به‌رهەمی دەست ڕەنگینی ئافره‌تان، به‌شێكی سه‌ره‌كی هه‌فته‌بازاڕی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌

هەمەجۆر
17/07/2021


هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور سێ ناوچەی بەپیتی کشتووکاڵین و زۆرترین بەرهەمی کشتووکاڵیان هەیە، ئێستا وەرزی پێگەیشتنی زۆربەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانە، بەڵام جووتیاران کێشەی ساغبوونەوەی بەرهەمه‌كانیان هەیە و داهاتێكی ئەوتۆ به‌ده‌ست ناهێنن یاخود هەندێکیان بەهۆی کەمی نرخەکەیەوە هەر لەسەر زەوییە کشتووکاڵیەکان ماون و کۆنەکراونەتەوە.

 لە پارێزگای هەڵەبجە، کێڵگەی کوردستان هەڵساوە بەکردنەوەی هەفتەبازاڕێک بۆ بەرهەمه خۆماڵییەکان واتە ئەو بەرهەمانەی کە کێڵگەکەو بەشێک لەجووتیاران لە سنورەکەدا بەرهەمیان هێناوە.
 كێڵگەی كوردستان  یەكێكە لەكێڵگە گەورەكانی هەڵەبجە كە لە20دۆنم زەوی پێكهاتوە و بە120دۆنم زەوی جوتیاران  دەورەدراوە و 50بەیتی پلاستیكیان هەیە.

حامیداسماعیل خاوەنی کێڵگەی کوردستانه‌ ودەڵێت: ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم هەفتە بازاڕە ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی سنورەکە کە گیرۆدەی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان هەیە،هەروەها دەشڵێت ئێمە ڕاستەوخۆ بەرهەمەکانمان بە یەک دەستە دەگەیەنن بە بەکاربەران یاخود هاوڵاتیان و بەنرخی عەلوە پێیان دەفرۆشین و هیچ زیادەیەک ناخرێتە سەر بەرهەمەکان.

حامید زیاتر بۆ هێلین میدیا دوواو وتی: جگە لەوەی ئەم هەفتە بازاڕە قازانجێکی زۆری هەیە بۆ جووتیاران و بۆ هاوڵاتیان کە بەداهاتیكی کەم بەرهەمێکی زۆر دەست دەخەن، ئێمە توانیویشمانە هەلی کار بۆ  چەندین کەس بڕەخسینین كە 12 لەو کەسانە ئافرەتن و دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستانن.

بەشیكی تری ئەم بەرهەمانەكە جوانیەكی بەهەفتەبازاڕەكە بەخشیوە ئەویش بەرهەمی دەست ڕەنگینی ئافره‌تانه‌ وەك: كەلانه‌، نان، ترشیات، ڕستن وچنین، وچەندین كاری دەستی تر دیكه‌.
 لەهەفتەیەکدا دووڕۆژ دەکرێتەوە هەموو پێنج شەممە و هەینیەک لە کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ تا نۆی شەو بەردەوام دەبێت.

شۆخان جمال، هه‌ڵه‌بجه‌


تێبینی: وێنه‌كه‌ وه‌رگیراوه‌

Designed and developed by AVESTA GROUP