دابهزاندنی كێش دوای منداڵبوون
گرفتی سەرەكی ئافرهتان
دوای منداڵ بوون دابەزاندنی ئەو كێشەی لەشیانە كە بەهۆی دووگیانبوونەوە زیادی
كردووە، ئەوەش زۆرجار ئافرهتان تووشی خەمۆكی و دۆخێكی دەروونی ناجێگیر دەكات بەتایبەت
كاتێك لە ئاوێنەدا سەیری جەستەی خۆیان دەكەن.
پسپۆڕانی تەندروستی
دەڵێن، پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات و لەشی ئافرهتان دوای منداڵبوون ماوەیەكی پێویستە
تا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی پێشووی، بۆ ڕزگاربوون لەو كێشە زیادەیەش باشترە دوای
منداڵبوون چەند هەفتەیەك چاوەڕوان بكەن و پاشان هەنگاوەكانی دابەزاندنی كێش دەستپێبكەن،
بە چەند مانگێكی كەمیش لەشیان ئاسایی دەبێتەوە.
دیارترین ئەو ڕێگایانەشی
دەكرێت ئافرهتان دوای منداڵبوون بیگرنەبەر بۆ دابەزینی كێشی لەشیان بێئەوەی زیانی
بۆ خۆیان و منداڵەكەیان هەبێت بریتین لە:
1. شیردانی
سروشتی؛ لەگەڵ سوودە زۆرەكانی بۆ منداڵ هۆكارێكیشە بۆ دابەزاندنی كێشی لەشی دایك،
چونكە لەكاتی ئەو كردارەدا كالۆرییەكی زۆر دەسووتێنێت كە 450 بۆ 500 كالۆرییە.
2. پشتگوێ نەخستنی
ژەمەكان؛ ناكرێت دوای منداڵبوون سیستەمێكی ڕێجیمی قورس پەیڕەو بكرێت و خواردنی ژەمەكان
پشتگوێ بخرێت، بەڵكو باشترە دایك لە هەرسێ ژەمەكەدا نان بخوات، بەڵام خۆراكەكانی تەندروست
و كەم كالۆری بن.
3. پرۆتین؛
خواردنی ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن بە پرۆتین، بە خواردنی بڕێكی كەم لێیان دایكەكە
هەست بە تێری دەكات و جەستەش بۆ هەرسكردنی ئەو پرۆتینە وزەیەكی زۆر دەسووتێنێت ئەوەش
هۆكار دەبێت بۆ دابەزاندنی كێشی لەش.
4. ماددە ڕیشاڵییەكان؛
خۆراكی دەوڵەمەند بە ماددە ڕیشاڵییەكان بە یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی دابەزاندنی
كێش دادەنرێن، چونكە دەبنە هۆی سووتاندنی چەوری لەش بەتایبەت ئەوانەی لە نزیكی گەدە
كەڵەكەبوون، هەروەها یارمەتی ڕیخۆڵەكان دەدات ڕێگرە لە تووشبوون بە نەخۆشی قۆڵۆن،
باشترین ئەو خۆراكانەش كە دەوڵەمەندن بە ماددەی ڕیشاڵی، سەوزەو میوەو دانەوێڵەكانن.
5. ئاوخواردنەوەی
زۆر؛ ڕێگری لە وشكبوونەوەی لەش دەگرێت ئەوەش یارمەتی دابەزاندنی كێشی لەش دەدات، بۆیە
پێویستە ڕۆژانە زیاتر لە هەشت پەرداخ ئاو بخورێتەوە.
6. وەرزش كردن؛
گرنگترین ڕێگای دابەزاندنی كێشی دوای منداڵبوونە، بەتایبەت ئەگەر بەشێوەیەكی ڕۆژانە
ئەنجام بدرێت و لەگەڵیدا گرنگی بە خواردنی خۆراكی تەندروست بدرێت.
7. باشترین ڕاهێنانەكان
بۆ دایك لە سەرەتادا ڕۆیشتنی ماوە كورتە بەپێ، دوای چاكبوونەوەی تەواوەتیش ئەنجامدانی
ڕاهێنانەكانی حەوزو ئایرۆبیك و كیجڵ.
نیگار نهجات