سوودە تەندروستیەکانی هەنجیر

خواردن
06/08/2021

ھەنجیر میوەیەکی خۆشی وەرزی ھاوینە و میوەیەکی پڕ کانزایە، بە تەڕی و بە وشکی دەخورێت ، تام وچێژێکی تایبەتی هەیە. ھەنجیر لە خێزانی تووەکانە ، ئەو میوەیە وەکو میوەکانی دیکە نییە لە ڕووی خواردنەوە، تا بە تەواوی پێنەگات ناخورێت، ھەنجیر بڕێکی زۆر کانزا و پێکھاتە بەسوودەکانی تێدایە بۆ جەستەی مرۆڤ و بەشداری دەکات لە دروستکردنی خرۆکە سوورەکانی خوێندا و کانزای مەگنسێوم بە جەستە دەبەخشێت.

١- سوودێکی زۆری  بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، هەروەها ، کانزا و ڤیتامینەکان و دژە ئۆکسانەکانی تێدایە ، هەنجیر (سۆدیۆم و پۆتاسیۆم و  کانزاکانی مەگنیسیۆم و ڤیتامینەکانی (C ، B3 ، B6 ، B2 ،K  ) تێدایە و سەرچاوەی باشی ڕیشاڵەکانە. ئەم تایبەتمەندیە ڕێگە بە دووبارە دروستکردنەوەی خانەکان دەدات.
٢- کێشەکانی بەرزی پەستانی خوێن کەمدەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی پەستانی خوێنیان هەیە ،کاریگەریەکی باشی هەیەو ڕێژەی کۆلسترۆڵ لە خوێندا هاوسەنگ دەکات.
٣- خواردنی هەنجیر پێش نان خواردن ئیشتیها زیاد دەکات و ئەندامەکانی هەرس پاک دەکاتەوە ،دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گەشەی خانە شێرپەنجەیەکانی مەمک و قۆلۆن و پڕۆستات،
٤-دەوڵەمەندە بە دژە بەکتریا و ڤیتامین و کانزا کە بەهۆیەوە سیستەمی بەرگری بەهێز دەکات.
٥- هەنجیر دەوڵەمەندە بە کالسیۆم و مەگنیسیوم کە دەبێتە هۆی پاڵپشتی و بەهێزکردنی ئێسک .
٦-هەوکردن وسوور بوونەوەی پێست و زیپکە کەم دەکات.

سوودی هەنجیر بۆ ئافره‌تان :
١- بۆ ئەو ئافره‌تانه‌ی کە دووگیانن سوودێکی زۆر بەو کۆرپە دەگەیەنێت کە لە ناو سکی دایکەکەدا هەیەو لە دایک نەبووە بە گەیاندنی هەموو ئەو ڤیتامینە سوودبەخشانەی کە لە هەنجیردا هەیە. هەروەها ڕێگری دەکات لە تێکچوونی ئەو هۆڕمۆنانەی کە لەکاتی دووگیانیدا دەڕێژێن و دەروونی دایکەکە نا هاوسەنگ دەکات. دایکەکە لە قەبزبوون نارێکی هەرس دەپارێزێت کە دایکان لە دووگیانیدا تووشی دەبن.
منداڵ بوون ئاسان دەکات لەکاتی نزیک بوونەوەی هاتنە دنیای کۆرپەلە ،چونکە دەرچەی رەحم فراوان دەکات.
٢- بۆ ئافره‌تان سوودێکی زۆر بە قژ دەگەیەنێت ئەو ماسک و کرێمانەی کە لە هەنجیر دروستکراون دەتوانرێت بۆ درێژ بوون و نەرم بوون و قورس بوونی تاڵەکانی قژ سوودی لێوەر بگێرێت .
٣- بەهۆی بەرزی ڕێژەی ڤیتامین c تێیدا وا دەکات بۆ پێست سوودێکی زۆری لێوەربگیرێت ،بەتایبەتی بە شێوازی کرێم دەتوانرێت بدرێت لە پێستی دەمووچاو بۆ ئەوەی ئافره‌تان گەشاوەتر دەرکەون.
٤- ئافره‌تان دەتوانن بۆ دابەزاندنی کێش سوودی لێوەربگرن ،چونکە هەنجیر وا دەکات کە حەزکردن بە بەکارهێنانی شەکر کەم بکاتەوە و شەکر نەخۆیت.

ڕێژین قاسم محمود

Designed and developed by AVESTA GROUP