سودی مه‌له‌كردن بۆ ئافره‌تان

وەرزش
08/11/2021


 مەلەکردن یەکێکە لە بەسودترین جۆرەکانی وەرزش بۆ جەستە، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا کەمتر گرنگی پێ دەدرێت بە تایبەتی ئافرەتان. لە ساڵانی رابردوو ڕێژەیەکی کەم سەردانی مەلەوانگەکانیان دەکردو ھەندێک  ئەوانەشی ئارەزوویان دەکرد گەنج بوون ، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لە ھەموو تەمەنەکان دەچن بۆ مەلەکردن رێژەی بەتەمەنیش زیادیکردوە، چونکە کێشەی فەقەرات و پشتیان ھەیە و پزیشک بەمەبەستی چارەسەری سروشتی دەیان نێرێت بۆ مەلەوانی ،لە هەر تەمەنێکدا بێت زیانی نابێت بەڵکو بە پێچەوانەوە چەندین سودی تەندروستی دەبێت.
یەکێک لە سودەکانی مەلەکردن ماسولکەکانی لەش چالاک دەکات بەهۆی ئەوەی لە کاتی مەلەکردن هەموو ماسولکەکانی جەستە دەجوڵێن، ئەمەش وادەکات لە یاری ئاسن بەسودتر بێت بۆماسولکەی جەستە.
ھەروەھا لە کاتی مەلەکردن کێشی جەستە کەم دەکات و پەستان لەسەر ئێسک و ماسولکەکان کەم دەکاتەوە، ئەمەش بەسودە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی هەوکردنی بڕبڕەکانیان هەیە، کەسانی توشبوو بە نەخۆشی ڕۆماتیزم دەتوانن زۆر سودمەند بن لە کاریگەری پۆزەتیفی مەلە کردن، چونکە تەوژمی ئاوەکە ماسولکە گرژەکان خاودەکاتەوە و دەیان حەوێنێتەوە، ئەمەش وادەکات ئازاری ماسولکە و جومگە و دەمارەکان بە ڕێژەی ٨٠٪‏ نەمێنێت ،بۆ ئافرەتان مەلەکردن زۆر باشە و یارمەتی ڕێککردنەوەی سوری مانگانەیان دەدات، هەروەها پارێزگاری دەکات لە توشبون بە نەخۆشیەکانی شەکره‌ و کەمکردنەوەی ڕێژەی چەوری و پەستانی خوێن، بەڵام دەبێت وریا بیت لەوەی نابێت بەگەدەی زۆر پڕ یان بەگەدەی بەتاڵ ئەنجامی بدەین.
وە ئه‌گه‌ر ده‌گەرێیت بە دوای وەرزشێکدا کە تا رادەیەکی باش هەست بە ئارامی باری دەرونی بکەیت، یاخود هەست بە ئازار نەکەی لەدوای ماوەیەک لە تەواوبونی ئەو وەرزشە، ئەوا مەلەکردن هەلبژێرە کە سودێکی زۆری هەیە.


دنیا جه‌بار


Designed and developed by AVESTA GROUP