۆران  ده‌ڵێت: ئافرەتان لە بواری شاخەوانیدا بە رێژەیەکی کەم دەردەکەون ئەویش لەبەر چەند هۆکارێکه‌، زۆر لە ئافرەتان هەن حەز بە شاخەوانی دەکەن، بەڵام لەبەر چەند هۆیەکی کۆنە فکری ئەوا بووەتە رێگر بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و خولیایه‌ن.
شاخەوانی بۆ ئافرەتان قورس نییە گەر ئیرادە و ئامانجی لوتکەی هەبێت، هەندێك شت هەیه‌ کە پێویستە ئافرەتان وایان لێبێت تا گەشتەکەیان بۆ زۆر سەخت نەبێت.هەموو شتێک سەختی خۆی هەیە چونکە هەر شتێک سەختی نەبێت قیمەتیشی کەمە، بەڵام شاخەوانیش سەختی خۆی هەیە، بە مەرجێک، سەختییەکە کەمێک کەم دەکاتەوە کە شاخەوان وەک شاخەوانێک دەرکەوێت و شتەکان بە جدی وەری گرێت، وە بە شێوازێکی ته‌كنیكی و جدیەوە بچێتە ناو کارەکەی.
نابێت بە ساڵێک کە شاخەوانی  دەکەم، هەستێکی زۆر جیاوازم هەیە لە شاخ چونکە هەست دەکەم کە بوونی راستەقینەی خۆم لە شاخ دەبینمەوە، هەست دەکەم پارچەیەک لە ڕۆحم شاخە کە کاتێک دەگەرێمەوە تامەزرۆی ئەوەم بە دووبارە بە رۆحم شاد بمەوە، بەڵام بە شێوازێکی باشتر و بەهێزتر.
مژدە ساڵح له‌شاری کەرکوک ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بەشداری ئافرەت لەم وەرزشەدا بەپێی ڕادەی کراوەیی خەڵکی شار و شوێنەکان ئەگۆڕێ. لە کەرکووک شاخەوانی تاڕادەیەک نامۆیە بەخەڵک بەتایبەت ئافرەت پێی نائاشنایە، یەکێک لە هۆکارەکان داخراوی خێزانەکانە.
بۆ پیاوان چەند قوورسە، بۆ ئافرەتیش به‌هەمان ئەندازە بە کەمێک جیاوازییەوە بەهۆی بنیادی جەستەیانەوە. من ساڵ و نیوێکە ئەم وەرزشە دەکەم؛ بۆ حەوانەوەی دەروونی ئینسان پێویستە. ئەکرێ وەک وەرزشێکی ڕوحی چاوی لێ بکرێ زیاتر لە جەستەیی.
لیسا  سه‌عدوڵا ئەندامی گروپی حەسارۆست لە سۆران، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشتر لەئێستادا ئافرەتان زیاتر بەشداری وەرزشی شاخەوانی ئەکەن چ وەک وەرزش  یان وه‌ك  حەز و خولیا و بینینی سروشت بێ  ھەرچەند ھێشتا کاریگەری کلتور و دابونەریت ماوە بەسەر ھەندێك لەقەزاکانەوە، بەڵام کلتور شتێکە ڕۆژانە دەگۆڕێت و تازە دەبێتەوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئافرەتان زیاتر ھەست بەمافەکانیان ئەکەن لەنێوکۆمەڵگه‌دا.
لەڕووی فسیۆلۆجی جەستەییە جەستەی ئافرەت و پیاو جیاوازه‌، بەڵام ئەوە بەمانای ئەوە نایەت ئافره‌تان نەتوانن وەرزشی شاخەوانی بکەن، بۆمن وەک ئافرەتێک تاڕادەیه‌ك ناتوانم کێشی زیاتر لەجەستەم ھەڵگرم پێموایە ئەوە بۆپیاوانیش وایە، باشترە کۆڵەپشتێکی گونجاو لەڕووی کێش و قەبارەوە بەکاربھێنیت. نزیکەی چوار ساڵ ئەبێت بڕینی ئەو کیلۆمەترانە بەردەوام ھەستێکی نوێم ئەیاتێ، ئاشتبونەوە لەگەڵ ئەوسروشتەی بێ بەرامبەر جوانیمان ئەیاتێ وێڕای ئه‌وه‌ی کە سودگەلێکی ھەیە لەڕووی تەندروستی و دەروونیشەوە.


چۆمان حسێن

Designed and developed by AVESTA GROUP